سامیە شێروانی
كاتێك ئێمە باس لەئایندەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای دروستكردنی كابینەی نۆیەم دەكەین ، پێویستە سەرەتا مانێك لەبەرخۆدانی سەدەیەك كوردایەتی و تێكۆشان بكەین، دەگەینە ئەو راستییەی كە هەرێمی كوردستان تاكە قەوارەی سەربەخۆیە بۆ سەرجەم پارچەكانی كوردستان، لەبەر ئەوە بۆ ئێمە و كوردستانیانی سەرجەم پارچەكان زۆر گرنگە هەموو هەولێكمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نوێیەی ئێستای هەرێم بێت، لەلایەكی ترەوە لەدایكبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەم قۆناغە هەستیار و پڕلەگۆرانكارییەدا زۆر تایبەتمەندیی جیاواز هەڵدەگرێت، زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە قۆناغەكە كۆمەڵێك خەسڵەتی تایبەتمەندی دەبێت كەكاردانەوەی لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بەجێدەهێلێت.
سەرۆك و مەرجەعی نەتەوەییمان
خەسڵەتێكی گرنگی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستان بوونی سەرۆكێكی بەئەزموون و بەتوانایە كە وەك مەرجەعێكی نەتەوەیی دەدرەوشێتەوە، سەرۆكی هێژا ڕێزدار سەرۆك (مەسعود بازرانی) وەك مەرجەعێكی نەتەوەیی و كارێزمایەكی نیشتمانی هەنگاوەكانی بۆ بەهێزبوونی یەكپارچەیی خاكی كوردستان و برەودان بەبرایەتی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان پارێزەری یەكریزی ماڵی نەتەوەیی كورد ،هەنگاوە حەكیمانەكانی جەنابی سەرۆك (مەسعود بازرانی) هەمیشە پڕن لەمیهرەبانی و لەخۆبووردوویی و گۆڕانكاری گەورە دروست دەكەن. كەسایەتی و كاریزمایی سەرۆك بەجۆرێكە هەمیشە دەتوانێت كاری زۆر ئاستەم و ئەفسانەیی ئەنجام بدات، لەكاتێكدا لەدوای نسكۆی 1975 شۆرشی گۆڵانی پێشكەوتوخواز دەست پێبكات وەرچەرخانێكی مێژوویی تۆمار بكات، بەهەمان شێوە توانی لەساڵی 1988دا بەرەی كوردستانی دابمەزرێنێت و روحی برایەتی و پێكەوەژیان زیندوو_بكاتەوە، لەسەرەتای نەوەتەكانی سەدەی رابردوو توانی یەكەم چەخماخەی راپەرین لەئازاری 1991 لێبدات ، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لەساڵی 2003دا (سەرۆك بازرانی) لەپێناوی بەرگریكردن لەمافە ڕەواكانی گەلی كوردستان، بەجلوبەرگی كوردییەوە لەناو باڵەخانەی ئەنجوومەنی حوكم بەتەنیا بەرامبەر بەسەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەن راوەستا و بەدەنگی بەرز وەڵامی سەرجەم نەیارانی كوردی دایەوە، بەم هەنگاوەی تەواوی جیهانی توشی شۆك كرد، بەپێداگری و چۆكدانەدان، سەرۆك (مەسعود بازرانی)توانی بۆ یەكەمجار فیدرالی بۆهەرێمی كوردستان لەدەستووری عێراقدا بچەسپێنێت، هەمیشە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك چۆكی بەسەرجەم پیلانگێڕان داداوە.
لەلایەكی ترەوە (سەرۆك بازرانی) توانی بەراگەیاندنی ڕیفراندۆم ئومێدێكی نوێ لەبزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان بخوڵێقێنێت، كەهەتا هەتایە وەك مێژوویەك لەتێكۆشان و بەرخۆدان یاد دەكرێتەوە، لەئێستادا سەرۆكی هێژا ڕێزدار سەرۆك (مەسعود بازرانی) وەك مەرجەعێكی نەتەوەیی هەموو هەوڵێكی سەرخستنی پرۆسەی دەوڵەتداری و حوكمرانییە لەكوردستان.
