كاروان كەریمخان
دوای سوك بوونی قەیرانە سیاسی و ئابوریەكانی باشوری كوردستان لە كەلێنی بڕیارەكانی چاكسازی، لە ناو كابینەی نۆیەمی خەڵكمەداردا بە مەبەستی باشتر ڕاپەڕاندنی كاروباری هاونیشتیمانیان كار و ئەركەكانی كارمەند ڕێك دەخرێنەوە و دیاری دەكرێن. هەندێك لەو ئەركانە بریتین لە ڕێكحستنەوەی كاتەكانی دەوام بە ڕێك و پێكی، لە جیاتی یەكتر دەوام نەكردن و نەچونە پرسە و بۆنە كۆمەلایەتیەكان لە كاتی دەوامی ئاسایی، كە بە ڕاستی شتێكی زۆر لە جێ و بە جێیە.
ئەم بڕیارانە ئەگەرچی بە ڕواڵەت سادەن بەڵام كاریگەری زۆریان لە سەر بە فیڕۆ نەچوونی كات، پارە، هەراسان نەبوونی هاوڵاتیان، ڕێز گرتن لە مرۆڤ، پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و حكومەت و كەم كردنەوەی گەندەڵی هەیە. لە بەر گرینگی ئەم هەمو كاریگەرییە ئەرێنیە پێویستە ئەركی كارمەندان زیاتریش بكرێت. بەو چاویلكەوە ئەگەر سەیر بكرێت و بمانەوێ فەرهەنگی كار كردن و سود وەرگرتن لە كات و وزە پتەو بكەین پێویستە كاتژمێری هاوینە و زستانە بۆ دەوامی ئاسایی دابنرێت، ڕۆژانی پشوو زۆر كەمتر بكرێنەوە و تەنانەت ڕۆژی شەمەش دەوامی ئاسایی حكومەت هەبێت و هەروەها كۆبونەوەكانی ئیداریش بكرێنە دوای نیوەڕۆ. هەروەها پێویستە یاسای دامەزراندن بە شێوەیەكی زۆر زانستی و بە پێی پێویستی ڕێك بخرێتەوە. بۆ وێنە كارمەندی نوێ ماوەیەك لە ژێر تێست و تاقی كردنەوەدابێ، واتا هیچ كەسێك یەكسەر دانەمەزرێ تاكو تاقی دەكرێتەوە و ئەرك و مافی یاسایی خۆی باشتر دەناسێت و چاكتر لە كار ڕابێت. واتا لە سەرەتادا دامەزرانی هەر كارمەندێك بە شێوەی كاتی و بەڵێنیی بێت تاكو خۆی دەسەلمێنێ و دەهەزمونرێ، دواتر ببێتە كارمەندی فەرمی. هەروەها پێویستە مەنشوری ڕەفتاری كارمەندان لە گەڵ هاوڵاتیان بنوسرێ و هاوڵاتی مافەكانی خۆی لە ڕاپەڕاندنی كار باشتر بناسێت و بتوانێ سكاڵا لە سەر شێوازی ڕەفتاری كارمەند تۆمار بكات. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ئەو هاوڵاتیانە خەڵات بكرێن كە هەواڵی پۆخڵەواتی بەرپرس و كارمەندان بە دەزگای چاودێری یەخەسپیان ڕادەگەیێنێ. بێ گومان ئەم چاكسازیە فەرهەنگی كار لە وڵات دێنێتە بار و وردە وردە كارمەندی باڕ و نالەبار لە بارتر دەبن و باری خزمەت باشتر بار دەكەن. لەم قۆناغەدا ئەوەی لە هەمو شت گرینگترە ئەوەیە كە بە مەبەستی دروست كردنی هەستی دەوڵەت- نەتەوە فەرهەنگی پێشمەرگایەتی فێری كارمەندان بكرێت. بە واتایەكی دیكە پێشمەرگایەتی شار بە نەفەسی شاخ دوبارە پێناسە بكرێتەوە و شێوازی پێشمەرگایەتی شار فێری كارمەندان بكرێت تاكو كار كردنی دروست ببێتە شتێكی خۆشەویست و پیرۆز. لە خوارترین ئاستی فەرمانگە و قوتابخانەكاندا زۆربەی پۆستەكان بە هەڵبژاردن بكرێت تاكو وردە وردە فەرهەنگی هەڵبژاردن بە شێوەیەكی خاوێن و تەندروست جێ بكەوێ و بگەینە ئاستی شیاوناسی. یەكێك لە هەنگاوەكانی چاكسازی