سەربەست بامەڕنی
لەگەڵ كۆتایی هاتنی یەكەم جەنگی جیهان و، لە ئاكامی رێكەوتنی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا، چەندین وڵاتی تازە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بوون، لەوانە سووریا، لوبنان، عێراق، ئەردەن و چەند میرنشینێك، گەلی كوردستانیش، تاكە گەل بوو كە بێبەشكرا، چێژ لە ئازادی و وڵاتی سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت.
لەبەر ئەوە نا، كە ئامادە نەبوو، یان نەیدەتوانی وڵاتی خۆی بەڕێوە ببات، چونكە هەندێ وڵات لە هیچەوە قووت كرانەوە، كە هەر بوونیشیان نەبوو، بەڵكو بۆ ئەوەی هەر وەكو مۆڵگەیەك بۆ دڵەڕاوكێ و ململانێی هەمیشەیی، لەنێوان گەلی كوردی خەباتكەر لە پێناوی ئازادییەكەی و ئەو رژێمانە، كە كوردستانیان داگیر كردووە (ئێران، توركیا، عێراق و سورویا) بمینێتەوە، ئەوانەی هەرچەندە ململانێ و ناكۆكی توند لە نێوانیاندا هەبوو، بەڵام یەكگرتوو و هاریكاری یەكتر بوون، بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە سەركوتكردنێكی خوێناوی و جۆرەكانی چەوساندنەوەی نا مرۆیی، بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كوردستان و كپكردنی دەنگەكەی، كە داوای ئازادی و كۆتایی هێنان بەو ستەمە مێژووییەی دەكرد، ئەوەی لە ئاكامی رێكەوتنی بەریتانیا و فەرەنسای ناسراو بە رێكەوتنی سایكس-پیكۆ بەری كەوت، ئەو رێكەوتنەی جاران و ئێستاش، هۆكاری سەرەكیی هەموو ئەو شتانەیە، كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە، لە جۆرەكانی سەركوتكردن، چەوساندنەوە، تەفرەدان و بێبەشكردن لە مافەكانی مرۆیی و دیموكراتیدا.
نزیكەی یەك سەدەیە، توركیا (تاكو ئێستاش) بە شێوەیەكی دڕاندانە، هەموو بزوتنەوەیەكی نیشتمانی كوردستانی سەركوت دەكات، هەتا ئەوانەی یاسایی و ساغڵەمیشن، تەنیا بە بەرەنگاربوونەوەی كورد لە نێو توركیاش ناوەستێت، بەڵكو لە هەر شوێنێك كورد هەبێت، ئەمە دەكات، ئەوەش چەندین جار لەسەر زاری بەرپرسانی توركیا، جەختی لێ كراوەتەوە، دەستوەردانی ئێستاشیان لە سووریا و داگیركردنی عەفرینی شەهید، تەنیا بەشێكە لە جەنگی بەردەوامیان، لە دژی خواستە مرۆیی و رەواكانی گەلی كوردستان.
نزیكەی یەك سەدەیە، دەوڵەتی ئێران، هێرشی بەربڵاو دەكاتە سەر بوونی كوردستان و، كاریش بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی هەرێمایەتی، بۆ بنبڕكردنی بزوتنەوەی نیشتمانی كوردستانی دەكات، هەر لە رێكەوتنی سەعد ئابادەوە لە ساڵی 1939، بە رەتبوون بە هاوپەیمانیەتی بەغدا و بەشداریكردن لە نسكۆ پێهێنان بە شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975، تاكو دەگاتە ئەوەی ئەمڕۆكە ئەنجامی دەدات، لە سێدارەدانی بەردەوامی گەنجانی كورد، هیچ مانگێك یان هەفتەیەك نییە، كۆمەڵێك چالاكی كورد لە سێدارە نەدات (تەنیا لە مانگی ئەیلولدا، 8 كوردی لە سێدارە داوە).
نزیكەی یەك سەدەیە، وڵاتانی سووریا و عێراقی عەرەبی، چەپەڵترین جۆرەكان چەوساندنەوەی نەتەوەیی، گۆڕینی دیمۆگرافی دانیشتووان (كەركوك و پشتێنی عەرەبی بە نموونە)، قڕكردنی بە كۆمەڵ و تادوایی، لەدژی گەلی كورد ئەنجام دەدەن. ئەگەر عێراق دوای كەوتنی رژێمی دیكتاتۆری، دانی بە هەندێك مافەكانی كوردستان نابێت، كەچی ئەوە رێگەی لێنەگرت، لە 16 ئۆكتۆبەری 2017دا، هێرشێكی سەربازیی بكاتە سەری و %51 خاكی كوردستان داگیر بكاتەوە، بە خوێنێكی ساردیش قەسابخانەكەی خورماتو ئەنجام بدات، لە سووریای ئەمڕۆشدا، هەرچەندە تووشی دەردەسەری زۆر هات و ئەو مەینەتییەی پێیدا تێپەڕ دەبێت، كەچی هێشتا رژێم، دان بە بوونی كوردستانی نانێت، هەرچەندە كورد لە پێناوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری جیهانی و پاراستنی گەلی سووریا، لە ناوچەكانی ژێر دەستیان، قوربانی زۆریان دا.
نزیكەی یەك سەدەیە، گەلی كوردستان، نرخی رێكەوتنی بەریتانیا فەرەنسا، لە كێشانی ئەو نەخشە گڵاوە دەدەن، كە جاران و ئێستاش، بناغەی بێبەشكردنی گەلی كوردستانە، لە مافە مرۆیی و رەواكانی و بەردەوامیش دووچاری پێشێلكردنی تاوانكارانەی بێ شوومار دەبێتەوە، زێدەباری ئەو زیانە زۆرانەی بەر گەلانی ناوچەكە كەوتووە، لەو جەنگانەی لەدژی كورد بەرپایان كردووە و زۆریش لە سەریان وەستاوە، بێئەوەی هیچ سوودێك لەو جەنگانە ببینن، كاریگەری بەرچاویشی بەسەرگەشەكردنی وڵاتەكانیاندا هەبووە.
كاتی ئەوە هاتووە، لەندەن و پاریس، دامەزرێنەری دیموكراتییە تازەكان، بزوتنەوەكانی داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ و كەڕامەتەكەی، چاو بەو تاوانە مێژووییە لەدژی گەلی كوردستان (رێكەوتنی سایكس-پیكۆ، پەیماننامەی لۆزان. تا دوایی) بخشێننەوە، كە هەزارەها قوربانی سڤیل و چەندین ئاكامی جەرگبڕ و كارەستباریان لێكەوتووەتەوە، دەستپێشخەری داوای لێبووردن لە گەلی كوردستان بكەن و كاریش بۆ گێڕانەوە مافە زەوتكراوەكانی بكەن، چ لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، چونكە قەت ئاشتی راستەقینە لە ناوچەكە بەرپا نابێت، گەلانی ناوچەكە پێش ناكەون و ئایندەیەكی گەشیشیان نابێت، تاكو گەلی كوردستان لە مافە مرۆیی و رەواكانی بێبەش بێت. كاتی ئەوە هاتووە، سنوورێك بۆ ئەو تاوان و خوێن بەربوونی بەردەوامە دابندرێت، كە بووەتە برینێكی قووڵ لە ویژدان و ناخی مرۆڤایەتی و پەڵەی شەرمەزاریی، بەسەر تەوێڵی هەموو ئەوانەی، ئەو كارەساتەیان دروست كردووە.
و: رەمزی میرەكانی










