خهبات: فاتیح بەرزنجی:-
ساڵی تازەی خوێندن دەستی پێكردووەو هێشتا جلوبەرگی قوتابخانە لە بازاڕەكان رەواجی هەیە، دایك و باوكی قوتابیانیش گلەیی لە گرانی نرخەكان دەكەن و لەبەرانبەریشدا دوكاندار و بازرگانەكان پێیانوایە گرانی نرخی لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
بازاڕی گەورەی قەیسەری هەولێر جمەی دێت لە دایك و باوكی قوتابیان و هەمووی بۆ كڕینی جلوبەرگ و پێداویستی خوێندن هاتوون و لەوێدا ژمارەیەك لە دایك و باوكی قوتابیان قسەیان بۆ كردین:
خاتوو نەوال گوتی: هەموو ساڵێك لەو كاتەدا خەریكی كرینی جلوبەرگی قوتابیەكانمان دەبین، بەڵام بەداخەوە نرخەكان گرانە و داوا لە لایەنە پەیوەندارەكان دەكەین كە چاوێك بەبازاڕدا بخشێننەوە تا دوكانداران بەئارەزووی خۆیان نرخەكان گران نەكەن.
خاتوو سەبیحە گوتی: پێمان باشبوو كە وەزارەتی پەروەردە بڕیاری یەكپۆشی بۆ قوتابیان دەركرد، چونكە پێشتر هەر قوتابخانەو جۆرە جلوبەرگێكیان بە قوتابیان ئامادە دەكرد ئەگەر بەهەر نرخێك بووایە.
مامۆستا نەوزاد باوكی قوتابیەك بوو گوتی: یەكپۆشی قوتابیان جیاوازی ناهێڵێ وبڕیارێكی لەجێی خۆی بوو، بەڵام پێشتر هەندێ قوتابخانە خۆیان جۆرو ڕەنگی جلەكانیان دیاری دەكرد، دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە دەكەین كە ئەو بڕیارە گرنگە بۆ یەكپۆشی دەرچوو.
سەرهەنگ جەلال گوتی: نرخەكان گرانە نرخی یەك كراسی سپی قوتابیان لەنێوان 20 هەزار تا 25 هەزار دینارەو تا بەدواداچوون بۆ نرخەكان نەكرێ هەرزان نابن نرخی یەك پانتۆڵی ڕەش بە 25 هەزار دینارەو نرخی یەك كراسی سپی بە 20 هەزار دینارە ئەو نرخانەش بۆ قوتابیان گرانە و هەندێ ماڵ هەیە چوار قوتابیان هەیەو بارقورسی دەخاتە سەر كەسوكاری قوتابیان.
كامەران باوكی قوتابیەك بوو گوتی: من چوار قوتابیم هەیەو ماوەی سێ ڕۆژە لەناو بازاڕی گەورەی قەیسەری بەدوای كڕینی جلوبەرگی قوتابخانەم بۆ جگەر گۆشەكانم بەڕاستی نرخی جلوبەرگی قوتابیان زۆر گرانە هەق وایە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو بازرگان و دوكاندارانە بكرێت كە جلوبەرگی قوتابیان دەفرۆشن.
شێخ عەبدوڵڵا دوكاندارێكی بازاڕەو گوتی : دەزانین كە دایك و باوكی قوتابیان گلەییان لە گرانی نرخی جلوبەرگی قوتابیان هەیە، بەڵام لەدەست ئێمە نییە، بەڵكو بازرگانەكانن نرخەكان گران دەكەن هەقوایە حكومەتی هەرێم ئاگاداری بەرزی و نزمی نرخەكان بێت و هەر دوكاندارێك یاری بە نرخەكانەوە بكات ئەوا تیمێكی لێپرسینەوە بگەڕێت و بەدواداچونی بۆ بكرێت.
كارزان دوكاندارێكی دیكە بوو گوتی: لە بازاڕی لەنگە نرخەكان زۆر گران نین نرخی یەك پانتۆڵی ڕەش بە 12 هەزار دینارەو لە ناو بازاڕی گەورە بە 20 هەزار دینارەو نرخی یەك كراسی سپی بە 10 هەزار دینارەو لە بازاڕ نرخەكان زۆر گرانن.
لوقمانی دوكانداریش گوتی: داوا لە دوكانداران دەكەم كە نرخی جلوبەرگی قوتابیان گران نەكەن تا بۆیان دەكرێت نرخەكان مام ناوەندی بن بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن بیكڕن و زۆریش لەسەر كەسوكاری قوتابیان نەوەستێت.
مام كەریمی دوكاندار گوتی: هەموو كاتێك نرخی شتەكان لەو بازاڕە هەرزانترە، بەڵام لەبازاڕی لەنگە نرخەكان گونجاون هەموو كەسێك دەتوانێ جلوبەرگی قوتابیەكانی خۆی ئامادە بكات بەو نرخەی كە حەزی لێیەتی و ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆری جلوبەرگ دەفرۆشم و كەس گلەیی نەكردووە.