كار كردنە بۆ شێوازی كاری بەرێوەبەریی لە داهاتوودا، بەڵام بەشێكی چاكسازی دەگەڕێتەوە بۆ كێشەكانی هەنوكەیی فەرمانگەكان. بۆیە پێویستە كابینەی نوێ گرفتەكانی ئێستایی فەرمانگە و كارمەندەكان تاووتوێ بكات، بە شێوەیەك كە ڕەچاوی كۆمەڵایەتی تێدا بێت بیر لە چارەسەریەكی مەعقول بكاتەوە؛ بۆ كاری داهاتوش بە دیدگای زانستی بەڕێوەبردن، یاسای لەبار، سود وەرگرتن لە وڵاتانی پێشكەوتوی هاوشێوەی ئێمە و ئەزمونی دەوڵەتی ئەلیكتیرۆنیك كار بكات. هەروەها پێویستە جەبری حكومەت بۆ دەوام كردن بە لێزانی و بە میكانیزمی باش و زانستیانە ئەنجام بدرێت و هەمو ڕەهەندەكان لە بەر چاو بگیرێت. بۆ وێنە ناكرێ دەوامی پڕ بە مامۆستای زانكۆ بكرێ و لە ژورێكدا دە زانا ڕاگیر بكرێن و لەبەر دەوامی زۆر و بێ بەرهەم لە كاری زانستی دوور بخرێنەوە؛ بەڵكو دەبێ مامۆستای زانكۆ كاری زانستی ڕاستەقینەی لێبكێشرێ بۆ ئەوەی وڵات بەرەو پێشەوە بچێ. ئەم نمەنەیە بۆ ئەوەیە كە لە هەر سێكتەرێكدا بە پێی پێویستی و بە ئامانجی پێشكەوتن میكانیزمی دەوام كردن دابڕێژینەوە.
وەك گوترا حكومەت بە هێزی كار و كارمەندانی لە بەرانبەر هاوڵاتیاندا بەرپرسیارە و دەبێ باشتر ئەركەكانی خۆی بناسێ. لە بەرانبەردا بەو پێیەی كە كارمەندیش خۆی هاوڵاتیە و مافی زۆری هەن پێویستە مافەكانی كارمەند زیاتر لە بەر چاو بگیرێ. بێ گومان لە بەر چاو گرتنی ماف و ئیمتیازی كارمەندان خزمەت كردن بە هاوڵاتیانیش باشتر و خێراتر بەرەو پێش دەبات. بۆیە پێویستە حكومەتی كوردستان بە پێی توانای ئابوری و بودجەیی خۆی مافی زیاتر بداتە كارمەندان و مەزایا و ڕەفاهیەتی زیاتر بۆ كارمەند بسازێنێ. لە ڕاستیدا ئەو كەسەی دەبێتە كارمەندی حكومەت بێ گومان هەستیارترین كاتی تەمەن و بەسودترین دەمی ژیانی خۆی لە چواردیوارەی فەرمانگەدا بە سەر دەبات و ناتوانێ كات بۆ كاری دیكە دابنێ و ڕەنگە زۆر ئارەزوی خۆی لە پێناو كارمەندیدا بنخۆڵ بكات. بۆیە پێویستە حكومەت زیاتر گرینگیان پێبدات و بێ نیازیان بكات. لە گەڵ ئەوەی كە ئەركەكانی كارمەند دیاری كراون بەڵام پێشكەوتنی كاری هاوڵاتیان و كاری دەوڵەتیی هەندێك مافی تایبەتی بۆ كارمەندان گەرەكە. واتا كارمەند لە بەرانبەری ئەو خزمەتەی كە پێشكەشی دەكات و ئەو تەمەنەی بۆ خزمەت كردن دایدەنێ پێویستە كۆمەڵە ئیمتیاز و مافێكی تایبەتی هەبێت. ئەم مافانە هەندێكیان مافی مادین و هەندێكیشیان مافی مەعنەوین. پێویستە ئەم مافانە بە یاسا و زانستی بەڕێوەبردن ڕێك بخرێن. لێرەدا ئەو ئاماژەیەش ڕەنگە خراب نەبێ كە پێویستە پەرلەمانتاران بەدوای ئەم پرسانە بچن و لە پەرلەمان بە زمانێكی زانستی بە هاوكاری زانكۆكان كاری لە سەر بكەن. لێرەدا هەندێ پێشنیار ڕەنگە بۆ داهاتوی كارمەندان و بەڕێوەبردنی كارەكان بۆ حكومەتی كوردستان بە سود بێت. پێویستە هەر یەك لەم پێشنیارانە لە لایەن شارەزایانی بواری بەڕێوەبردن بە وردی كاری لە سەر بكرێت.
