دكتۆرە مەیادە نەجار❊
ئەمڕۆ میللەتی كورد یادی رۆژێكی پڕشنگدار لە مێژووی گەلەكەمان دەكاتەوە، رۆژێك لەسەر دەستی مەرجەعی نەتەوەییمان رێزدار سەرۆكی هێژا (سەرۆك مەسعود بارزانی) سەرلەنوێ لاپەڕەیەكی پڕ لە نوێگەری لە خەباتی مەدەنی نووسرایەوە، ئەمڕۆ روودەكەینە ئەو ساتە مێژووییەكەی كە هەمیشە وەك ساتێكی شكۆدار لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەكەماندا دەمێنێتەوە، نەوە لە دوای نەوە پشتاوپشت لە زەین و بیری هەموو مرۆڤێكی كوردا بۆ هەتاهەتایی دەمێنێت. سەرەتا كاتێك باس لەگرنگی ئەم پرۆسەیە دەكرێت پێویستە ئەوە بزانین كە ڕیفراندۆم لە رووی لۆژیكییەوە یەكێكە لە میكانیزمە یاسایی و سیاسییەكان و بریتییە لە هەنگاوێكی سیاسی و یاسایی و دیموكراتی بۆ بەدەستهێنانی مەبەست و داواكارییەكی جەماوەر، چونكە لەم پرۆسەیەدا ڕای گشتی و بۆچوونی تەواوی خەڵك بەلایەنی بەرامبەر دەگەیەنێت. هەندێك لە شرۆڤەكاران ریفراندۆم بە دیموكراتی ڕاستەوخۆ دەناسێنن، زۆر كاتیش بەڕاپرسی گشتی یان گشتپرسی ناسراوە، لەسەر ئاستی جیهانیش بەچەندین شیوازی جیاواز بەرێوەدەچێت، بەگشتی جۆرەكانی بریتین: ــ ریفراندۆمی دەستووری لە راپرسی و ریفراندۆم لەسەر دەستووری وڵات دەكرێ، جا دەستوورەكە وەك یەكەمجار كە جێگیر دەكرێ یاخود بەشێك لەدەستووری وڵات هەموار دەكرێتەوە. نموونەی لەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ بڕیاردان لەسەر یەكەم دەستووری وڵاتەكەیان لە تەمووزی 1776 ئەنجامدراوە، لەعێراقیش لەساڵی2005 راپرسی بۆ دەستوور كراوە. هەروەها جۆرێكیتریان ـــ ریفراندۆمی یاسایی كە راپرسییە لەسەر چەند مادەیەكی قانوونی كە ئەنجومەنی یاسادانان دەری كردووە دەكرێ، جا بەهەمواركردنەوە بێت یاخود تازە دەركراو بێت. ــ ریفراندۆمی سیاسی ئەو ریفراندۆمەیە كە لەسەر بابەتێكی سیاسی دەكرێ، بۆ دەستنیشانكردنی شێوازی فەرمانڕەواییی سیاسی وەك هەڵبژاردنی سیستەمی سیاسیی وڵات لەنێوان كۆماری و پاشایەتی، وەك ئەوەی لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسی ساڵی 1789 ریفراندۆم بۆ هەڵبژاردنی سیستەمی حوكمرانی ئەنجام درا. ــ ریفراندۆمی كەسی: ئەم جۆرە لەریفراندۆم و راپرسی لەسەر كاراكتەر و كەسایەتییەكی دیار دەكرێ، ئایا خەڵك رەزامەند دەبێت لەسەریان، یان نا بۆ پێگەیەكی دیار. ــ ریفراندۆمی بەئەندامبوون لە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی یاخود هەرێمیی یاخود پەیماننامەیەكی نێودەوڵەتی: ئەمەش ئەنجام دەدرێت بۆ بەشداریكردن لە پەیماننامەیەكی نێودەوڵەتی كە دەسەڵاتی ئەم وڵاتە ئەنجامی داوە بۆ وەرگرتنی رای میللەت تاكو بزانرێ میللەت رەزامەند دەبێت لەسەری یان رەتی دەكاتەوە، وەك ئەوەی لە بەریتانیا بۆ دەرچوون لەیەكێتی ئەوروپا ئەنجامدرا. هەروەها مێژووی بەكارهێنانی زاراوەی ڕیفرانـدۆم لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتی، بۆ دەرچوونی بڕیاری ژمارە 1514 لە ڕێككەوتی 14ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1960ی كۆمەڵەی گشتیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەگەڕێتەوە، چونكە لەو ساڵەدا بەفەرمی چەمكی ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی مافی چارەنووس بۆ نەتەوەكان بەكارهێنرا. ریفراندۆم بۆ بەدەستهینانی سەربەخۆیی ئەگەر چاوێك بەئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر ئاستی جیهاندا بكەین زۆرترین ڕێژەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ وەرگرتنی رای میللەتان بووە لەسەر وەرگرتنی سەربەخۆیی، یەكەم ریفراندۆمیش بۆ بەدەستهێانی سەربەخۆیی لەمێژوودا لە ساڵی 1846 لە “لیبریا” ئەنجامدراوە، لەساڵی 1935 بۆ یەكلاییكردنەوەی ناوچەی ساری نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەكارهات، ئەنجام خەڵكەكە دەنگیاندا و خۆیان بەلای ئەڵمانیا ساغكردەوە، هەروەها لە ساڵی 1962 ریفراندۆم لە جەزائیر ئەنجامدرا و سەربەخۆیی خۆی وەرگرت، لە ساڵی 1992 وڵاتانی وەك مەكدۆنیا و سلۆڤینیا و كرۆواتیا و پاشان مۆنتینیگرۆ و چەندان وڵاتی تری ئەورووپی ئەنجامدرا. هەروەها لە ساڵی 1993 ئەریتریا و لە تەیموری خۆرهەڵات ساڵی 1999 و لە باشووری سودان لە ساڵی 2011 هەموویان دەنگیان بەسەربەخۆیی دا و نەتەوە یەكگرتووەكانیش رێزیان لەو رایەی گەلانی ئەم وڵاتانە گرت و مافی ئەندامێتییان بەو وڵاتانە دا، واتا بەشی هەرە زۆری ریفراندۆمەكان لەجیهاندا بۆ وەرگرتنی رای میللەتان بووە بۆ سەربەخۆیی. مافی كورد ئەوەی گرنگە ئەگەر ئێمە سەرنجێك لەئەنجامدانی ریفراندۆمی شكۆداری نەتەوەكەمان لە ئەیلولی 2017 بدەین، دەگەینە ئەو راستییەی كە ئەنجامدانی ریفراندۆم یەكێك بووە لە مافە بنەرەتییە دەستووری و یاساییەكان، چونكە بەپشت بەستن بە بڕگەی چوارەمی ماددەی 121ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، كە دەڵێ (هەرێمی كوردستان خاوەن كەسێتی یاسایی و دەستوورییە)، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانیش قەوارەیەكی نیمچە دیفاكتۆی هەیە، لەلایەكی ترەوە هیچ ماددەیەك لە دەستووری عێراقی نییە رێگری لە دروست بوونی دەوڵەتی كوردستانی بكات. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مافی چارەی خۆنووسین و مافی بەدەوڵەت بوون بۆ هەموو میللەتان هەیە، لەم چوارچیوە یاسایی و دەستوورییەدا كوردستان مافی خۆی بوو كە ریفراندۆمی ئەنجامدا، ئەگەر زیاتریش بچینە ناو بابەتەكەوە و سوود لەمادە یاساییەكان وەربگرین دەبینین لە پێشەكی دەستووری 2005 و ماددەكانی (1 و 117 بڕگەی یەكەم و 131 و 120) لە هەمان دەستوردا، ئاماژە بەیاسای مەشروعییەتی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان كراوە لەسەر ئەو بنەمایەی كەچۆن گەلی كورد مافی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆی هەیە، لە هەمانكاتدا مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات لە مەسەلەیەكی گرنگی زیندووی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی وەك ریفراندۆمدا. ئەوەی گرنگە كە شایەنی ئاماژەپێكردنە ئەنجامی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ، میللەت دەنگی بە(بەڵێ) دا و پشتگیری هەڵوێستە مێژووییەكەی مەرجەعی نەتەوەییمان (سەرۆك مەسعود بارزانی) كرد، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تەواوی میللەتی كورد سەربەخۆیی دەوێت، لێرەدا ئەنجامی ریفراندۆم وەك كارتێكی بەهێز و بروانامەیەكی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و حكوومەتی هەرێم دەتوانێت هەموو كاتێك بەرامبەر بەحكوومەتی عێراقی بەكاریبهێنیت ، بەتایبەتی دەتوانرێت كارتی ئەنجامەكانی ریفراندۆم لە زۆربەی شاندەكاندا وەك بەهێزترین و كاریگەرترین كارەكتەری سیاسی بەرامبەر بەحكوومەتی عێراق بۆ چەسپاندنی مافەكانی گەلی كورد بەكاربێنێت، بەتایبەتی دەكرێت كارتی ئەنجامەكانی ریفراندۆم لەكاتی وتوێژەكاندا وەكو بەڵێننامەیەكی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەوڵەتە زلهێزەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان بەكاربێت. لەكۆتاییدا ریفراندۆم ئەو رۆژە پرشنگدارە بوو كە میللەتی كورد بەجیهانی گوت سەربەخۆییمان دەوێت، سەرجەم تاكەكانی كومەڵگە بەگشت دەنگ و رەنگە جیاوازەكانەوە بشتگیری هەڵویستە مەزنەكەی مەرجەعی نەتەوەییمان (سەرۆك مەسعود بارزانی) كرد و هەتاهەتایە وەك رۆژێكی مەزن لە لاپەڕەكانی مێژووی گەلی كوردستاندا دەمێنێتەوە.
❊ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران.









