ساسان دەروێش – هۆڵەندا

پرسی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلوولی 2017 و ئەنجامەكانی بووە رۆژێكی نیشتمانی و نەتەوایەتی لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی كورددا و هەموو ساڵێكیش یادی ئەم رۆژە مێژووییە دەكرێتەوە.
رۆژی 7ی حوزەیرانی 2017 سەرۆك بارزانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی كرد، لەو كۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لە نوێنەرانی لایەنە بەشداربووەكان پێكهێندرا، دواتر بڕیاردرا لە 25ی ئەیلوول 2017دا، ریفراندۆم لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بە كەركووكیشەوە ئەنجامبدرێت و هاووڵاتییانی باشووری كوردستانیش لە وادەی خۆیدا هەنگاویان نا بەرەو وێستگەكانی دەنگدان و سندوقەكانیان بە دەنگی بەڵێ پڕ كرد، هاوكات كوردانی تاراوگەش لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و لە رێگای دەنگدانی ئەلیكترۆنی دەنگیان دا و دوای جیاكردنەوەی دەنگەكانیش دەركەوت زیاتر لە ٪92ی هاووڵاتییان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بوو. لە یادی دووساڵ تیپەربوونیش بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، لە ئێستاشدا كوردانی تاراوگە بە بیروبۆچوونی جیاوازەوە، گوزارشت لەم پرۆسە دیموكراسییە دەكەن.

-ریفراندۆم دانانی بەردی بناغەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە
عەزیز ئەحمەد حەمە لە ئەڵمانیا بۆ خەبات گوتی: كورد لە باشوور بە پێشڕەوایەتی پارتی و بە سەرۆكایەتیی بارزانیی نەمر و سەرۆك بارزانی چەندین دەستكەوتی گەورە و گرنگیان بۆ نەتەوەی كورد بەدەستهێناوە، لە دیارترینیان، هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، رێككەوتننامەی 11ی ئازاری 1970 و هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان و دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 و دواترینیشیان بڕیاردان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان. ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بە پێشنیار و رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی لە هەلومەرجێكی وەهادابوو، زۆر كەس بە مەحاڵیان دەزانی، بەڵام پێداگری و سووربوونی سەرۆك بارزانی لەسەر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم هەموو ئەو تەمی گومانەی ڕەواندەوە كە لە ناوخۆ و لە دەرەوەی كوردستان باسی لێوە دەكرا، گوتیشی: هەموو جیهان بە چاوی خۆیان بینیان نەتەوەی كورد هیوا و ئاواتی دەوڵەتی سەربەخۆیە و ئازادیی دەوێت، میدیاكانی جیهانیش بە وردی پرۆسەی دەنگدانیان دەگواستەوە و خەڵكی لە دوور و نزیكەوە چاودێری ئەو ڕووداوە گرنگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دەكرد، بەڵام بەداخەوە تەنیا 3 هەفتە دوای ریفراندۆم، پیلانێكی زۆر گڵاوی دوژمنان بە یارمەتی خائینانی ناوخۆ ئەنجامدرا و بووە بەهۆی ئەوەی كە بەشێكی زۆری خاكی كوردستان بە كەركووكیشەوە تەسلیم بە لەشكری داگیركەری دوژمن بكرێت، بەڵام ریفراندۆم سەركەوتوو بوو، ئامانجی خۆیشی پێكاوە، بۆیە پێویستە ئەو رۆژە بكرێتە رۆژێكی نیشتمانی پیرۆز و هەموو ساڵێك لە كوردستان ئەو یادە پیرۆزە بكرێتەوە.
-هەمیشە تامەزرۆی سەربەخۆی كوردستان بووم
خاتوو دیاری یارا لە بەریتانیا بۆ خەبات گوتی: بۆ كەسێكی وەك من كە لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەری كوردستان لەدایكبووم و گۆشكراوم بە كوردایەتی، هەمیشە تامەزرۆی سەربەخۆی كوردستان بووم لە دڵەوە تەمەنای ئەم ڕۆژە خۆشەم دەكرد، بۆیە لە رۆژانی بانگەشە و دەنگدان لە 25ی ئەیلوولی 2017 كاتەكانی خۆم بەخشی بە بەشداربوونم لە چالاكییەكانی نێو كوردانی تاراوگە بە تایبەتی شاری لەندەن، خۆم بە ریفراندۆمییەك دەزانم و شانازی پێوە دەكەم، هیچ كاتێكیش لێی پەشیمان نیم و هەزار جاری دیكەش دەنگدان بۆ ئەم پرسە بكرێ هەر بە بەڵی دەنگ دەدەم، ئەم پرسە دوورە لە كاری حزبی و تێكەڵكردن بە كەس و لایەنەكان، بەڵگەنامەیەكە و پێناسێكە بۆ هەمووان و لە ئایندەدا دەبێتە رووناكی هەموو ماڵەكانمان.