مافەكانی مەعنەوی
بەو پێەی كە زۆرێك لە یاسا ڕەق و چەوتەكان كێشەیان بۆ كارمەندان دروست كردوە لە سەر بنەمای ئازادی و مافی مرۆڤ و گەشەسەندن پێداچونەوەیان بۆ بكرێت. واتا بە مەبەستی ئارامش و ئاسایشی دەرونی كارمەندان پێویستە یاسای خاوێن بۆ پاراستنی كارمەندان دابڕێژرێتەوە. پارێزبەندی تایبەت بۆ كارمەند دابنرێت تاكو كەسایەتی و كەرامەتی كارمەند هەمیشە پارێزراو بێت. هێزە ئەمنیەكان بە چاوی ڕێزەوە سەیری ناسنامە و كارتی كارمەندان بكەن و بەڕێزەوە لە گەڵ كارمەندان مامەڵەی یاسایی بكەن. كاری فەرهەنگی بكرێت تاكو خەڵك بە چاوی ڕێزەوە سەیری كارمەند و مامۆستا بكات. بە مەبەستی بەرز كردنەوەی ئاستی زانست و فەرهەنگ ئاسانكاری بۆ خوێندنی كارمەندان بكرێت و پارەی خوێندنی كارمەندان و منداڵانی كارمەند لە لایەن حكومەت دابین بكرێت. هەلی خوێندنی شەوان و ئێواران و خوێندنی ئاكادیمی بۆ كارمەندان بڕەخسێ بۆ ئەوەی ئاستی كارمەند بچێتە سەر و كارمەندەكەش بتوانێ ئارەزوی پێشكەوتن و ئەنگیزەی كار لە ناو دەروونی خۆی دروست بكات، نەك خوێندن لە كارمەند ببێتە تابۆ و ڕەقەیاسا ڕێگر بێت لە خوێندن و بەرز بوونەوەی بڕوانامە و ئاستی كارمەند. سەفەری ناوخۆیی و دەرەكی بۆ كارمەندان و خانەوادەكەیان ساز بكرێت و كارگەی فێركاری بەڕێوەبەری بۆ كارمەندان فەراهەم بكرێت. بە ئامانجی پێشكەوتنی كاری بەڕێوەبردن پێویستە دەیان ماف و ئیمتیازی مەعنەوی دیكە بە شێوەیەكی زانستی بۆ كارمەندان لە بەر چاو بگیرێت.
مافەكانی ماددی
بە مەبەستی بەشدانی كارمەندان و مامۆستایان پێویستە حكومەتی كوردستان بە هەر ڕێگایەك كار بكات بۆ ئەوەی كارمەندان بێ نەواز نەبن بەڵكو بێ نیاز بن. بێ نیازی كارمەندان حەزی خزمەت كردن زۆرتر دەكات و پێشبڕكێی باشتر بوون لە نێوان كارمەندان دروست دەكات و بەم شێوەیە تەور لە ڕیشەكانی گەندەڵیش دەدرێت. بۆیە پێویستە حكومەت هەندێ كار بكات بۆ ئەوەی تێچوی ژیانی كارمەندان بە جۆرێك نەبێت كە سەری مانگ هیچی بۆ نەمێنێتەوە یان نەتوانی جگە لە نیازە سەرەكیەكان كاڵای لۆكس بكڕێت. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بە یاسای تایبەت بە مافی كارمەندانی میری ئەم پرسانە چارەسەر بكرێن. مافە مادیەكان دابەشی دو جۆری مافی مادی ڕاستەوخۆ و مافی ناڕاستەوخۆی مادی دەكرێن. مافە ڕاستەوخۆكان مووچە و مزەی مانگانە و پارەی كاتی خانەنشینی و یارمەتی لاوەكین. هەندێ مافی دیكەی مادی ناڕاستەوخۆ دەبنە هۆی یارمەتی مادی بۆ كارمەند. بۆ وێنە پێویستە بیمەی تایبەت بە كارمەندان و مامۆستایان دابنرێ؛ واتا كارمەندان جگە لە بیمەی گشتی هاوڵاتیێتی بیمەی تایبەتی كارمەندیشیان هەبێت و خانەوادەی كارمەند بتوانێ سود لە بیمەی كارمەند وەرگرێت. بیمەی كارەسات، بیمەی نەخۆشی، بیمەی سەفەر و .. بۆ كارمەند دروست بكرێت. كەرتی تایبەت بیمەی تایبەت بە كارمەندانی كەرتی تایبەت دابین بكات. لە شارە گەورەكان خانەی مانەوەی كارمەندان و هۆتێلی دەوڵەتیی تایبەت بە كارمەندان، خواردنگەی تایبەت بە كارمەندان بە نرخی كەم دابین بكرێت. حكومەت بە هاوكاری هەندێ ماركێت و كۆمپانیا داشكاندنی تایبەت بە كارمەندان لە بەر چاو بگرێت. واتا كارمەند بتوانێ لە شوێنی تایبەت پێداویستی سەرەتایی و سەرەكی خۆی بە نرخێكی كەمتر لە بازاڕی ڕەش بكڕێت. جگە لەمە قەرزی بچوك و قەرزی گەورە بدرێتە كارمەندان و قەرزی خانو و هاوسەرگیری بدرێتە كارمەند و خانەوادەی كارمەندان.
