سوورە مەرگەیی
چاوەكان لەسەر كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، لەناو كابینەی نۆیەمیش چاوەكان لەسەر مەسرور بارزانین، ئەو كابینەیە و مەسرور بارزانی لەژێر چاودێری وردی دوژمنانی كورد و داگیركارانی كوردستان و حزبەكانی بەشداربوو لە حكوومەت و ئۆپۆزسیۆن و هاووڵاتییان دایە.
هەرچی دوژمنان و داگیركارانی كوردستانن پیلانی لە دژ دەگێڕن و كار لەسەر شكست پێهێنانی دەكەن، ئەوە ئاساییە و هەر ئەوەش لە دوژمنان چاوەڕوان دەكرێ، هەرچی ئۆپۆزسیۆنیشە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێكی خەمخۆر و دیوی دووەمی دەسەڵات بێ، ئەركیەتی بە دوای خاڵی لاواز و دەرخستنی ئەو خاڵانەدا بگەڕێ، ئەوەش كارێكی ئاساییە، ئەركی حزبە بەشداربووەكانیش كاركردنە لەسەر سەرخستنی ئەو كابینەیە، چونكە لە سەركەوتنی ئەوانیش پشكی شاناویان لە راپەڕاندنی ئەركە نیشتمانییەكانیان بەردەكەوێ، مافی هاووڵاتیانیشە چاوەڕوانی بەجێهێنانی خواستەكانیان لەو كابینەیە بكەن.
لە كابینەی پێشوودا بەغدا بە مەبەستی پێشگرتن لە سەركەوتنەكان و شكست پێهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی دەبڕی، هاوكات فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش لە پەرلەمانی بەغدا جگە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، ئەركی چاودێری كردنی حكوومەتی بەغدا و بەرگری كردن لە ماف و ئازادییە نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستانیان بەلاوە دەنا و دەنگیان بە حەشدی شەعبی دەدا و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جاسوسییان بەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەكرد، داعش لە بەرەكانی جەنگ و بە مەبەستی داگیركردنی كوردستان و تاڵان و بڕۆ و كڕین و فرۆشتن بە ئافرەتی رووسووی كوردەوە پەلاماری كوردستانیان دەدا، حزبە بەشداربووەكانی حكوومەتیش وەك دەستبەردان و هاوكاری كردنی داعش لە شارەكانەوە بە مەبەستی سەرقاڵ كردن و رووخاندنی حكوومەت پەلاماری دامەزراوە حكوومییەكان و بنكە و بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان دەدا، بەوەشەوە نەدەوەستان و بە تاك و كۆ رایان دەكردە بەغدا و بە مەبەستی رووخاندنی حكوومەتی هەرێم و پێكهێنانی حكوومەتی (ئینقاز) داوای هاوكاری و پشتیوانییان لە بەغدای دوژمن بە كورد دەكرد، لەگەڵ ئەوەشدا نێچیرڤان بارزانی پشت ئەستوور بە هەڵوێستە نەتەوەییە كانی سەرۆك بارزانی و پشتوانیی جەماوەری كوردستان، توانی هەموو ئەو پلانانە پوچەڵ بكاتەوە و بەسەر دژبەرانی ناوخۆ و عێراقی و هەرێمیدا سەربكەوێ و حكوومەت و دەستكەوتەكان بپارێزێ.
ئەوەی چاوەڕوان دەكرێ لە ئێستادا عادل عەبدولمەهدی عاقڵانە لە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڕوانێ، بەڵام گرووپە شیعە توندڕەوەكان و ئەوانەی لەژێر هەیمەنەی مەزهەبگەرایی و شۆڤێنییەكان و ئێران دان كێشەی بۆ درووست دەكەن، پێدەچێ ئۆپۆزسیۆنیش بە خۆیدا چووبێتەوە و دەستبەردای دوژمنكاری بووبێ و ئەركی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ئەنجام بدەن، ئەوەی تێبینێ دەكرێ یەكێتیی نیشتمانی كوردستان وەك حزبی دووەمی بەشداربووی دەسەڵات و بە دیاریكراویش گرووپی 16ی ئۆكتۆبەر هەموو هەوڵەكانیان لەسەر شكست پێهێنانی حكوومەت چڕ كردووەتەوە، تەنانەت هەوڵەكانیان لە هەوڵی میلیشیا توندڕەوەكانی سەر بە ئێران و شۆڤێنییەكان خەستترن و لە هاوپەیمانی ئەوانیش نەپرینگاونەتەوە و ناشپرینگێنەوە، ئەوەش بە هەڵوێست و راگەیاندن و بەیج و سایتەكانیانەوە دیارە.
مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ترس و دڵەڕاوكێی لای گرووپە توندڕەوەكانی میلیشیا شیعەكان و شۆڤێنیزمی عەرەبی و گەندەڵكاران و گرووپە عێراقچییەكانی وەك گرووپی 16ی ئۆكتۆبەر درووست كردووە، بۆیە هەموو ئەوانە لە بەرەی شكست پێهێنان و پیلانگێڕی و رێگریكردن لە سەركەوتنی كابینەی نۆیەم كۆبوونەوە، چونكە سەركەوتنی كابینەی نۆیەم و مەسرور بارزانی لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە و سەركەوتنی لە بەرژەوەندیی ئەوان دەدا و مەرگی گەندەڵكارانیش رادەگەیەنرێ.
لە ئەگەری سەرنەكەوتنی كابینەی نۆیەم سوودمەندی یەكەم ئەو گرووپانە دەبن و زەرەرمەندی یەكەمیش كورد و ئەزموونە سیاسییەكەی دەبێ، بۆیە پێویستە و ئەركێكی نیشتمانیشە لایەنە بەشداربووەكانی حكوومەت شان بدەنە بەر ئەو ئەركە نیشتمانییە، ئۆپۆزسیۆنیش وەك پێكهاتەیەكی گرنگی ناو پرۆسەی سیاسی بەدەر نییە لەو ئەركە نیشتمانیە و پێویستە رۆڵی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی بگێڕێ، نەك وەك رابردوو رۆڵی ئۆپۆزسیۆنبوون لەبیر بكا و رۆڵی دوژمنكاری بگێڕێ، لەوانەش گرنگتر و كاریگەرتر پشتیوانی جەماوەری كوردستانە لە كابینەی نۆیەم، چونكە لە ئەگەری سەرنەكەوتنی ئەو كابینەیە كە دوژمنان و گەندەڵكاران خوازیاری ئەوەن سەركەوتوو نەبێ، باجی گەورە جەماوەر دەیدات.









