
خەبات: هەولێر
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری بۆ منداڵان، دكتۆر عەبدولسەبور ئەحمەد دەڵێت: پێشنیازی دوورستكردنی دوو نەخۆشخانەی دیكەی منداڵان دەكەین، چونكە بەپێی رێژەی دانیشتووان یەك نەخۆشخانە كەمە، لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەری نەخۆشی منداڵ زۆر هەستیارە و دەبێت ئاگاداربین.
لە شاری هەولێر یەك نەخۆشخانەی منداڵان هەیە و بەڕێوەبەری ئەو نەخۆشخانەیەش رایدەگەیەنێت كە بەپێی رێژەی دانیشتووان، شاری هەولێر پێویستی بە دوو نەخۆشخانەی دیكە هەیە بۆ ئەوەی فشار لەسەر نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری بۆ منداڵان كەم بێتەوە و ئاماژە بەوەش دەكات، كە رۆژانە هەزار بۆ هەزار و 500 كەس سەردانی بەشی راوێژكارییەكان دەكەن و لە هەمانكاتدا رۆژانە 100 بۆ 200 منداڵ لەم نەخۆشخانەیە دەخەوێندرێن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری بۆ منداڵان، دكتۆر عەبدولسەبور ئەحمەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: دوای ئەوەی هەر سێ بەشی نازوڕ، رژێن و چاودێری چڕ كە سێ بەشی هەرە گرنگن لە نەخۆشخانەكەمان كرایەوە، لەمەودوا پێویست ناكات بۆ پشكنین منداڵان بنێردرێنە دەرەوەی وڵات و ئێستا پشكنینەكان لە نەخۆشخانە دەكرێن، چونكە تا ئێشتا بەشی نازوڕ تەنها بۆ گەوران هەبوو، ئیستا بۆ منداڵانیش كراوەتەوە و پێویست ناكات منداڵان بچنە دەرەوەی هەرێم، هەروەها بەشی رژێن كە ئامێری پێشكەوتوومان بۆ هاتووە و دەتوانین زیاتر چاودێری منداڵەكە بكەین و لە مردن رزگاریان بكەین و ئەمەش شتێكی گرنگ بوو، رێژەی مردنیش كەمتر دەبێتەوە بە بوونی ئەم ئامێرانە، بەشی چاودێری چڕیش كە لە هەموو هەولێر لە نەخۆشخانەی حكوومی بوونیی نییە و لە نەخۆشخانە تایبەتەكان بۆ یەك شەو بڕی یەك ملیۆن دینار وەردەگیرێت و لەمەودوا لێرە بەخۆڕایی نەخۆش وەردەگرین و تەنها چاوەڕێی ئەوەین كە كارمەندەكانمان خولی تەواو ببینین و لە مانگی داهاتوودا دەستبەكار دەبن.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو نەخۆشانەی رۆژانە سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەكەن، دكتۆر عەبدولسەبور ئەحمەد گوتی: نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری بۆ منداڵان، زۆربەی بەشەكانی منداڵانی تێدایە وەك فریاكەوتن، راوێژكاری، منداڵە ناكامەكان، نەشتەرگەری منداڵان، تاقیگە، بەشی تیشك و سۆنارمان هەیە و رۆژانە راوێژكاریمان دەگاتە هەزار تا هەزارو 500 كەس و دخولمان دەگاتە 100 تا 200 كەس كە رۆژانە داخل دەبن و ئەو نەخۆشانە تەنها لە شاری هەولێر نییە، بەڵكو بەشێكی زۆریش لە ئاوارە و پەنابەرەكان سەردانمان دەكەن.
لەبارەی گیروگرفتەكانیش لەبەردەم كەرتی تەندروستی، دكتۆر عەبدولسەبور ئەحمەد گوتی: بە شێوەیەكی گشتی گیروگرفتەكان كەمی دەرمان و كەمی ستافە، چونكە وەكو ستاندارد، دەبێت هەر سێ نەخۆش، پەرستارێكی هەبێت، بەڵام ئێمە بۆ 35 نەخۆش یەك پەرستارمان هەیە و ئەمەش وا دەكات خەڵك گلەیی بكات و لە بەشی راوێژكاری هەر نەخۆشێك دوو خولەكی بەردەكەوێت كە دكتۆر سەیری دەكات لە كاتێكدا هەر نەخۆشێك پێویستی بە زیاتر لە نیو كاتژمێر هەیە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری بۆ منداڵان دكتۆر گوتیشی: لە تاقیگەكان لەسەر ئامێرەكە دەنووسرێت نابێت لە رۆژێكدا 100 پشكنینی زیاتر پێ ئەنجام بدرێت، بەڵام زیاتر لە هەزار پشكنینی پێ ئەنجام دەدرێت و ئەمەش وا دەكات ئەنجامەكە هەڵە بخوێنێتەوە و لە راستیدا ستافەكانمان لۆدێكی زۆریان لەسەرە.
لەبارەی چارەسەری كێشە و گرفتەكانی بەردەم كەرتی تەندروستی و بەتایبەت نەخۆشخانەی راپەڕینی فێركاری بۆ منداڵان، دكتۆر عەبدولسەبوور ئەحمەد گوتی: پێشنیازی دوورستكردنی دوو نەخۆشخانەی دیكەی منداڵان دەكەین، چونكە بەپێی رێژەی دانیشتووان یەك نەخۆشخانە كەمە، لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەری نەخۆشی منداڵ زۆر هەستیارە و دەبێت ئاگاداربین، ئامێرێكمان بۆ هاتووە قیاسی دڵۆپەكان دەكات لە پێدانی بە نەخۆش و ئەمەش بە هەنگاوێكی گرنگ دادەنێین و وا دەكات كە بتوانین خزمەتی زیاتر نەخۆش بكەین.
ناوبراو گوتیشی: زۆربەی نەخۆشەكان متمانەیان بە بنكە تەندروستییەكان نییە و رەوانەی لای ئێمەی دەكەن و ئەمەش كێشەیەكی دیكەیە، پێویستە لە بنكە تەندروستییەكان، پسپۆڕیی لە هەموو بەشەكان هەبێت بۆ ئەوەی نەخۆش پێویستیی بەوە نەبێت رەوانەی نەخۆشخانەی دیكەی بكەن.








