خەبات: رەنجبەر بەرزنجی_ن_سۆران
بە پێی ئامارێك تەنها لەماوەی دوومانگی رابردوودا 9 كەس لە ئاوی رووبارەكانی سنووری دەڤەری سۆران خنكاون و بەرێوەبەری بەرگری شارستانی سۆرانیش ئاماژە بەوە دەكات كە هۆكاری سەرەكی رووداوەكانی خنكان پابەندنەبوونە بە رێنمایی و تابلۆكانی هۆشیاركردنەوە. 9 كەس خنكاون… ئاشكرایە دەڤەری سۆران و دەورووبەری ناوچەیەكی گرنگی كەرتی گەشتیاریی سنووری پارێزگای هەولێر پێكدەهێنێت و سالانە بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی سەردانی ئەم ناوچەیە دەكەن و بە پێی ئامارێكیش بە تەنها لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا9 كەس لە ئاوی رووبارەكانی دەڤەرەكە خنكاون ، عەمیدی مافپەروەر (عیماد كەنعان رێكانی) بەرێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران تایبەت بە خەبات رایگەیاند ، بەداخەوە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا9 كەس لە ئاوی رووبارەكانی سنوورەكە خنكاون كە لەو ژمارەیەدا6 كەسیان وەك گەشتیار سەردانی ناوچەكەیان كردبوو و سێ كەسی تریشیان خەڵكی سنوورەكەن. گەڕان بە دوای تەرمی2 كەس بەردەوامە… بەرێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران ئاماژەی بە گەڕان بە دوای تەرمی قوربانییەكان كرد ورایگەیاند ، لەو ژمارەیەكی كە باسمان لێوەكرد توانراوە لە لایەن تیمەكانی بەرگری شارستانییەوە تەرمی حەوت كەسیان بدۆزرێتەوە و گەڕان بە دوای دوو كەسەكەی دیكەش كە یەكێكیان گەشتیارێكی پارێزگای موسڵە و ئەوەیتریشیان هی پارێزگای هەولێر تا ئێستاش بەردەوامە. پابەندنەبوون بە رێنماییەكان… لای خۆیەوە بەرێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران ئاماژەی بە هۆكارەكانی رووداوەكانی خنكان كرد و رایگەیاند: هۆكاری سەرەكی رووداوەكانی خنكان پابەندنەبوونی گەشتیارانە بە رێنمایی و تابلۆكانی هوشیاركردنەوە كە لە زۆر شوێن دانراون ، هەروەها نەشارەزایی لە ناوچەكەش هۆكارێكی ترە ، ئاشكراشە ئەمساڵ رێژەیەكی زۆر باران باریوە ئەمەش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاوی رووبارەكان ئەمەش مەترسی زیاتری دروستكردووە ، هەروەها جگە لەم بابەتانەی كە باسمان لێوەكرد پێویستە شوێنە گەشتیارییەكانی كەرتی تایبەتیش هەوڵی زیاتر بۆ پارێزگاریكردن لە گەشتیارانیان بدەن و شوێنەكانیان لە هەر مەترسییەك دوور بخەنەوە.
سهرهتا بهدواداچوون لە ماوەی دوومانگی رابردوودا9 كەس لەئاوی رووبارەكانی دەڤەری سۆران خنكاون









