گفتوگۆی-عەلی بانیشاری
بەرپرسی لقی12ی پارتی لە هەڵەبجە دەڵێ: پاش پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە، بەڕێوەبەرە گشتییەكانی پارێزگاكە دادەنرێن. لەگفتوگۆیەكیدا لەگەڵ (خەبات) بەسام عەلی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات پارتی لە رێگەی ئەو پۆستانەی كە لە هەڵەبجە وەریدەگرێت دەیەوێت خزمەتی خەڵكی شارەكە بكات. سەبارەت بە دروستكردنی رێگری لەبەردەم كاری بەڕێوەبەرەكان؟ ناوبراو دەڵێت: لەمپەر دروستكردن لەبەردەم كاری بەڕێوەبەرە گشتییەكان كارێكی ئاسان نییە. بەرپرسی لقی 12پێشی وایە بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا دەم و دەزگاكانی هەڵەبجە دەكەونە سەر پێی خۆیان.
سێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەری ناحیەیەك بەر پارتی دەكەون
بەسام عەلی، دەڵێ: لە پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە سێ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری ناحیەیەك بەر پارتی دەكەون. پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە تەنها لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم وەستاوە. بەپێی زانییارییەكانی (خەبات) لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە پێكدەهێنێت و وەزارەتی ناوخۆ ئەندامانی ئەنجوومەن كە لە 25 كەس پێكدێت دادەمەزرێنێت. 5ی ئەم مانگە لایەنە سیاسیەكانی هەڵەبجە ناوی بەربژێرەكانیان رادەستی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە كرد. لە كۆی 25 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگا پارتی سێ كورسی بەردەكەوێت و بەربژێرەكانی پارتیش پێكهاتوون لە ئەردەڵان ئەحمەد، شێنێ وشیار، كاروان ئەمین. بەرپرسی لقی12ی پارتی، دەشڵێت: ناوی بەڕێوەبەری ناحیەكەمان رادەستی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە كردووە. لەبارەی ناو ئەو سێ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەی كە لە هەڵەبجە بەر پارتی دەكەوێت؟ بەسام عەلی، گوتی: هێشتا یەكلا نەبووەتەوە كە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتیانەی بەر پارتی دەكەون كامانەن. گوتیشی: پاش پێكهێنانەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لەناو ئەنجوومەنەوە دەستنیشان دەكرێن.
پارتی لە رێگەی سیڤییەوە بەڕێوەبەرە گشتییەكان دادەنێت
بەرپرسی لقی12ی پارتی لە هەڵەبجە دەڵێت: سیڤی لە هەموو ئەو هەڤاڵانە وەردەگیرین كە تموحیان هەیە ببنە بەڕێوەبەری گشتی لە پارێزگای هەڵەبجە و پاشان لەگەڵ سەرەوەی خۆمان گفتوگۆ دەكەین و بڕیار لەسەر دانانی ناوی بەڕێوەبەرەكان دەدەین. ئاماژەی بەوەشدا پۆستی بەشێك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان پێویستی بە پسپۆڕی هەیە و دەبێت پسپۆڕی لەبەرچاو بگیرێت. بەسام عەلی دەشڵێت: لە رێگەی بەڕێوەبەرە گشتییەكانەوە دەمانەوێت خزمەتی خەڵكی پارێزگای هەڵەبجە بكەین. لەبارەی دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم كاری بەڕێوەبەرە گشتییەكان؟ بەرپرسی لقی 12گوتی: هیواخوازین بە هەموومانەوە لەمپەر بۆ كارەكانی یەكدی دروست نەكەین، چونكە بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەپێی رێنماییەكانی حكوومەت كار دەكەن. پێشی وایە دروستكردنی لەمپەریش لەبەردەم كاركردنی بەڕێوەبەرەكان كارێكی ئاسان نییە.
گرنگی پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا چییە؟
بەسام عەلی لەبارەی گرنگی ئەنجوومەنی پارێزگاوە؟ دەڵێت: لەبەر ئەوەی تائێستا هەڵەبجە بێ ئەنجوومەنی پارێزگا بووە بودجەی بۆ تەرخان نەكراوە. دەشڵێت: پاش پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا دام و دەزگاكانی هەڵەبجە دەكەونە سەر پێی خۆیان و لەسەر ئاستی كوردستانیش وەكو پارێزگایەك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لەسەر ئاستی عێراقە كە پێویستە هەمووان پێكەوە هەوڵبدەین وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا بكرێت. ئەوەشی گوت: كۆمەڵێك رێگا هەیە لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە دەگیرێتە بەر، ئەگەر ئەنجوومەن نەبێت گرفتی ئیداری دروست دەبێت، بۆ نمونە تائێستا 8 بەڕێوەبەری گشتی لە هەڵەبجە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن لەگەڵ پێكهێنانی ئەنجوومەن ئەوانە دەبنە بەڕێوەبەری گشتی. ناوبراو زیاتر لە بارەی گرنگی ئەنجوومەنی پارێزگاوە قسەی كرد و گوتی: دیاریكردنی بوودجە و چۆنییەتی خەرجكردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دیاری دەكات، ئەنجوومەن دەسەڵاتی چاودێری بەسەر دام و دەزگاكانی پارێزگاكەوە هەیە، ئەنجوومەن لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیش دەتوانێت وەكو پارێزگا مامەڵە بكات.
دەبێت هەڵەبجە بكرێتە یەك بازنەی سەربەخۆیی هەڵبژاردن
بەرپرسی لقی12ی پارتی دەڵێ: لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا دەبێت كاری جدی لەسەر ئەوە بكرێت پارێزگای هەڵەبجە بازنەیەكی سەربەخۆیی هەڵبژاردن بێت وەكو پارێزگاكانی دیكە و هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێت. بەسام عەلی گوتیشی: نابێت خەڵك پێی وابێت كە ئەنجوومەنی پارێزگا پێكهات ئیدی هیچ گرفتێك دروست نابێت، چونكە پارێزگاكانی دیكەش خاوەن ئەنجوومەنی خۆیانن و گرفتیشیان هەیە. بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014 كورسی لایەنەكانی هەڵەبجە بەم شێوەیە: پارتی سێ كورسی، یەكێتی شەش كورسی، گۆڕان پێنج كورسی، یەكگرتوو چوار كورسی، كۆمەڵ سێ كورسی، بزوتنەوەی ئیسلامی دوو كورسی، شۆسیالیست یەك كورسی، كاكەییەكان یەك كورسی.
سهرهتا چاوپێكهوتن بەرپرسی لقی 12ی پارتی بۆ خەبات:دەمانەوێت لە رێگەی وەرگرتنی پۆستە ئیدارییەكانی هەڵەبجەوە...









