سوورە مەرگەیی
دەبێ رێكەوت بێ یان خەباتی رزگاریی نیشتیمانی وای خواستووە كە 16ی ئابی1946 ببێتە رۆژی دامەزراندنی پارتی و لەدایكبوونی سەرۆك بارزانی؟! خۆ ئەگەر رێكەوت بووبێ رێكەوتێكی مێژوویی و دەگمەنە، پارتێك لەو رۆژەدا دابمەزرێ و رابەرێك لە هەمان رۆژدا لەدایك ببێ و وەرچەرخانێكی مێژووی لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەیەكی ژێردەستەدا درووست بكەن، ئەگەر خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردیش وای خواستبێ، دووبارە رووداوێكی دەگمەنە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێ. گرنگی ئەو دوو رووداوە مێژووییە لە یەك رۆژدا تەنها لەوەدا نییە كە حزبێك دامەزراوە و سەرۆك و رابەرێك لەدایكبووە، گرنگی ئەو دوو رووداوە لە گۆڕینی رێڕەوی مێژوودایە، ئەوەش پێویستی بە بەدواداچوونە و چی وایكردووە ئەو دوو رووداوە لە یەك رۆژ و یەك ساڵدا رووبدەن و توانای گۆڕینی ئاڕاستەی مێژوویان هەبێ؟ پارتی لەسەر دەستی رابەر و پێشەوای كورد بارزانیی نەمر دامەزراوە، ئەوەش وایكردووە پارتی ببێتە قوتابخانەی بووژانەوەی هزر و بیری نەتەوەیی و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد لە جوغزی ناوچەگەرایی دەربێنێ و رەونەقی كوردایەتی پێ ببەخشێ، سەرۆك بارزانیش وەك كوڕی بارزانیی نەمر دووجار كەوتە ژێر كاریگەری ئەو هزر و بیرە نەتەوەییەی بارزانیی نەمر، جارێك وەك بۆ ماوەیی كە كوڕی بارزانیی نەمرە و جارێكیش وەك پەروەردە و راهێنان لەسەر ئەو هزر و بیرە نەتەوەییەی كە بارزانیی نەمر بنەمای چارەسەری كێشەی كوردی لەسەر هەڵچنی بوو، كەواتە بارزانیی نەمر لە هەڵوێستە نەتەوەییەكانی ئێستا و رابردووی سەرۆك بارزانی و هەموو ئەو دەستكەوت و گۆڕانكاریانەی بە رابەرایەتی ئەو و ئاراستە كردنی پارتی لە خەباتی رزگاریخوازیی كورد روویانداوە و هاتوونەدی، پشكی شێر بەر بارزانیی نەمر دەكەوێ و لە داهاتووشدا هەرچی دەست بكەوێ و بێتەدی هی ئەو و رێبازەكەیەتی.









