ڕاپۆرت-سەید فاتیح بەرزنجی
دامەزراوەیەكی گرنگی وەكو كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لەكوردستان تاڕادەیەكی بەرچاو توانیویەتی خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بكات لە ڕووی پشكنین و بەدواداچوون لەسەر هەموو جۆرەكانی دەرمان بكات جگە لەوەش توانیویەتی ڕێنمایی گرنگ بە هاووڵاتیان بدات. لەو ڕاپۆرتەدا خەبات ووردەكاری پشكنین و بەدواداچوون و ڕێنماییی و هوشیاری گرنگ بە هاووڵاتیان دەدات.
كاركردن لە پێناوی نەهێشتن و بنەبڕكردنی دەرمانی ساختەو قاچاغ
دكتۆر گۆران ڕۆژبەیانی بەڕێوەبەری كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان بۆ خەبات ڕوونیكردەوە: جاران بەرلە دامەزراندنی ئەو دەزگایە كێشەی دەرمان كێشەیەكی زۆر گەورەبوو نەدەتوانرا چارەسەر بكرێت، بەڵام دوای دامەزراندنی ئەو دەزگایە هەموو ئەو دەرمانانەی كە دەهاتنە كوردستان بەشێوەیەكی بەربڵاو بوونی هەبوو، دوای دانانی ستافی پزیشكی و كارمەندی بە ئەزموون و بەتواناو بە هەوڵ و كۆششی وەزارەتی تەندروستی توانرا بەهاوكاری دەزگای كوالیتی كۆنتڕۆڵ كار بۆ پشكنینی جۆرەكانی دەرمان بكرێت و لەلایەن حكوومەتی بەغدا دان بەو دەزگایە بنرێت و بەدەزگایەكی گرنگ باسی دەكات و لێپرسینەوەش لەگەڵ هەموو ئەو كەسانە دەكات، كە دەرمانی ساختە دەهێنێتە كوردستان و ڕۆژانە بەهابەشی لەگەڵ تیمەكانی قایمقامیەتی هەولێرو فەرماندەی پۆلیسی شارەوانی و پۆلیسی ڕێككاری و ئاسایش توانراوە چەندین دەرمانخانەو كۆگای دەرمان دابخەین، جگە لەوەش توانرا ژمارەیەك بازرگانی دەرمانی قاچاغ و ساختە دەستگیر بكرێن و دراونەتە دادگا لەبەر ئەوەی بەشێوەیەكی نایاسایی دەرمانیان بۆ ناو كوردستان هێناوە و ڕێككاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر و ڕۆژانە تیمەكان دەگەڕێن و بەدواداچوون بۆ دەرمانخانەكان دەكەن و داواش لە كۆگاكانی دەرمان دەكەین ئەوانەی كەپێداویستی پزیشكی وبەرهەمی جوانكاری دەفرۆ شێت بەهیچ شێوەیەك نابێ مامەڵە بە فرۆشتنی ئەو جۆرە دەرمانانە بكات هەرشوێنێكیش ئەو جۆرە بەرهەمانە یان لەلایە دەتوانن بیگەڕێننەوە شوێنەكانی خۆیان
لەڕێگەی هەولێر-كۆیە چەندین دەرمانی نایاسایی دەستی بەسەرداگیرا
دواتر سەبارەت بەدەست بەسەرداگرتنی چەندین دەرمان بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ڕوونیكردەوە: ڕۆژی 21/7 لەسەر ڕێگای هەولێر- كۆیەو لەبازگەی دێگەڵەوە دەست بەسەر بارێك دەرمانی نایاسایی داگیرا، لەلایەن بەشی بازگەكانی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان دەست بەسەر ئەو دەرمانانە داگیراوەو بریتی بوو لە بارێك دەرمان و پڕۆتینی نایاسایی و بەرلە داخیلبوونی بۆ شاری هەولێر لەلایەن بازگەی دێگەڵەوە دەستی بەسەرداگیرا.
