خهبات: وریشە عومەر:-
كۆچەرنوری عەبدوللا لەساڵی 1974 لەدایك بووە هەرلەتەمەنی منداڵیەوەخولیای هونەری نواندن بووە ، لەساڵانی هەشتاكانەوە لەنواندن وشانۆ بەردەوامە ، ناوبراو لەمناڵیەوە لەساڵی 1983 وە لە تەلەفیزێۆنی كەركوكی ئەوكاتەوە لەگەڵ لەیلای خوشكی ومناڵە بەهرەمەندەكانی هەڵەبجە بەشداریان لە ئۆپەرێتە بەناوبانگەكانی سەوزە ، ڕێویەو لە پێستی شێردایە ، پەلكە زێڕینە وچەند ئۆپەرێتێكیتر كردووە ، تا ئێستاش بەردەوامە خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە دیارترینیان مەمی ئالان و كۆتەڵەكەی ئەحمەد موختارجاف و ئەوڕۆژەی ماسی بوو بەگورگ و بۆنی سێوو میهرەجانی كەلاوەكان بەگشتی كۆچەر تائێستا وەكوئەكتەر ڕۆڵی لە 48 بەرهەمی شانۆیداهەبووە،لەگەڵ 10 فیلمی سینەمایی، بەشداری لە 30 فیلم و زنجیرەدرامای تەلەفیرێۆنی و ڕادێۆ و كورتە فیلم داكردووە،وەكو كاری هونەری و یاریدەدەری هونەریش بەشداری زیاتر لە 10 كار كردووە .ناوبراو زۆربەی هەرەزۆری كارەكانی لەگەڵ هاوسەری ژیانی هونەرمەند جەلیل سەعیدە ئەم دووهونەرمەندە خۆشەویستە خاوەنی 3 جگەرگۆشەن، لەم دیمانیە بۆچوونەكانی ئەم خاتونە ئەكتەرە بخوێنەوە:
هۆكارچیە كەبینەر لەدرامای كوردی تۆراوە؟
هۆكارئەوەیە پشگیری و هاندانی هونەر زۆركە مە تاڕادەیەك بە بەشێكی زۆرلاوەكی دادەنێن لە بەڕێوە چونی ووڵات دا ، كەخۆی لەخۆیدا هونەر ناسنامەی میللەتانە ، وەك دەڵێن ئەگەردەتەوێ گەلێك بناسیت سەیری ئاستی هونەرە كەی بكە ،، ئێمەش خاوەنی وەها بەرهەمێكی خۆماڵی نین كەویست وئارەزووی خەڵكەكەمان تێركات ئیتر بەوبەرهەم هێنانە كەمە وە ئەوەدەبینین كەبینەری كورد ناچاربێت بەدوای بینینی بەرهەمی بیانیدا بگەڕێت ،سەرباری ناهەمواری بارو گوزەرانی ژیان .
تاچەند درامای تیجاری یان باشتر بڵێین ئەوفلیمانەی كە لەهەندێك كەناڵ یان لەسینەماكان دەكرێت خزمەتی هونەری كوردیدەكەن؟
ئەوانە هەوڵێكی تاكە كەسیە هەرگیز ناتوانن منافەسەی بەرهەمە جیهانیەكانی پێبكرێت ، چونكە ناتوانرێت بەمجۆرە ئاستی بەرهەم هێنانی فیلمی كوردی پێشبخرێت ، چونكە پاڵپشتی دارایی پێویستیان نیە ، بەڵام ئەوهەوڵانەی كەهەن جێگەی دڵخۆشی ودەستخۆشین .
دەبێت چی بكرێت بەبۆچوونی تۆ هەتا بینەر و شانۆ و درامای كوردی ئاشت بكرێنەوە؟
پێویستەهونەر حسابی گرنگی وبەهای خۆی بۆبكرێت ،پشتگیری ولاكردنەەی جدی حكومەت لەم بوارە ، وە كۆنتاكت دروستكردن و هێنانە ناوەوەی كۆمپانیاكانی كوردستان ، بەڕای من تاكوسەرخستنی ئەم بوارە كاری هاوبەش بێتەئاراوە حكومەت وكەرتی تیبەت ، ئیتركەئەم پرۆژە ش كەوتەسەرپێی خۆی ئەوكات كۆمپانیاكان خۆیان دەكەونە هەڵپەی بەرهەم هێنانی كاری هونەری و تاڕادەیەكی باشیش منافەسەی هونەری وبەرزی ئاستی كوالێتی وپرۆفیشناڵی كارەكان دێتە ئاراوە.
ڕۆڵ بینین لەشانۆی شەقام خۆشترە یان هۆڵ بۆ؟
لەلای من هەردوكیان ئاسایی یە ، چونكە لەهەردوو چەمكەوە ئەكتەر ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەرهەڵس و كەوت دەكات و ڕاستەو خۆ پەیامەكەدەگەیەنێت ، تەنهاجیاوازی سەرشانۆ ئەوەیە سنورێكی دیاریكراوت لە بەردەستە ، بەڵام شانۆی شەقام ئەتوانیت زۆربەی شارەكە یان بڵێم ئەوشوێنەی نمایشی لێدەكرێت بكەیتە شانۆ ، واتە نەهێڵیت بینەریش پەیوەست بكەیت بەجوگرافیایەكی بچوك بۆ دانیشتن وبینینی نمایش ، هەروەكو چۆن ئێمەلەساڵی 1992 لەهەڵەبجە یەكەم شانۆی شەقام مان نمایشكرد بەناوی میهرەجانی كەلاوەكان كەدەرهێنانی برای بەڕێزم ڕزگار ئەمین بوو كە لەتەواوی كوچە وبازاڕوشەقامەكانی هەڵەبجە نمایشمان تێداكرد ، بینەریش كۆڵانەوكۆڵان لەگەڵمان ئاوێتەی كارەكە بووبوون ، بەڵام بەداخەوە ئەوە چەندین كاروفیستیڤاڵی شانۆی شەقام دەكرێت ، هەم نمایشكارلەچەقی جوگرافیایەك وەستاوەو بینەریش بازنەیەكی دروستكردوە بەدەوریدا ، كەئەمەش خۆی لەخۆیدا زۆرجار ئەوپابەندبون وجوگرافیا بەرتەسكەش هەمان شێوازی هۆڵەكەیە لەشوێنێكی كراوە و سەربەتاڵدا .
تاچەند قورسترە كاتێك ڕۆڵی سەرەكی دەبینیت لەگەڵ ڕۆڵی ئاسای؟
هیچ قورسی وگرانیەك نابینم لە ڕۆڵ بینین ، لەدەوری سەرەكی لاوەكیدا ، چونكە هونەرمەند لە هەردووكاتدا ئەبێ حەقی خۆی بداتە ئەوڕۆڵەی ئەیبینێت .
وەكو شانۆكارێك لەمپەڕەكانی سەر ڕێگەت چین؟
جاچی نین ! هەرلە كاردانەوەی ناجۆری كۆمەڵگا و دەورو بەر و ئایدۆلۆجیەتی ڕامیاری هەندێ لایەنی ئیسلامی كەبەدرێژایی تەمەنی هونەریم هاوتەریب لەگەڵما بوون لەدروستكردنی كۆسپ و لەمپەر لە ڕێگەمدا ،لەساڵانی ڕابوردوودا ، خەڵكیان دانابوولەبازاڕدا تەماتە و خەیاری ڕزیویان تێدەگرتم وەك سوكایەتی بۆئەوەی كۆڵم پێبدەن ، بەڵام نەك هەربەوانە ئەوەبوو تاكار گەیشتە ئەوەی لەساڵی 1995 لەهەڵەبجە لەكاتی نمایشكردنی شانۆگەری مینكۆ لەدەرهێنانی برای بەڕێزم مامۆستا هیدایەت عوسمان تەقەیان لێكردین و شانۆكەو یادەكەشیان وەستاند ، بەڵام من تائێستەش لەگەڵ هاوسەرەكەم هەربەردەوامم ونەوەستاوم .
هەتاكەی ئامادەی شانۆكاربیت؟
تاكو لەژیاندابم دەمەوێت هەمیشە بەردەوام بم.
دوا پرۆژەت چیەوخەون بەچیوە دەبیت؟
جارێ لەبەرباری تەندروستیم پڕۆژەیەكی دیاریكراوم نیە ، وە خەون بەوە ئەبینم هونەرمەند لەم وڵاتەدا خەمی نانی نەبێت، بەڵكوژیانی ئەوەندە فەراهەمبێت تەنهاخۆی بۆهونەرەكەی تەرخان بكات، بۆئەوەی بەئاسودەیی داهێنان بكات لەهونەرەكەیدا!