-ناتوانن رووناكی ناو هزر و مێشكی سەربەخۆییخوازان بكوژێننەوە
جەزای شێخ رەزا لە ئەڵمانیا گوتی: سەركەوتنی ریفراندۆم لە ئەیلوولی مەزندا سەلماندی كە ئاشقانی ڕووەو خۆر هێندە بە قوڵی ڕۆچوونەتە نێو خەیاڵدانی دنیای پڕ لە میهری هزر، گوتار و رەفتاری چاكە، كە ئەو باهۆزە پڕ لە تۆزەی سەدان ساڵە بە چەشنی هەورێكی چڵكن بەری خۆری لێ گرتوون، نەیتوانیوە ناخی پڕ لە ڕووناكی ئەوان داگیر بكات، بۆیە دەبێت ئەو هێزە ئەهریمەنییانەی لە ئۆكتۆبەری رەشدا خوێن و فرمێسكێكی زۆریان بە كورد ڕژاند، دڵنیابن لەوەی ناتوانن ڕووناكی ناو هزر و مێشكی سەربەخۆییخوازان بكوژێننەوە. لە یادی ئەم ڕۆژە پڕ لە شكۆیەدا، بەوانەی بڕیاریان داوە تەوقی ملكەچی لە گەردنیان دانەگرن، دەڵێم: ئێوە لە بێحورمەتكردنی خۆتان ئازادن، بەڵام كە كارەكە گەیشتووەتە شكاندنی شكۆی نەتەوەیەك، دەبێ چاوەڕوانی نەفرەتی هەمیشەیی ئەو نەتەوەیە بن، سەربەرزی و ئاسوودەیی دەروونیش بۆ رێبوارانی رێگای هەرە پیرۆزی سەربەخۆییە كە ساڵانێكە شەرەفی هەڵگرتنی جڵەوەكەی لای بارزانییە.

-ئاواتەخوازم پێش مردنم سەربەخۆیی كوردستان ببینم
خاتوو خەبات جەمال رەفعەت لە سویدەوە بۆ خەبات گوتی: ڕۆژی یادكردنەوەی ریفراندۆم كە دوو ساڵ لەمەوبەر ئەنجامدرا و سەركەوتنی بەدەستهێنا، كوردی خستە قۆناغێكی جیاوازتر لە خەبات و تێكۆشانی كە بە ئاشكراو بە ڕوونی داوای ماف و ئازادیی خۆی بكات و ئەم پرسە لە دروشمەوە بكاتە ڕاستی. ریفراندۆمی كوردستان گرنگترین ڕۆژە لە مێژووی كورددا، چونكە كورد سەلماندی كە نایەوێت ژێردەستەی هیچ وڵاتێكی تر بێت، كوردیش وەكو میللەتانی جیهان مافێكی خۆیەتی سەربەخۆ بێت بۆ خۆی بڕیار بدات لە چارەنووسی خۆی و داهاتووی نەوەكانی، بڕیاردانی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلوول 2017 بڕیارێكی بوێرانە بوو كە چیتر كورد نایەوێت ژێردەستەیی بێگانە قبووڵ بكات، ئێمەی كوردانی تاراوگەش لە هەمان كاتوساتدا پاڵپشتیی خۆمان دەربڕی بە چەندین جۆری چالاكی بۆ سەركەوتنی ئەم پرسە نەتەوەییەمان، ڕۆژی ریفراندۆم لای من ئەوەندە پیرۆزە هەمیشە داوای ئەوە دەكەم پێش مردنم بە ئاواتی سەربەخۆیی بگەم لە ئامێزگرتنی خاكێكی ئارام.
-ریفراندۆم وەك چەخماخەیەك شەوەزەنگی كوردی رۆشنكردەوە
حەمە هێمن لە ئەڵمانیاوە گوتی: ریفراندۆم نووكی ئەو خامەیە بوو كە نووسی نا بۆ ژێردەستەیی، بەڵێ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كورد، ریفراندۆم ئەو چەخماخەیە بوو دڕی بە تاریكی داو شەوەزەنگی كوردی رۆشنكردەوە و ئومێد و هیوای پێ بەخشی، زریانێك بوو ترس و بیمی خستە دڵی داگیركەرانی تورك و عەرەب و فارس. ئیدی چرای عەقڵ و هزری ریفراندۆمی كاریزمای كورد هەڵگرانی پەیامی خانی و حاجی بە ریگای شێخی نەهری و دواتر شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و مەلا مستەفای رێبەری رۆحی كوردایەتی كە هەر دەڵێی لە چیاكانی زاگرۆسەوە پەیدابوون تا بانگی سەربەخۆیی بە گوێی كورددا بدەن، ئەوە ریفراندۆم بوو كۆتایی بە تێكست و ئیدۆلۆژیای بێگانە و ئۆبژێكت و كۆنتێكستی داگیركەران هێنا.
-گەلی كوردستان لە رێگەی ریفراندۆمەوە بە جیهانی گوت ئەمەیە ویستم
تەها دەروێش نادر لە هۆڵەندا گوتی: ئەوكاتەی جەنابی سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، هەمیشە لە هەوڵی وەدیهێنانی خەونی دێرینەی كورددا بوو كە ئەویش سەربەخۆیی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی بوو لە باشووری نیشتیمان، بڕیارێكی مێژوویی بوێرانەی دا بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە لە ٪92ی گەلی كوردستان دەنگی پێدا و وێڕای ئەوەی هەموو جیهان و بە تایبەتی عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی سەرسەختانە دژایەتیان كرد، بەڵام سەرۆك بارزانی بەڵێنی خۆی بە جیهانی ناسنامەی كوردستانیبوونی ئاخنیە باخەڵی هەموو تاكێكی كوردەوە، بەپشتبەستن بە ئیرادەی پۆڵایینی گەلی كوردستان توانی بە هەموو جیهان بڵێ ئەمەیە ویست و داواكاری گەلەكەم، دواتر هەموو جیهان و وڵاتانی زلهێزی ویژدان مردوو، دژایەتیی راستەوخۆی ریفراندۆمیان كرد لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیان، پشتیان كردە گەلی كوردستان لە باشوور، دواتر بە خیانەتی ناوخۆیی كە مێژوو فەرامۆشی ناكات، نیوەی خاكی كوردستان بە كەركووكیشەوە ڕادەستی دوژمن كرا، پاشان هێزێكی بێشومار كۆكرایەوە و بە تازەترین چەكی سەردەم لەگەڵ دەیان هەزار لە میلیشیای حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و هێزیان بەرەو هەولێر جوڵاند بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی كوردی، جگە لە تابووری پێنجەم بە زمانی كوردی لە كەناڵە بەكرێگیراوەكانیانیەوە هەوڵی رووخانی ورەی خەڵكی كوردستان بوون، بەڵام بە حیكمەتی جەنابی بارزانی و هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان، توانیان بەر بەو هێزە بگرن و داستانی پردێ و سحێلا تۆمار بكەن كە سەدان كوژراو و برینداری هێزەكانی عێراق كەوتنە دەست پێشمەرگەی پارتی بۆ یەكەمجاریش تازەترین چەكی سەردەمی تیا بشكێنن كە تانكی ئەبرامزی ئەمەریكی بوو، ئەمەش حكوومەتی عێراقی ترساند و بە ناچاری شەڕی ڕاگرت.

