شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە قۆناغی دوای كەوتنی سەددام حوسێندا، زۆرترین كێشەیان هەبووە و لەبری هەوڵدانیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بە پێچەوانەوە بەردەوام كار لەسەر تێكدانی رەوشی ئیداری و سیاسی كراوە، بە دیاریكراویش ئەوەی پەیوەندی بە كوردەوە هەبووە، گەیشتووەتە ئاستی دژایەتی و تەنانەت هێرشی سەربازیش بۆ سەر كوردستان.
كورد كێشەی لەگەڵ عەقڵییەتی فاشیستییانەی بەغدا هەیە نەك نەتەوەی عەرەب، ئەو عەقڵییەتەی بەغدای بەڕێوەبردووە، پەلی بۆ زۆر بوار و كایەی دیكەش هاویشتووە و سەرئەنجامیش هەموویان لە دژایەتیكردنی كورددا چڕبوونەتەوە، بە تایبەتی لە قۆناغی نووری مالیكی و حەیدەر عەبادیدا، تەنانەت نانی خەڵكی كوردستانیش بڕدرا و دواتریش هێرشكرایە سەر هەرێمی كوردستان.
مۆدێلی حوكمڕانێتیی عادل عەبدولمەهدی نەختێك لە مۆدیلەكانی پێشخۆی جیاوازترە، ئەوەش خەڵكی عێراق و كوردستانیشی دڵخۆشكرد بەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێن و گەلانی عێراقیش بە ئارامی بژین، چونكە ئەو پیاوە هەوڵیداوە سوود لە ئەزموونی پیاوە شكستخواردووەكانی پێشخۆی وەربگرێت و لە كێشە و ململانێ سیاسی و مەزهەبییەكان دووربكەوێتەوە، كە حكوومەتەكانی پێشتریان بە پەند برد، بەڵام لێرەدا عادل عەبدولمەهدی رووبەڕووی گرووپێك بووەتەوە دەیانەوێت عێراق هەمیشە لەناو فەوزادا بژی و كوردستانیش بخەنە ناو ئەو فەوزایەوە كە لە دوای هاتنی عەبدولمەهدییەوە لێكتێگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستبووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.
پێشبینی دەكرێت خۆپیشاندان لە بەغدا و ناوچەكانی تر درێژە بكێشێت و ئامانجیش ئەوەیە ئەو مۆدێلەی عادل عەبدولمەهدی فەشەل پێبهێنن، ئەمەش بەو مانایە نییە تا بڵێین ئەو پیاوەش لە پەیوەست بە كورددا هەموو شتێكی كردووە، بە پێچەوانەوە زۆر كێشە هەن، هێشتا چارەسەری نەكردوون و دەیتوانی بە ئاسانی چارەسەریان بكات، بەڵام ئیدی بەهۆی گوشاری ئەو عەقڵییەتەی بەغدایە یان هەر هۆكارێكی تر، هێشتا ماونەتەوە و زیانی زۆریشیان لە ئابووری و پێگەی كوردستان داوە، بە تایبەتی پرسی كەركووك و بودجە و بە عەرەبكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە عەبدولمەهدی دەیتوانی بڕیاری پۆزەتیڤیان لە بەرژەوەندی كورد لەبارەوە بدات، وێڕای ئەم سەرنجانە و دەیانی دیكەش، بەڵام عەبدولمەهدی جیاوازترە لەوانەی پێشخۆی، لەسەر ئاستی عێراقیش ویتسووێتی خۆی لە ململانێ بەدوور بگرێت، لەبەر ئەوەی زۆرباش دەزانێت ململانێ حكوومەتەكەی دادەڕووخێنن، هەر ئەمەشە وایكردووە لایەنە سیاسییەكانی بەغدا پشێوی بۆ دروستبكەن بە جۆرێك چ لەسەر ئاستی بەغدا و هەرێمی كوردستانیش. بە گشتی ئەو پشێوی و ئاڵۆزییانەی ئێستای بەغدا، رێك بۆ ئەوەیە عەبدولمەهدی دووچاری كێشە و ململانێ بكەن و ئەگەر زیرەكانە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئاڵۆزی و كێشەكاندا نەكات، رووبەڕووی شەڕی ئەو گرووپانە دەبێتەوە كە لە حوكمڕانێتی بەغدا فەشەلیان هێناوە.









