خەبات: كارزان حەیدەر
هێشتا پرۆژەكان لە هەندێك شوێنی هەولێر نەپەڕیونەتەوە ئەوبەری بازگەكان، كە دەگەیتە قەزای دەشتی هەولێر دەبینی هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری نییە لە ڕێگاوبان و نەخۆشخانە و سەوزایی و ئاو و قوتابخانەی باش، بە قسەی قایمقامی قەزای دەشتی هەولێریش زیاتر لە 200 هەزار كەس لە پێكهاتەو نەتەوەی جیا لەو سنوورە فراوانە دەژین، بۆیە كێشەی كۆمەڵایەتی زۆر دروست دەبن و پۆلیس و دەزگا ئەمنیەكانیش هێشتا ئەو توانا باشەیان نییە بتوانن كۆنتڕۆڵی ئەو سنوورە فراوانە بكەن.
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ(خەبات)، ئیبراهیم شێخەلڵا قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر باسی كەمی خزمەتگوزاری و زێدەڕۆیی بێ ژمارە دەكات.
سنووری قەزای دەشتی هەولێر
ئیبراهیم شێخەڵا قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر، سنووری قەزاكەی دیاری كرد و بەقسەی ئەو، قەزای دەشتی هەولێر لە سێ ناحیە پێك دێت لەگەڵ ناوەندی قەزا، ئەوانیش ناحیەی كەسنەزان كە سێ شارەوانی هەیە، مەلا ئۆمەر، شاوێس، كەسنەزان، لەگەڵ ناوەندی قەزا كە بنەسڵاوەیە، هاوكات ناحیەی دارەتوو و قوشتەپە، لە بازگەی شێراوە تاكو پردی بەستۆرە.
پێكهاتەی دانیتشوانەكەشی، ئاوارەی ناوخۆی كەركووك و دەوروبەری و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئاوارەی عەرەبی ناوەڕاست و باشوورن، جگە لە خەڵكی قەزاكە خۆی، پێكهاتەی كۆمەڵایەتی جیاوازی لە عەشیرەت و خێڵ و تیرە تێدایە.
بە پارەیەكی كەمی داهاتی فەرمانگەكان پرۆژە دەكرێت
هەر چەند ڕووبەڕێكی فراوان هەیە و دیاری كراوە بۆ سەوزایی، بەڵام كەمترین ڕێژەی سەوزایی لە قەزای دەشتی هەولێر دەبیندرێت.
ئیبراهیم شێخەلڵا قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر دەڵێ: لە نەبوونی توانای شارەوانی و نەبوونی ئاو، توانیومانە تەنها یەك پارك بەناوی نەمران لە نزیك شارەوانی دروست بكەین لەگەڵ یەك دوو شوێنی دیكە كە سەوزایمان لێ چاندووە، جگەلەوە بودجەمان نەبووە ڕووبەڕی سەوزایی زیاد بكەین.
200 هەزار كەس بێ نەخۆشخانەیە
200 هەزار كەس لە قەزای دەشتی هەولێر بێ نەخۆشخانەن، بۆ هەر نەخۆشیەكی گەورەو بچووك دەبێ بچنە هەولێر هەر چەندە ئەگەر حاڵەتیان تەنگەتاو بێ و پێویستی بە فریاكەوتن بێ.
قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر دەڵێ: كەموكوڕی لە سێكتەری تەندروستی هەیە هەر لەو بڕە دەرمانەی كە بۆ قەزاكە دێ، تا دەگاتە نەبوونی نەخۆشخانەیەكی باشی حكومی كە هاووڵاتیان ناچار دەكات بۆ نەخۆشی بچووكیش بچنە هەولێر.
ئیبراهیم شێخەلڵا دووپاتی كردەوە، نەبوونی نەخۆشخانەیەكی گەورەی حكومی لە قەزاكە گرفتێكی گەورەیە و پێویستە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بیخاتە نێو پلانی خۆی بۆ جێبەجێكردن.
نەبوونی بودجە
هیچ بودجەیەك ئێستا لە قەزای دەشتی هەولێر لەبەر دەست نییە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزاریەكان، هەر لەبەر ئەوە قایمقامیەتی قەزاكە پشتی بە ڕێژەیەكی كەمی داهاتی فەرمانگەكانی بەستووە تا بتوانێ چەند پرۆژەیەكی بچووكی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێ بكات.
ئیبراهیم شێخەلڵا ئاشكرای كرد بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەكان پشتیان بە داهاتی شارەوانیەكان بەستووە كە ڕێژەكەی 17% یە و لە پرۆژەی كورت مەودا خەرج دەكرێت.
لە سێكتەری كارەباش، 8% ی داهاتیان بۆ دەگەڕێتەوە و لە تۆڕەكانی كارەبا خەرجی دەكەن، لە ئاویش 40% ی داهاتیان بۆ دێتەوە و لە پرۆژەكانی ئاو خەرجی دەكەن هەرچەند دەوڵەمەند و خێرخوازان و كۆمپانیاكان هەندێجار هاوكاریان دەكات لە پرۆژەكانی ئاو لە چەند گەڕەكێك و شوێنێكی قەزاكە، قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر دەشڵێ:”بڕیارە لە ئەنجومەنی وەزیران بودجەیەك تەرخان بكرێت بۆ ئەوەی پرۆژەكانی پێ جێبەجێ بكەین.
