عەتا مەلا تاهیر
كە باس لە پرۆسەی پەروەردە دەكرێت هەمیشە دەگوترێت پەروەردە لەسەر سێ بنەما دادەمەزرێت، كە ئەوانیش قوتابی و مامۆستا و پرۆگرامە و تا ئەوەی پەروەردە كاران ناویان ناوە سێكوچكەی پەروەردە
بەدڵنییایەوە ئەمانە هەرسێكیان بنەما و گرنگن لە بواری پەروەردە، بەڵام نابێ ڕۆڵی قوتابخانە وەك فەرمانگەیەكی حكومی و كارگێڕی قوتابخانە بەكەم لەچاو بگیرێت، چونكە گریمان بنەماكانی سەرەوە هەمووی باش بوو، بەڵام كارگێڕی قوتابخانە لە ئاست پێویست نەبوو، ئەوا نا یەكسانی و نەبوونی ئینتیما و ئیلتزام نەكردن دەبنە سیمای ئەو قوتابخانەیە و دواجاریش دەبێتە هۆی دابەزاندنی بنەماكانی تریش.
ئەوەی مەبەستمە لێرە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە:
قوتابخانەكان فەرمانگەن و سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردەن، بەڵام هیچ كات وەكو فەرمانگە مامەڵەیان لەگەڵ نەكراوە و وەكو پێویست گرنگییان پێ نەدراوە ئەمەش لەچەند ڕوویەكەوە كە بەخاڵ دیاری دەكەم
1- بەڕێوەبەری قوتابخانە دەسەڵاتی زۆر سنووردارە و دەتوانم بڵێم دەسەڵاتێكی ئەوتۆی كارگێڕی نییە
2- هەموو فەرمانگەیەك دەتوانێت نووسراو بۆ فەرمانبەری خۆی بكات بۆ هەر شوێنێك و فەرمانگەیەك بێت بەمەرجێك لە ڕووی كارگێڕییەوە لەو بەرزتر نەبێت ، كەچی بەڕێوەبەری قوتابخانە ئەو دەسەڵاتەی نییە، بەڵكو دەبێ بۆ سادە ترین نووسراو كە پشتگیرییە، بەڕێوەبەری داماو دەبێ نووسراو ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكەی بكات و لەوێش دوای چەندین ڕۆتین و ماندووبوون ماموستای بەڕێز كە پشتگیرییەكەی داواكردووە شادمان دەبێ بەشەرەفی وەرگرتنی پشتگیریەكەی.
3- بەڕێوەبەری هەر فەرمانگەیەك فرۆشگای فەرمانگەكەی خۆی بەكرێ دەدات و ئەو دەسەڵاتەی هەیە بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرووی خۆی، كەچی فرۆشگای قوتابخانەكان لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردەوە بەكرێ دەدرێن و بەشێكیش لەو پارەیە دەگەڕێندرێتەوە پەروەردەكان بەمەبەستی دابەشكردنی بەسەر ئەو قوتابخانانەی كە فرۆشگایان نییە.
4- هەر فەرمانگەیەك لایەنی كەم ئوتومبیلێكی هەیە، هەڵبەتە لەو فەرمانگانەی كە میلاكییان زۆرە زۆر كات فەرمانبەری وا هەیە ئەتۆمبیلی حكومەتی لایە كە هیچ كارێكی بەو ئۆتۆمبیلە نییە جگە لە هاتوچۆی خۆی، كەچی بەڕێوەبەری قوتابخانە زۆر پێویستترە و هەمیشە دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە بكات بۆ ڕایی كردنی كاروباری قوتابخانە.
5- بەڕێوەبەری هەر فەرمانگەیەك دەسەڵاتی ئەوەی هەیە فەرمانبەرانی خۆی بەگوێرەی شایستەبوونییان ڕێز و سوپاس یان سزایان ئاراستە بكات، بەڵام بەڕێوەبەری قوتابخانە ئەو دەسەڵاتەی نییە.
ئەمانە و چەندین دەسەڵاتی تر، ئێستا ئەگەر بپرسین قوتابخانە كە بە بڕوای من لە هەرهەموو فەرمانگەكانی حكومەت گرنگترە دەسەڵاتی چییە؟ بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانە دەبێ هەر بەش مەینەت و داماو و بێ دەسەڵات بێ بە بەراورد بە بەڕێوەبەری هەر فەرمانگەیەك ، بۆ هەر دەبێ ڕووی گلەییەكان لەوبێ.
لێرەولەوێ گوێبیستی گەڕانەوەی شكۆی مامۆستا دەبین، من دەڵێم ناتوانین شكۆ بۆ مامۆستا یگەڕێنینەوە لەكاتێكدا مامۆستا لە قوتابخانە دەوام بكات كە شكۆی لە ڕووی كارگێڕییەوە لە نزمترین فەرمانگە نزمتر بێت، بۆیە دەبێ كار لەسەر شكۆداركردنی قوتابخانە بكەین لە ڕووی كارگێڕییەوە ، دەبێ قوتابخانە هەم لە ڕووی كارگێڕییەوە و هەمیش لە ڕووی داراییەوە لە ئاستێك بەرز مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
ئەو كات مامۆستا هەست بە گرنگی خۆی دەكات و زیاتریش خۆی ماندوو دەكات و قوتابییەكانیش بەچاوێكی بەرزتر سەیری مامۆستا دەكەن و ئاستیشان بەرزتر دەبێ و بواری چاڵاكی جۆراو جۆریش زیاتر دەبێ لە قوتابخانەكان.









