كاروان كەریمخان گوندەژۆری
گوێم دەدایە شیعری “ئەو بەهارە شوومە”ی ئیحسان تەبەری بە دەنگی خۆی كە بە زمانی فارسی بۆ یادی دكتۆر موسەدیق گوتوویەتی. ئەو شیعرەم لە دۆخی ئێستای كوردستان نزیك كردەوە و لە ناو دەقی ئەم شیعرە سەرۆكی پێشەوای ڕێفراندۆمم لە زەیندا وێنا كرد.ئەم شیعرە كۆمەڵگای ئێرانی ئەوكاتی هێنایە بەر چاوم و بژاردەكانی ئێستای كوردستانیشم هاتنە پێش چاو. ئیحسان تەبەری بە یەكێك لە سەركردە هزری و تیۆریسییەنە بەهێزەكانی حزبی تودەی ئێران و كۆمۆنیستەكانی ناوچەكە دادەنرێت. جگە لەوەی پیاوێكی سیاسی بووە خاوەن قەڵەمێكی زۆر بەتینە و لە بواری ئەدەبیاتیشدا چەندین هۆنراوەی سیاسی قووڵی هەن. شایانی گوتنە كە تەبەری لە كتێبی (لارە ڕێ)دا لە شوێنێك باسی ڕێبەر مستەفا بارزانی دەكات و دەڵێ مستەفا بارزانی لە ئەكادیمیای زانستەكانی سیاسی و سەربازیی سۆڤییەت دەیخوێند. ئەو وەك هەر مرۆڤێكی بەئاگا و ڕەسەن بە ڕێزەوە یادی موسەدیق و حكوومەتەكەی دەكات. لەوە بگوزەرێین كە موسەدیق و حزبی میللی لە پەرلەمانی ئەوكاتی ئێران ڕۆڵیان چۆن بووە لە هەمبەر كۆماری كوردستان لە مهاباد؛ باسی سەرەكی ئەوەیە كە موسەدیق بۆ وڵاتی خۆی و بۆ ئێرانییەكان چی كرد و چۆن بوو. موسەدیق بە نیشتمانیكردن و خۆماڵی كردنی نەوت بە شێوەیەكی یاسایی مێژوویەكی مەزنی بۆ خۆی تۆمار كرد. موسەدیق جگە لەم كارە توانی حكوومەتێكی شایستە دروست بكات و زۆربەی وەزیرەكانی دەوڵەتی خۆی لە كەسانی زۆر خوێندەوار و شایستە و لێهاتوو هەڵبژارد. دەتوانین بڵێین وەزیرەكانی ئەوكاتی دەوڵەتی موسەدیق لە زۆرێك لە وەزیرەكانی ئێرانی ئێستا و وڵاتانی ناوچەكە لێوەشاوەتر بوون. ئەوكاتەی كە دوژمنانی موسەدیق تووشی لەرز هاتن لەوەی كە موسەدیق وڵاتێكی بەهێز و پێشكەوتوو بونیاد بنێ، بڕیاریاندا حكوومەتی ئەو بڕوخێنن. بە داخەوە كۆمەڵگای سونەتی ئەوكات نرخی حكوومەتی باشیان نەدەزانی و موسەدیقیان نەدەناسی. ئەو خەڵكە ئاساییەی سەرشەقام بە سازێكی ژەنگاویش دەڕژانە سەر جادە و لە دژی موسەدیق وەخۆ كەوتن و كابینەی ئەویان تێكدا و زۆر كەسی لێهاتوویان لە سێدارەدا. بەڵام كۆمەڵگای ئێستای ئەوان شەرم لەو كارەی ڕابردوو دەكاتەوە كە لە دژی موسەدیق كردیان. سەركردەی ئەم خەڵكە سادەبینەی كە دژی موسەدیق ڕژانە سەر شەقام شەلاتییەكی بەكرێگیراو بوو بە ناوی شەعبان جەعفەری كە بە شەعبان بێ مێشك (شعبان بی مخ) ناسرا بوو. شەعبان بێ مێشك ئەگەرچی مل ئەستورێكی سەر جادە بوو، تەنها حوسنێكی هەبوو كە بە عەیار ناسرا بوو و هەندێك هەواداری چەقوكێشی هەبوون. كورتەی داستانەكە ئەوە بوو و دواجار بە پشتیوانی وڵاتانی زلهێز، شەعبان بێ مێشك لە كۆدەتای 19/8/1953 بە سەر دكتۆر موسەدیقدا سەركەوت. بەڵێ موسەدیق بۆ خەڵكی ئەوكات نەژیا، بەڵكوو ئەو كاری بۆ نەتەوەیەك دەكرد و بۆ وڵات خۆی تەرخان كردبوو. خەڵكی ئەوكات بە دوای شەعبان بێ مێشك كەوتن و موسەدیق و حكوومەتەكەیان رووخاند، بەڵام دوای چەندین دەیە و دوای بە ئاگا هاتنی نەسڵی نوێ نەوەی ئەو باوكانەی كە لە دژی موسەدیق ڕژانە كووچە و كۆڵان شەرمیان لە ڕەفتاری باوكەكانیان كردەوە و هەرنەوەكانی ئەو خەڵكە ئێستا