خەبات: هەمزە سەرحان:-
هەردوو هونەرمەندی بواری موزیك وگۆرانی ڕێبین جەمال ودەرباز شێرزاد لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی خەبات ئاماژەیان بەوە دا بەرهەمێكی نوێیان بە شێوەی دوێت تۆمار كردووە، بەناوی ئاشتەوایی و پێكەوە ژیان
لەبەشێكی تری دیمانەكەدا ئەوەیان ڕوونكردەوە كە گۆرانییەكە هۆنراوەی شاعیری ناسراو ” سەركەوت ڕەسوڵ ” ە و ئاوازی هونەرمەندی موزیكژەن ” ڕێبین جەمال”ە و هونەرمەند ”هێمن حوسێن” كاری مۆسیقاو دابەشكردنی بۆ كردووە.هاوكات هونەرمەند ”لێزان قادر ” نۆتەی میوزیكی گۆرانیێەكەی ئامادەكردووە و تیپی ئۆڕكێسترای سلێمانی ژمارەیەك میوزیكژەنی بێانی كاری میوزكیان بە شێوازێكی جوان بۆ كردووە .هەروەها هونەرمەندان ڕێبین جەمال و دەرباز شێرزاد ئەوەیان ئاشكرا كرد، كە بەنیازن گۆرانییەكە لەناو یەكێك لە دەزگا گرنگەكانی كوردستان بە شێوەی كورتە فیلم نمایشی بكەن و لە بەرنامەشیاندایە كە بە شێوازێكی جوان و سەردەمیانە كلیپی بۆ بكەین.
ئەوەشیان دووپاتكردەوە كە ماوەیەكی زۆرە بەجیدی كاریان لەسەر ئەو بەرهەمە كردووە. گۆرانیەكە دەبێتە پەێامێكی ئاشتیانە و برایانە لەپێناو پێكەوە ژیان بەئاشتی وبرایەتی وكۆتایی هێنان بەشەڕو ئاشووب و ماڵوێرانی و دەبێتە پەێامێك بۆ دووبارە بنیات نانەوەی كوردستان.
ڕێبین جەمال و دەرباز شێرزاد ئەوەیان بەخەبات ڕاگەیاند كە گۆرانیێەكە بەهەردوو شیوەزاری سۆرانی وكرمانجی دەبێت گوزارشت لە هەرچوار پارچەی كوردستان دەكات.ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و قوتابێانی بەشی مۆسیقای پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی وەكو كۆرس بەشدارن. ئەوەشیان بەخەبات راگەیاند، كە هەردووكمان سەرقاڵی پڕۆژەیەكی گەورەو مەزنین پڕۆژەكە ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت و چەند سێكتەرێك لەخۆ دەگرێت پڕۆژەكەش خزمەت بە سەرجەم خەڵكی بەش مەینەتی كوردستان دەكات بەبێ جیاوازی. بۆ سەرخستنی پڕۆژەكە هەماهەنگ دەبین لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لەكۆتایێدا هەردوو هونەرمەند ڕێبین جەمال ودەرباز شێرزادی گوتیان لەپیناو سەرخستنی بەرهەمەكەمان پێویستمان بە پشتگیری ڕاستەوخۆی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە كە دڵنیاین بەڕێزیان هەمیشە پاڵپشتی هونەرمەندان بووەو پاڵپشتی ئێمەش دەكات.









