كاروان محەمەد سینۆ
بڕیارە لە 1ی نیسانی 2020 واتا پاش (7مانگی دیكە) پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراقدا ئەنجام بدرێ بە شاری كەركووكیشەوە. پێم وایە (هیوادارم هەڵەبم) ئەم پرۆسەیە لەم بارودۆخەی ئیستای كەركووك و باردۆخی ناوخۆی ناوماڵی كورد بەگشتی و لەشاری كەركووك بەتایبەتی، ئامانجێكی باشی نابێت بۆ دۆزی كورد. لەبەر ئەوەی تاكو ئێستا بارودۆخی شاری كەركووك ئاسایی نەكراوە و تاكو ئێستا میكانیزمێكی وا لە ئارادا نییە كە هاوڵاتیان و ئاوارە كوردەكانی شاری كەركووك و گوند و قەزا و ناحیەكانی بەڵنیاییەوە لە شاری كەركووكدا بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ببن و ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە و پولیس و پۆلیسی قەزاوناحەكان و ئاسایش و ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی كوردی كەركووك تاكو ئێستاكە بەهۆكاری جودا جودا كارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووە، لەلایەكی دیكەوە وەرگرتنی پسولەی خۆراك و ناسنامەی باری كەسی لە كەركووك زۆر ئاسانە بەنیسبەت غەیرە كورد لە شاری كەركووك ، سەرەرای چەندین كێشەی دیكە. بۆیە ناتوانن بچنە نێو شاری كەركووك بۆ بەشداری كردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك (2020). هەروەها ئاسایی نەبوونی بارودۆخی شاری كەركووك، كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پرۆسەی هەڵمەتی پڕۆپاگەندای تایبەت بە هەڵبژاردن و ئەمنیەتی بنكەكانی پرۆپاگەندا و بنكەكانی هەڵبژاردن و بارەگاكانی حزبە كوردییەكان. لەلایەكی دیكەوە نەبوونی دەسەڵات و چاودێری كورد لە نێو حكوومەتی لوكاڵی ئیستای كەركووك، رێخۆشكەرە بۆ لایەنەكانی دیكەی پێكهاتەی كەركووك كە گزی و یاری بە تۆماری سەركییەكانی ناوی هاوڵاتیان بكەن و بەشێوەیەك لە شێوەكان ناوی هاوڵاتیانی كورد لە تۆمارەكاندا شوێنبزر بكەن. بەهەر حال. لەبەر ئەم هۆكار و چەندین هۆكاری دیكە، وەكو بوونی میلیشیای حەشدی شەعبی و پۆلیسی ئیتیحادی (تاك لایەنانە) لە كەركووك كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر رێژەی بەشدار بوونی هاووڵاتی كورد لە هەڵبژارن، وێرای گوشاری ئەمنی و دەروونی لەسەر هاوڵاتیانی كورد لەو بارودۆخەدا. بۆیە بەشێنەیی دەڵێم، پێویستە هەموو حزب و لایەنە كوردییەكان كە ناكۆی و بیروبۆچوونی جیاوازی خۆیان وەلا بنێن و دوور لە (سیاسەتی مەچەك بادان) و موزایەدە و پشك پشكێنە، كێشە و ناكۆكییەكانی خۆیان كەلەدەرەوەی كەركووك هەیانە، نەبە نێو كەركووك و پڕۆسەی هەڵبژاردن لە كەركووك. یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بڕیار لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بدەن. لەم رووە كورد لە كەركووك سێ بژاردەی لەبەر دەستدایە، یان ئەوەتا هەوڵبدەن بەیەكەوە گوشار بخەنە سەر حكومەتی فیدڕاڵی عێراق كە بەپەلە و بەر لە هەڵبژاردن لەسەر بنەمای ماددەی (140)ی دەستووری عێراق بارودۆخی شاری كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، یاخود یەكدەنگ بڕیاربدەن بەیەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن، یان (ئەزعەف و ل ئیمان) هەموولایەك یەكدەنگ و یەكریز بایكۆتی هەڵبژاردنەكە بكەن. چونكە ئەمە قۆناغێكی مێژووییە و مێژووش روحم بەكەس ناكات و وەكو یاری (مار و پەیژە) دەگەڕێینەوە چوارگۆشەی یەكەمی زەمانی سەددام حوسێن.









