ڕۆشنا عەلی
لێدانی زەنگی یەكەم دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندن بۆ قوتابییان و مامۆستایان و بەرێوەبەرانی پرۆسەی خوێندن سەدایەكی تری هەیە، هەڵبەت مەبەستمە بڵێم بە سەدایەكی جیاوازتر، ئەوەی تێبینی دەكرێت وەك ئامادەكاری لەم دەسپێكە نوێیەی ساڵی خوێندن گڕووتینێكی زیاتر دەبینرێت چ لەلایەن مامۆستایانەوە چ لەلایەن پەروەردەكارانەوە.
پێم وایە زۆرێكییان لە خەمی پڕۆسەكەدان و بەردەوام لەهەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری كێشە پەروەردەییەكاندا بوون بە تایبەت لە ئەمساڵی خوێندن ، كەپێم وایە زۆرترین پێشنیار بۆ وەزارەتی پەروەردە و وەزیرەكەی لەلایەن مامۆستایان و پەروەردەكارانەوە كراوە هۆكاری سەرەكی ئەوەش گۆڕانی كابینەی نوێی حكومەت بوو بەوەزارەتی پەروەردەشەوە كەبەر ئەو گۆڕانكارییە كەوت، هەڵبەت هیوایەك بۆمامۆستایان بە گشتی و پەروەردەكاران بە تایبەتی دروستبووە كە گۆرانكاری لە پڕۆسەی پەروەردە دێتە كایەوە بەو ئاڕاستەیەی كە پەروەردەكاران خوازیارین، مەبەستمە بڵێم مامۆستایان و پەروەردەكاران لەسەروبەندی دروستبوونی كابینەی نوێوە بۆچوونێكیان لا دروست بووە كە وەزارەتی پەروەردە مەبەستییەتی گوێ بۆ مامۆستایان بگرێت و پێشنیارەكانییان بەهەند وەربگرێت بۆ سەر ڕێچكە خستنی پڕۆسەكە، بۆیە پێم وایە لە ماوەی نزیكەی سێ مانگی ڕابردوو زۆرترین مامۆستاو پەروەردەكار بەشداربوون لە پێشنیاركردن بۆ وەزیرو وەزارەتی پەروەردە، تا ئەو كاتەی دەرگای قوتابخانەكان نەكراونەتەوە كێشەی زەق و بەرچاوی پڕۆسەی خوێندن نابینرێت، بەڵام لەگەڵ دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندن مامۆستایان و پێشنیاركاران بەدوای چارەسەر و جێبەجێكردنی پێشنیازەكانییانەوەن و كە هەر خەمساردییەك لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارو ڕێنماییانە ی دەركراون لەلایەن خودی وەزارەتەوە خەمساردی لای مامۆستایان و قوتابییان دروستدەكات و ساردیان دەكاتەوە لەو گڕووتینەی كە پێش كردنەوەی دەرگای قوتابخانمەكان هەیانبوو.
سەدایەكی تری زەنگی ئەمساڵ و هۆكاری ئەم خۆ لێ هەڵكردنە دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك بڕیارو ڕێنمایی وەزارەتی پەروەردە كە زۆریك لە پەروەردەكاران پاڵپشتی بوون بە تایبەتی سنوورداركردنی وانە وتنەوەی مامۆستایانی میلاكی وەزارەتی پەروەردە لە قوتابخانە ناحكومییەكاندا و هەڵوەشاندنەوەی وانەكانی زانست و بیركاری لە ئینگلیزییەوە بۆكوردی و و پێدانی یەك ئاڕاستەیی بە خوێندن لە سەرجەم قوتابخانەكاندا.
بۆیە پارێزگاریكردن لەم گڕوتینە ئەركی وەزارەتی پەروەردەیە كە زیاتر كار لەسەر جێبەجێكردنی پێشنیارەكانی مامۆستایان و پەروەردەكاران بكات و هاوكات بەدواداچوونی وردیشی بۆ بكرێت كە تاچ ڕادەیەك جێبەجێكراوە ، ئەو ئاستەنگانەی بۆ ئەمساڵی خوێندن دروست دەبێت پێم وایە یەكەمیان پرۆسەی پەرەپێدانی قوتابخانەكانە كە ئەركی گەورە دەكەوێتە سەر بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیارانیش بەشێكی زۆری جێبەجێكردنی پڕۆسەكەو ڕۆڵییان بەردەكەوێت، كە ئاستەنگە زەقەكانی وردە وردە سەرهەڵدەدات ، چونكە وەك دەزانرێت هیچ پڕۆسەیەكی نوێ بێ كێشە تێناپەڕێت وپرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی قوتابخانەكانیش بابەتێكی ترە كە پێم وانییە جێبەجێببێت و كێشە گەلێك بە دوای خۆیدا دەهێنێت ئەمانەش بەشێك دەبن لە سەدا جیاوازەكانی زەنگی ئەمساڵی خوێندن.