ڕەوشی ئەمنی
هەرچەند لە ڕووی ئاسایشەوە قەزای هەولێر ئارامەو پارێزراوە، بەڵام بەهۆی سنووری فراوانیەوە، پێویستی بە پۆلیس و ئاسایشی زیاتر و توانی باشتر هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی.
قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر دەڵێ:”لەهەر خافڵ بوونێك، زێدەڕۆییەكی زۆر دەكرێتە سەر زەویە بەردەڵانەكان و كشتوكاڵیەكان، بەهۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆری پێكهاتەو نەتەوە و عەشیرەت و خێڵی جیاوازی تێدایە، زۆر جار كێشەی كۆمەڵایەتی دروست دەبێ و بەو توانا كەمەی پۆلیس و ئاسایش هەیەتی، ناتوانێ ئەركەكەی خۆی بە تەواوی جێەبەجێ بكات
بە هەزاران حاڵەتی زێدەڕۆیی لەسەر زەوی كشتوكاڵی و بەردەڵانی هەیە
ڕێگە گرتن و لادانی ئەو هەزاران حاڵەتی زێدەڕۆییەی كراوەتە سەر زەویە كشتوكاڵی و بەردەڵانیەكان بەشێوەیەك زەحمەت بووە، پەرلەمانی كوردستان دەیەوێ ڕێگە چارەیان بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام ڕێگە چارەیەكە خزمەت بە نیشتیمان ناكات، بەڵكو چاو داخستنە بەرامبەر تاوانی دەست بەسەرداگرتنی موڵكی گشتی.
قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر ئاشكرای دەكات، بە هەزاران حاڵەتی زێدەڕۆیی تۆمار كراوە، بەتایبەت لەسەر ڕێگای پیرمام تا دەگاتە كەسنەزان و پشتی بەرزاییەكانی كەسنەزان، لە بنەسڵاوەو دارەتوو و قوشتەپەش بەهەمان شێوە، لەسەر زەویە كشتوكاڵی و بەردەڵانیەكان زێدەڕۆیی كراوە.
بۆ چارەسەری ئەو هەزاران حاڵەتی زێدەڕۆییە، ئیبراهیم شێخەلڵا دەڵێ:”بەپێی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2018 كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، چارەسەری كێشەی زێدەڕۆیی بەو شێوەیە كراوە، لیژنەیەك لە سنووری شارەوانی و لیژنەیەكیش لە دەرەوەی سنووری شارەوانی پێكهێندراوە بۆ ئەوەی ڕێگری بكات لە زێدەڕۆی كردن دوای دەرچوونی ئەو یاسایە.
بەڵام ئەو زێدەڕۆییەی پێش ئەو دەرچوونی ئەو یاسایە كراوە، چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە لە تەملیك كردن و بەكرێدان و هەڵوەشاندنەوە.
قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر بە كورتی و كرمانجی گوتی:”بەپێی ئەو یاسایەی ساڵی 2018، ئەوەی پێشی دەرچوونی یاساكە زێدەڕۆیی كردبێ چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە، ئەوەی دوای ئەو یاسایە زێدەڕۆیە كردبێ، لێی هەڵدەگیرێت.
قەزایەكی بێ ڕێگاو بان و شوێنی كات بەسەر بردن
جێی تێڕامان و پرسیارە، قەزایەكی سەر بە هەولێر كە خەریكە دەبێتە گەڕێكێكی دیكە لە هەولێر، هێندە بێ خزمەتگوزاری بێ.
ئەگەر گەڕانێك بكەی بە بنەسڵاوەكە قایمقامیەتی قەزای دەشتی هەولێری لێیە، پێت سەیرە نیمچە شارێك ڕێگاو بانی نییە و شوێنی سەوزایی و باخ و گوڵەكانیشی بوونەتە زبڵخانە، نە گەنجان شوێنێكیان هەیە بۆ خۆیان كۆببنەوەو كاتی لێ بەسەر ببەن یان لە یاریگایەك یاریەكی وەرزشی لێ بكەن، نە منداڵانیش شوێنێكیان هەیە یاری لێ بكەن، هەمیشە دەیان بینی لەنێو تۆز و خۆڵ چاویان بزربووە، ئەگەر ئێوارەش دابێ، خانەوادەكان شوێنێك شك نابەن بچن كاتێكی خۆشی لێ بەسەر ببەن، ژیان بۆ ئەوان جۆرێكی دیكەیەو بۆ هەناسە هەڵمژینێك دەبێ بێنەوە نێو شار، بۆ هەمووانیش ئەوە ناگونجێ.
سێكتەری پەروەردە
دووجار پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر مامۆستا سابیر حەمەد كانەبی كرد بۆ ئەوەی لە بارەی ڕەوشی پەروەردەی سنوورەكە پرسیاری لێ بكەین، وەڵامی پەیوەندییەكەی نەداینەوە هەرچەند 14 ی حوزەیران پشووی فەرمی بوو، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر وەڵامی پەیوەندی هاوڵاتیان ناداتەوە، ڕەنگە سێكتەری پەروەردە كێشەكانی كەمتر نەبی لە كێشەكانی سێكتەری تەندروستی و خزمەتگوزاری و ڕێگاوبان لە قەزاكە، ئەگەر زیاتر نەبێ.
سهرهتا چاوپێكهوتن قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر:بە هەزاران حاڵەتی زێدەڕۆیی لەسەر زەوییە كشتوكاڵی و بەردەڵانەكان...









