بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هەزاران عەرەبی هاوردە دەتوانن لە كەركووك دەنگ بدەن كە ئەوەش بە زیانی كورد دەشكێتەوە.
عەدنان كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانی پارتی، بە خەباتی ڕاگەیاند: خێزانێكی زۆری عەرەب لە شارۆچكەی جرفولسەخەری سەر بە پارێزگای بابل هێنراون بۆ كەركووك كە ئەوان زیاتر لە 4 هەزار دەنگدەریان هەیە و فۆرمی خۆراكیان گواستووەتەوە بۆ كەركووك لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەتوانن دەنگ لە كەركووك بدەن، جگە لەوانیش هەزاران عەرەبی هاوردەی دیكە بەهەمان شێوە دەتوانن لە كەركووك دەنگ بدەن كە ئەوەش بەزیانی كورد دەشكێتەوە. گوتیشی: یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق زۆر بە زیانی كوردە و یەكێك لەوانە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی قەزا و ناحیەكان هەڵوەشاوەتەوە و ئێستا لە بەغداوە دەتوانرێ قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێ دابنرێت ئەوكاتە ئەوان بە ئارەزووی خۆیان عەرەب دادەنێن و هەروەها ئێمە داوامان كردووە پێش ئەوەی هەڵبژاردن لە كەركووك ئەنجام بدرێت دۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە.