ئەو بەرهەمانەی كە بۆ دابەزاندنی كێش و بەهێزكردنی سێكس بەكاردێن ساختەن
هەرلەو ڕاپۆرتەدا بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان دەربارەی ئەو جۆرە دەرمانانە ڕوونكردنەوەی هەیە دكتۆر عیسا عەبدولڕەحمان گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان ڕوونیكردەوە: ڕۆژانە لەلایەن تیمەكانەوە پشكنین بۆ چەندین دەرمان دەكەین و ڕێنمایی گرنگ بە شوێنەكان دەدەین، بەداخەوە ڕۆژانە چەندین كەناڵی لۆكاڵی ڕیكلام بۆ دەرمان دەكەن و بۆ چەندین جاریش لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە هوشیاری و ڕێنمایی گرنگ بۆ ئەو مەبەستە بڵاو دەكرێتەوە وەك دەرمانی دابەزاندنی كێش و چارەسەری لاوازی سێكسی و چەندین جۆری دەرمانی دیكە و ماوەی چەند ساڵێكیشە لە شارەكانی كوردستان بە دوو شێواز بەهەمە گژو گیاییەكان بانگەشەیان بۆ دەكرێ كە بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی بەكاردێت و دەرمانەكان ساغ دەكرێنەوەو فرۆشتن بە شێوەی ئۆنلاین لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، بەڵام كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی جۆری دەرمانەكان و شێوازەكانی ساغكردنەوەیان ڕەت دەكاتەوە پزیشكانی پسپۆڕی بەرهەمە ڕووەكییەكان دەڵێن: ڕاستە بەرهەمەكانی ڕووەكی وەكو دەرمان سەیر دەكرێن، بەڵام ئەگەر هاتوو بەرهەمە ڕووەكییەكان بەشێوەیەكی زانستی ئامادە نەكرێن ئەوا نەوەك سوودی نابێت لەوانەیە زیانیشی هەبێت.
دواتریش دكتۆر عیسا گووتەبێژی كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان گوتی: بەرهەمی ڕووەكی زۆر گرنگەو وەكو تەواوكەری خۆراكی پۆڵین دەكرێن و دامەزراوەی خۆراكی ئەمەریكی وەكو تەواوكەری ڕووەكی دەیانناسێنێت و لە زۆر لە توێژینەوەكاندا دەركەتووە، كە هەندێك بەرهەمی ڕووەكی هەمان كاریگەری دەرمانیان هەیە، بەڵام ئەو دەرمانە ڕووەكییانەی كە لە كوردستان و عێراق هەیە ساختەن و مۆڵەتیان نییەو مادەی دیكەیان تێدەكرێتجگە لەبەرهەمی ئەو كۆمپانیایانەی كە بە ڕەسمی مۆڵەتیان پێدراوە.
دواتر گوتەبێژی كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان گوتی: ئەو ڕیكلامانەی كە دەكرێ بۆ دابەزاندنی كێش مەترسیدارن، ڕاستە لەماوەیەكی كەمدا كێش دادەبەزێنێ، بەڵام ئەو مادەیە دەروونی مرۆڤ تێك دەدات و زیانی بۆ مێشكیش هەیە لەبەر ئەوەی مادەی سیڕۆیتیان تێدایە و داوا لە هاووڵاتیان دەكەین كە هەر بەرهەمێكی گیایی ئەگەر مۆڵەتی نەبێت و ستیكەری وەزارەتی تەندروستی بەسەرەوە نەبوو نەیكڕن.
هاووڵاتیان: پێویستە كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان كارەكانی چڕتر بكات
مونا هاونیشتیمانییەكی هەولێرە و لە نزیك بازاڕی لەنگە خەریكی كڕینی دەرمان بوو گوتی: ناوێرم دەرمانی دابەزاندنی كێش بكڕم دەترسم كاریگەری خراپی هەبێ بۆ دوا ڕۆژ. نەهلە بەدەست ئازار گورچیلەوە دەناڵێنێت و گوتی: هاتووم دەرمانی ژانی گورچیلە بكڕم نازانم بەو دەرمانە چاك دەبمەوە یاخود نا.
لوقمان گەنجێكی قەڵەو بوو گوتی: لەبەر قورسی كێشم هیچم بۆ ناكرێ هاتووم تا دەرمانی دابەزینی كێش بكڕم ناشزانم سوودی هەیە یا ئەو پارەیەشم بەفیرۆ دەچێت.









