خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین:-
لەناوەراستی مانگی دووی ئەمساڵ لەشاری بەغدا بەبەشداری 8 یانە پاڵەوانیەتی تۆپی دەستی یانەكانی عێراق دەستیپێكرد، لەپاڵەوانیەتیەكەدا هەر یانەیەك پێویست بوو 7 یاری ئەنجام بدات، یانەكانی كوردستان 4 یارییان لەشاری بەغدا ئەنجام دا، 3 یاریش لەشاری هەولێر لەقۆناخی كۆتایی ئەنجام دا، هەر یەك لەیانەكانی هەولێر و ئافرۆدێت و قەڵا گەیشتنە قۆناخەكانی كۆتایی، لەئەنجامدا دوای ئەنجامدانی 2 یاری لەخولەكەدا هەردوو یانەی هەولێر و ئافرۆدێت گەیشتنە یاری كۆتایی، گێمی یەكەمی یارییەكە لەبەرژەوەندی كچانی هەولێر بەئەنجامی 12-5 گۆڵ كۆتایی هات، بەڵام لەگێمی دووەمی یارییەكەدا دووبارە هەولێر گۆڵبارانی تیپی میوانی كرد، لەئەنجامدا كچانی هەولێر بەشایستەیی توانیان یارییەكە لەئافرۆدێت بەئەنجامی 24-10 گۆڵ بباتەوە و نازناوی خولی تۆپی دەستی یانەكانی عێراق بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بهێنێت، لەبەرانبەردا هەر یەك لەیانەكانی ئافرۆدێت و قەڵا پلەكانی دووەم و سێیەمی خولەكەیان دەستەبەركرد.
لەمبارەیەوە یاریزانی یانەی قەڵا پەروین محەمەد كەپلەی سێیەمی پاڵەوانیەتیەكەیان بەدەستهێنا بۆ خەبات ڕایگەیاند: بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی عێراق ئەنجامێكی بەرزە بۆ یانەكەمان لەم كاتەدا، پێرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەردوو یانەی هەولێر و ئافرۆدێت دەكەم بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەكەم ودووەمی خولی تۆپی دەستی عێراق.
لەكۆتایدا لەلایەن بەرپرسانی وەرزشی عێراق وكوردستان خەڵات و دیاری بەسەر سەركەوتووان دابەشكرا.









