كاروان محەمەد سینۆ
شاد و سەربەرزین كە ئەمڕۆ دووەم ساڵیادی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەین. ئەو راپرسییەی كە بەڕابەرایەتی سەرۆك بارزانی هەموو خەڵكی كوردستان (بە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم)ـیشەوە، هەموومان بەیەك دەنگ و بەرێژەی%93 دەنگمان دا بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆی كوردستان). لەیادمانە..پێش ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان، چەندین كەسایەتی و حزب و لایەنی سیاسی و وڵاتانی ئەقلیمی و جیهان، بیروڕا و بۆچوونی ئەرێنی و پشتگیر و پاڵپشتییان هەبوو بەرامبەر ئەم پڕۆسەیە. كەچی پاش ئەنجامدانی ریفراندۆم، لێدوان و هەڵوێستی هەندێك لە و كەسایەتی و حزب و لایەنی سیاسی و وڵاتانی ئەقلیمی و جیهان بەرامبەر سەربەخۆی كوردستان بە نەرێنی گۆڕا؟!. لێرەد دەكرێ!! گلەیی لە وڵاتانی بیانی نەكرێ، ئاخۆ ئەوان هاوڕابوون یاخود هاوڕانەبوونە لەگەل ریفراندۆم، چونكە ئەوان بەهەرشێوەیەك بێت وڵاتی بێگانەن و ناتوانن و (بۆیان نییە) پشتگیری جودابوونەوە یان جودانەبوونەوەی وڵاتێك بكەن لە وڵاتێكی دیكە. بەڵام گلەیی و شەرمەزاری بۆ ئەو كەس و لایەن و حزبانەی كوردستانە كە لەمپەر و ئاستەنگ و خیانەتیان كرد لە پڕۆسەی گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان و ریشی خۆیان دایە دەست داگیركەران. ئەگەر بگەرێینەوەی سەر رووداوەكانی پێش 25ـی9ـی2017 دەبینین كە ئەنجامدانی ریفراندۆم، لە ئەگەری پێشێكردنی دەستوری عێراقی فیدڕال بوو لە لایەن حكوومەتی ئەوكاتی بەغدا، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ئەنجامی نەهێشتینی تەوافقی سیاسی و تێكدانی تەوازن و بڕینی بوجەی كوردستان و كەنارخستنی كوردبوو لە پڕۆسەی حوكمڕانی عێراقی نوێ، ئەمەش بێگومان ئەجندایەكی ئەقلیمی لە پشتبوو كە نیازی لەناوبردنی كیانی هەرێمی كوردستان بوو لە عێراقدا. بۆیە ئەنجامدانی ریفراندۆم پەردەی لەسەر چەند راستییەك لادا كە چەندین ساڵە گەلی كورد و هەموو خەڵكی كوردستان پێی چەواشەكرابوو، پەردە لەسەر رووی رەشی هێزە ناوخۆ و ئەقلیمی و جیهانی لادرا كە بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەستیان لە پشتی كورد دەدا. پاش ریفراندۆم.. وێڕای سەركەوتنی پڕۆسە و ئەنجامی ریفراندۆم، لەگەڵ ئەوەشدا رووی ڕەشی هەندێك كەس و لایەن و گروپ بەدەركەوت كە لەمێژینەوە لافی ئازادی و سەربەخۆی و مافی چارەنووسی گەلی كوردیان لێدەدەن و میللەتی كوردیان پێ چەواشە دەكرد. كەچی بینیمان كە هەر ئەوان بوون پاش سەركەوتنی ریفراندۆم لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 خەنجەری ژەهراویی خیانەتیان لە پڕوسەی ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان سرەواند و سینگی خۆیان كردە قەڵغان بۆ داگیركەرانی كوردستان و پشتی خۆیان كردە پر بۆ داگیركەران كە سنووری كوردستان ببەزێنن و لە كەركووك بپەڕنەوە نێو خاكی كوردستان و رۆژ گەیشت بەم ڕۆژە!. رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر تەنها خیانەت نەبوو لە پارتی، بەڵكو خیانەت بوو لە هەموو خەڵكی كوردستان بە هەموو نەتەوە و چین و توێژ و ئاین و ئاینزاكانییەوە، چونكە خەڵكی كوردستان بە شێوەیەكی دیموكراسییانە و دوور لە هەموو توند و تیژیی و شەڕو پێكدادانێك رای ئازادی خۆیان دەربڕی و بەرێژەی %93 گوتی (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان). شتێكی شاراوەنییە و هەموو جیهان و وڵاتانی دراوسێ دەزانن كە میللەتێك هەیە بەناوی میللەتی كورد و خاكێك هەیە بە ناوی كوردستان و زمانێكیش هەیە پێی دەگوترێ زمانی كوردی، هەروەها میللەتی كورد لە رێگای دەسەڵاتێكی شەرعی هەڵبژێردراو كاری رۆژانەی خۆی رایی دەكات. ئەمانەش (خاك و میللەت و زمان و دەسەڵات) بنەمای سەرەكی دروستبوونی هەر دەوڵەتێكن، هەرمیللەتێك ئەم خەسڵەتانەی هەبێت، لەئەنجامدا هەر بە ئامانجی خۆی دەگات. كەواتە سەربەخۆیی كوردستان ئامانجێكی ستراتیجی میللەتی كورد و هەموو خەڵكی كوردستانە، ریفڕاندۆمی ساڵی 2017 بڕیار و خواست و ویستی خەڵكی كوردستان بوو كە بەگوێی جیهاندا چڕا. ریفراندۆم دەسكەوتێكی ناوازەی خەڵكی كوردستانە و بنەمایەكی بڕیاردانە لە ئێستا و داهاتوودا. جا ئەگەر ئەمڕۆ لەبار و هاوئاراستە نەبوو بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی دراوسێ و زلهێزانی جیهان، لە داهاتوودا هەل و كاتی گونجاو فەراهەم دەبێت و گەل و نەتەوەكانی دراوسێمان دەگەنە ئەو قەناعەتەی كە بەڵی خەڵكی كوردستان مافی شەرعی خۆیەتی ببێت بە دەوڵەت. بێگومان بوونی دەوڵەتی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دا دەبێتە مایەی ئارامی و سەقامگیری تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست و تەبایی و پێكەوەژیانی ئەزەلی گەل و میللەتانی دەڤەرەكە. لەدووەم ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، سڵاو لە رابەری كورد مسعود بارزانی پێشڕەوی پرۆسەی گشتپرسی سەربەخۆیی كوردستان، سڵاو لە هەموو تاكێكی كوردستانی كە گوتی: بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، سڵاو لە مرۆڤ دۆست و بیرمەند و رۆشنبیرانی میللەتانی دراوسێ و جیهان كە سەربەخۆی كوردستان بە مافی شەرعی خەڵكی كوردستان دەزانن.









