لە میانەی كار و چالاكییە مرۆییەكانی لە چوارچێوەی رێكخراوی احلام الطفولە، شاجوانی پێشووتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەحلام حەجی سەردانی نەوجەوانانی كوڕ و كچانی هەولێری كرد و بەبۆنەی نزیك بوونەوەی جەژنی قوربانی دیاریی جەژنی پێشكەش كردن.سەبارەت بەم سەردانەی ئەحلام حەجی رایگەیاند: دوای ئەوەی نازناوی شاجوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستم بەدەست هێنا، پەیامی من وەك شاجوانێك بریتی بوو لە یارمەتیدانی منداڵانی بێ نەوا و سەرپەرشت، بۆیە رێكخراوێكم دامەزراند بە ناوی احلام الطفولە بۆ یارمەتیدان منداڵان لە وڵاتی مەغریب، بەڵام دواتر بە پێویستم زانی كارەكانی رێكخراوەكە فراوانتر بكەم، بۆ ئەم مەبەستەش هاوكاری منداڵانی چەند وڵاتێكی ئەفریقیم كرد، هەروەها سەردانی كەمپی هەرشەمم كرد لە پارێزگای هەولێر كە تایبەتە بە ئاوارەكانی موسڵ و بەپێی ئەو توانایەی كە هەیە هاوكاریم كردن، دواتر لە شاری بەغداش چەند كارێكم بۆ منداڵان ئەنجامدا، هەروەها دوای رزگار كردنی شاری موسڵ بەشداریم لە هەڵمەتێكی ئاوەدان كردنەوەی شارەكە كرد كە بریتی بوو لە درووستكردن و نۆژەنكردنەوەی سەدان خانوو كە لە ئەنجامی شەڕەكاندا وێران ببوون.
سەبارەت بە سەردانی بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر ئەحلام حەجی وتی: حەزم دەكرد رۆژی جەژن لەگەڵ ئەو كوڕ و كچانە بكەمەوە كە لە خانەی نەوجەواناندان، بەڵام لەبەر ئەوەی ناتوانم بۆ جەژن لێرە بم بڕیارمدا پێش جەژن سەردانیان بكەم و دیاری جەژنیان پێشكەش بكەم، چونكە ئامانجی من ئەوەیە خەندە بخەمە سەر لێوی ئەو منداڵانە و ئەوەش پەیامی منە لە ژیان، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە كە لە نێو ئەم نەوجەوانانەدا كەسانی بە توانا و زیرەك هەن لە گشت بوارەكاندا بەتایبەتی خوێندن كە سەرەڕای گرفتەكانیان لە ژیاندا ئومێد ئەوەیان لێدەكرێت كە كەسانی سەركەوتوو و بن و سوودیان بۆ وڵاتەكەیان هەبێت.هەر سەبارەت بە سەردانەكەی ئەجلام حەجی وتی: لێرەدا دەمەوێ سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرپەرشتانی ئەم خانەیە بكەم بۆ ئەو ئەركەی كە دەیگێڕن لە پێناو خزمەتكردنی ئەو كەسانەی لەو خانەدا ژیان بەسەر دەبەن و لەبەر هەر هۆكارێك بێت لە كەسوكار و دایك و باوكیان دابڕاون، ئەو خزمەتگوزاریانەی حكومەتی هەرێمی پێشكەشیانی دەكات مایەی رێز و تەقدیرن و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم لەو ئەركەی مرۆییەدا.
ئەحلام حەجی هەروەها وتی: ئەو منداڵانەی دەبنە قوربانی جەنگ و كێشە كۆمەڵایەتییەكانی نێو خێزان باجی هەڵەیەك دەدەن كە گەورەكان ئەنجامیانداوە، بۆیە ئەركی هەموو لایەكە بەتایبەتی كەسانی خواپێدا و رێكخراوەكان بە هەموو شێوەیەك كە هاوكارییان بكەن.