بە گەورەیی باسی موسەدیق دەكەن. بیری موسەدیق لە خەڵكی ئاسایی سەردەمی خۆی گەورەتر و دوربینتر بوو، بە جۆرێك كە ئێستا و لە داهاتوودا موسەدیق قارەمانی نەتەوەیەكە و لە زەینی مرۆڤی تێگەیشتوودا جێی ڕێزە و شەعبان بێ مێشكیش جێی دیارە. كەسێكی وەك ئیحسان تەبەری شیعر بۆ موسەدیق دەنووسێ و بۆ ئەوان وەك تابڵۆیەكی زیندوو دەمێنێتەوە. لەو چاوگەیەدا، كورد لە ئێستادا سەرۆكێكی سەربەخۆخوازی هەیە كە خۆی بۆ نیشتمان تەرخان كردووە؛ هەموو ژیانی گەنجایەتی خۆی بۆ سەربەستی نەتەوەی كورد دانا و لە هەلێكی ناسكدا بوو بە پێشەوای ڕێفراندۆم. ئەو سەرۆكە دۆخی لەرزۆكی عێراقی دەستكرد و ناڕەسەنی لێك داوەتەوە و دەزانێ كە ئەم وڵاتە موزاییكیە لە لێواری ڕۆچوونە؛ بۆیە پێشنیازە پێویستەكانی وەك ڕێفراندۆمی ئەنجامدا. ئەگەر كاتی هات و نەمامی ڕێفراندۆم بەری گرت ئەوكات قەڵەمە دژبەرەكانی ئێستا سەر شۆڕ دەكەن و نەوەی ئەوانەی دژی سەربەخۆیی بوون سەری تەعزیم بۆ پێشەوای ڕێفراندۆم نەوی دەكەن. ئەو موسەدیق ئاسا ئەو دیوی داهاتووی بۆ وڵاتی بەشخوراو دەدیت. ویستی وڵاتی خۆی خۆماڵی بكاتەوە و مافی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ ئێمە بگەڕێنێتەوە. زەویە داگیركراوەكان بگەڕێنێتەوە. سەری كورد بەرز بكاتەوە و پڕۆسەی دەوڵەت- نەتەوە سازی لە سەر بناغەی یاسا و دیموكراسی هەڵچنێت. بەڵام شەعبان بێ مێشكەكانی ئێمە كە زیاتر لە سەدان شەعبانن و تەنانەت لە عەیاریش نازانن، خاپان و نەیانهێشت زووتر بگەینە سەركەوتن. سەیر نیە كە بەشێكی خەڵكی ئێستا نرخی گەنج نازانن و گەنجینە لە دەست دەدەن. بەڵام دڵنیام كە نەوەی خوێندەواری داهاتوو كە ڕۆڵەی ئەم سوكەڵە فامانەی ئێستان سەر بۆ پێشەوای ڕێفراندۆم دەچەمێنن و گلەیی لە ناتێگەیشتوویی باوكەكانیان دەكەن. ئەوكاتەی كە كوردستان بە شەڕەفمەندییەوە سەربەخۆ دەبێ و سەری نەتەوەیەك بەرز دەبێتەوە، خەڵك نرخی فرمێسكی سەرۆكی ڕیفراندۆم دەزانن. ئەوكاتەی كوردستان گەیشتە سەركەوتن و خەونەكەی بوو بە ڕاستییەكی ئاشكرا، ئەوكات دەزانین كە كورسی بۆ سەرۆك بێ نرخ و مایە بووە و كورسی سەرۆكایەتیی هەرێم تەنها بۆ سەربەخۆیی و سەربەرزی نەتەوەیەكی ژێردەست بەكار هاتووە. ئەوكاتەی ئاڵای بن ڕەش و مەنحوسی عێراق لە ئاسمانی ئازادی كوردستان ڕاقەنی، ئەوكات نرخی ئەو سەرۆكە دەزانین كە نەیدەهێشت پەڕۆی پیسی عێراق لە كوردستان هەڵبدرێت. ئەوكاتەی كەركووك بووە پایتەختی كۆماری باشووری كوردستان، نەوەی وشیاری داهاتووی كەركووك نرخی رێفراندۆم دەزانن. نەك هەر نەوەی كورد بەڵكوو نەوەی ئازادهزری نەتەوەكانی دیكەش سەری تەعزیم بۆ پێشەوای ڕێفراندۆم نەوی دەكەن. بەم نووسینە دەمەوێ بە نەوەی داهاتوو بڵێم، ئێستاش هەن ئەوانەی نرخی پیاوانی سازكەری مێژوو دەزانن. وەك چۆن ئەوكاتیش هەبوون ئەوانەی نرخی موسەدیقیان دەزانی، ئێستاش لە كوردستان هەن ئەوانەی بەرزی بارزانی سەرۆك دەبینن و بەرزایی لوتكەی سەركەوتنیشیان لێ دیارە. كورتەكەی ئەوەیە بۆ نەوەی بەئاگا و خوێندەواری داهاتوو كێ دەبێتە قارەمانی نەتەوە و جێی ڕێز؟ سەداقەتی پێشەوای ڕێفراندۆم یان شەعبان بێ مێشكەكانی كورد؟









