
كۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمەریكای باشوور (كۆنمێبۆڵ) بەهۆی لێدوانەكانی لە دژی كوپا ئەمەریكای 2019 و كۆنفیدراسیۆنەكە، سزای ئەستێرەی ئەرژەنتینی یانەی بارسێلۆنا، لیۆنێل مێسی بە سڕكردنی لە یارییە نێودەوڵەتییان بۆ ماوەی سێ مانگ دا.
لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن كۆنمێبۆڵەوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بەوەكراوە بەهۆی لێدوانە “بێ بنەما و قبووڵنەكراوەكان”ی مێسی لەدژی كوپا ئەمەریكای 2019 و كۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمەریكای باشوور، ناوبراو بە سێ مانگ دوورخستنەوەی لە یارییە نێودەوڵەتییەكان و پێبژاردنی 50 هەزار دۆلار سزادراوە. جێی باسە لەدوای دۆڕانیان بە هەڵبژاردەی بەڕازیل بە ئەنجامی 2-0 لە یاریی نیوەی كۆتایی و بردنەوەیان لە هەڵبژاردەی چیلی بە ئەنجامی 2-1 و بوونە خاوەنی پلەی سێیەم لە پاڵەوانێتیی كوپا ئەمەریكای 2019 لیۆنێل مێسی بەشداریی رێوڕەسمی وەرگرتنی مەداڵیاكانی نەكردبوو. لەدوای ئەوەش كە لە میانی یاریی هەڵبژاردەكەی لەگەڵ چیلیدا، كارتی سووری وەرگرت، مێسی بۆ یارییەك سزادرا.