كارمەندانی شوێنە دورەكان، ئەو شوێنانەی ئاو و هەوایان نالەبارە، زیاتر گرینگیان پێ بدرێت و مزەی زیاتریان پێ بدرێت. گرینگی بە هاتو و چۆی كارمەندان بدرێت و هەوڵ بدرێت نرخی هاتو چۆ بۆ كارمەندان كەمتر بێت. كارمەندانی خاوەن شەهید و پێشمەرگە و پەككەوتەكان ئیمتیازی مادی تایبەتتریان پێ بدرێت. ئەو كارمەندانەی كە سەروكاریان لە گەڵ مەوادی كیمیایی و ژەهراوی وەك نەفت هەیە ئیمتیاز و پارەی زیاتریان پێ بدرێت. كارمەندێك كە خاوەن منداڵە یان خاوەن كەسی پەككەوتەیە پارە و یارمەتی زیاتری پێبدرێت. ئەو خانەوادانەی تەنها یەك كارمەندیان هەیە زیاتر هاوكارییان بكرێت. ئەم مافانە لە كاتی خانەنشینیش ڕەچاو بكرێن. یارمەتی سەفەر، یارمەتی كاری زیادە، یارمەتی داهێنان، یارمەتی كاری مەترسیدار، یارمەتی وانە گوتنەوە، یارمەتی توێژینەوە، یارمەتی بۆ ئەوانەی پێشنیار و ئیدەی باش دەنوسن، بدرێت. یارمەتی ئەو كارمەندانە بدرێت كە دەستی هونەر و وەرزشیان هەیە و زمانی زیاتر دەزانن و دەتوانن لە كاتی زیادەدا خزمەتی وڵات بكەن. كارمەندی كاردروست پلەی بەرز بكرێتە و كاری قورستری پێ بسپێردرێت بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە حكومەتێكی شایستەسالار. ئەو مافانە كارمەندانی كەرتی تایبەتیش بگرێتەو؛ واتا حكومەت چاودێر بێت لە سەر مافی كارمەندانی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و سەپاوەیەك بۆ كەرتی تایبەت دابنێت تاكو ئەم مافانە بداتە كارمەندانی خۆی. هەر یەك لەم مافانە دەبێ بە ورد بوونەوە و دواجار بە یاسا بە پێی كات و بودجەی ساڵانە بە بەرنامەی زانستی و ستراتیژی ژیرانە لە لایەن پسپۆڕان ڕێك بخرێت. جگە لەوەی كە حكومەتی كوردستان بۆ بەرەو پێش چوونی كاری بەڕێوەبردن دەبێ بیر لە شێوازی بروكراسی و فەرهەنگی كار و دابین كردنی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و كارمەندان بكاتەوە، پێویستە لە كاناڵی حكومەتداری و بەڕێوەبردن شایستەیی خۆی لە ناوچەكەدا بە شانازیەوە نیمایش بدات و دیموكراسی و بروكراسی سەركەوتووی خۆی بكاتە نمونەی لێهاتویی خۆی تاكو بتوانێ ویژدانی خەوتووی جیهان بۆ مافی كوردان وەخەبەر بێنێ و بەم ڕێگەیە بەرەو ئامانج هەنگاو بنێ.