-ریفراندۆم مافێكی سرووشتی گەلی كوردە
شێرزاد یونس رۆژبەیانی لە هۆلەنداوە بۆ خەبات دەڵێت: ریفراندۆم وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە خەبات و تێكۆشانی كورد، لە دوای كۆتاییهاتنی كۆت و زنجیر و دابەشكردنی كوردستان لە پەیماننامەی سایكس بیكۆ و تێپەڕاندنی 100 ساڵەی. بە بڕیارێكی بوێرانەی سەرۆك بارزانی بوو كە داوای ئەم مافەی بۆ گەلی كورد كرد و هەموو دنیا لەسەرخەت بوون و چاودێری ئەم پرسەیان كرد.
بۆ كەسێكی وەك من كە لەنێو شۆڕش و ئاوارەیی لەدایكبووم و پەروەردە بووم، ئاواتێكی لەمێژینەم بوو، بۆیە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری تەواوم لە ریفراندۆم كرد و بەشداری چالاكییەكانی بووم، بە تایبەتی لە هۆڵەندا، لەبەر ئەوەی ریفراندۆم مافێكی سرووشتی و حاشاهەڵنەگرە بۆ كورد بۆ ئەوەی بە مافی خۆی بگات و لە دەوڵەتێكی سەربەخۆیی خۆیدا مومارەسەی ئازادیی بكات، بە درێژایی سایكس بیكۆ كورد خوێن خەڵاتی سەربەخۆیی دەكات، گەلی بچووكی وا هاهەیە، هێندەی كورد تێكۆشەر و ئازادیخواز نەبوون، بەڵام گەیشتوونەتە خەونی خۆیان، بۆ دەبێت لە سەدەی بیست و یەكدا هێشتا كورد بترسێت لە ماف و ئازادیی خۆی و ئەو مافەی پێ ڕەوانە نەببینن! بۆیە دەڵێم دەستخۆش سەرۆك بارزانی و تەواوی خەڵكی كوردستان، كە بە دەنگی بەڵێ ریفراندۆمیان سەرخست لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان.