خهبات: رەمزی میرەكانی:-
ئەندرێس ئینیێستا، یاریزانی پێشووی بەرشلۆنە و ئێستای یانەی ڤیسیل كوپێی ژاپۆنی، بایەخدانی خۆی بە بوونە راهێنەر دووپات كردەوە، بەڵام ئێستا نا، چونكە هێشتا پەرۆشی و ویستی هەیە وەكو یاریزان بەردەوام بێت. ئینیێستا لە میانی لێدوانی بۆ كەناڵی DAZN? لە بارەی چوونی ئەنتوان گریزمان بۆ بەرشلۆنە گوتی: من دەتوانم وەكو یاریزانێك قسە بكەم، ئەنتوان لەسەر ئاستی تاكە كەسی، لەنێو باشترین یاریزانەكان دایە، هەروەها گوتیشی: دەبێتە پاڵپشتییەكی بەهێز بۆ یانەكە.
لە وەڵامی پرسیاری چوونی ئیدین هازارد بۆ ریال مەدرید وتی:”یاریزانێكە جیاوازی دروست دەكات، یاریزانێكی تەواوە، لە لای راست و چەپ یاری دەكات، یاریزانان دەبڕێت، هێز و خێرایی هەیە، یاریزانێكی تۆقێنەرە، بۆیە دەتوانێت ببێتە یاریزانێكی گرنگ لە ریال مەدریددا، من لە مێژە ئەوم بەدڵە”. لە بارەی بەراوردی نێوان بەرشلۆنە و مانچستەر ستی، لەژێر سەرپەرشتی پیپ گواردیۆلا وتی:”وابزانم یەكێ لە سیفەتە تاكەكەسییەكانی پیپ ئەوەیە، سەرپەرشتی هەر تیپێك بكات، بە ویستی ئەو یاری دەكات، بەو شێوەیەی كە ئەو دەیەوێت”. هەروەها وتی:”بەدڵنیاییەوە ستی لەو ساڵانەی كە گواردیۆلا لەوێیە، بە شێوازێك یاری دەكات، كە گوزارشت لە بۆچوونی ئەو دەكات، ئەوەش شتێكی گرنگە، بۆیە هەر قۆناغێك لەوی دیكە جیایە”. ئینیێستا لەبارەی باشترین یاریزان لە خولی ئینگلتەرا وتی:”دێڤید سیلڤا باشترینە، هەرچەندە یاریزانی باشی زۆر هەیە، بەڵام من سیلڤا هەڵدەبژێرم”. لە بارەی كام یانەش دەبێتە پاڵەوانی پریمەرلیگ وتی:” مانچستەر ستی”.