نێچیرڤان بارزانی دیپلۆماتكارێكی بێوێنە
بەبروای سەرجەم چاودیرانی سیاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) هەنگاوەكانی بەدیپلۆماسی ناسراون، هێز وتوانا و كارامەیی لە رابردوودا سەلماندوویەتی كە توانای بەڕێوەبردنی ئەو ئەركەی هەیە چونكە كەسێكی خاوەن ئەزموونە و سەركەوتوو بووە، توانی كوردستان لەقۆناغە سەختەكاندا بپارێزێت، تەنانەت (نێچیرڤان بارزانی) توانی دوای ساڵانێكی زۆر لەقۆناغی دوو ئیدارەیی یەكەم حكوومەتی یەكگرتووی نیشتمانی لەسالی 2006 دابمەزرێنێت، زۆرحەكیمانە توانی ئەم قۆناغە سەختە ببڕێت ، توانی هەنگاوەكانی بنیادنانی حكوومەتی یەكگرتووی هەریم بنیات بنێت، لەم ماوەیەدا زۆرترین پرۆژەی خزمەتگوزاری گەیەندرایە سەرجەم ناوچەكان و دەكرێت بڵێن هەرێمی كوردستان شۆرشێكی دیپلۆماسی لەسەر دەستی رێزدار (نێچیرڤان بارزانی) ئەنجامدا لەماوەیەكی دیاریكراودا زۆربەی وڵاتانی جیهان كونسوڵخانەیان لەهەولێر كردەوە.
لەلایەكی ترەوە ئەگەر تەماشای رۆژانی دوای شانزەی ئۆكتۆبەر بكەین كاتێك فڕۆكەخانەكانی هەرێم راگیران و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان پچڕان، ئەوا دەبینین كە چۆن رێزدار (نێچیرڤان بارزانی) كۆتایی بەقەیرانە مەترسیدارەكان بهێنێت لەكاتێكدا كە نەیارانی ناوخۆ بەهاوكاری هێزە هەرێمییەكان پیلانەكانیان دژی هەرێم زۆر توندكردبوو، بەڵام هەنگاوە دیپلۆماسییەكانی رێزدار (نێچیرڤان بارزانی) توانی كۆتایی بەشەوەزەنگی نەهامەتی بهێنت.
ئومێدێكی نوێ و بەرەبەیانییەكی پڕ لەهیوا
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار (مەسرور بارزانی) ئەندازیاری پاراستنی ئاشتی و ئارامی ،ئەو سەركردەی ئەفسانەی تیرۆری تێكشاند، ئەو سەركردەیەی كەتوانی ئاسایش و ئارامی هەرێم لەقەیران و گرفتەكاندا بپارێزیت، لەكاتێكدا بەدرێژایی دە ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان لەناو دەریایەكی پر لەكێشمەكێشی رۆژهەڵاتی ناوەراستدابوو، بەڵام كەسایەتی و كاریزمایی ڕێزدار (مەسرور بارزانی) توانی كۆتایی بەهەڕەشەكان بهێنێت و سەركەوتنێكی بێوێنە لەچەسپاندنی ئارامیدا تۆمار بكات، بەزیرەكی و حیكمەتی ڕێزدار (مەسرور بارزانی) كوردستان لەجیهاندا ناونرا دوورگەیەكی ئارام لەناو دەریایەكی پر لەئاگردا، چونكە تەنیا ناوچەیەك بوو كەتیرۆریستان نەیانتوانی دزە بكەنە ناویەوە، ئەمەش بۆ لێهاتووی بەتوانای ئەندازیاری ئاشتی و ئارامی دەگەڕیتەوە.
كاتێكی هەستیار و خەونێكی بەهێز
ئەوەی گرنگە لەئێستا ڕێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كەلەكاتێكی زۆر هەستیاردا ئەركێكی زۆر قورسی كەوتۆتە سەرشان، ڕێزدار (مەسرور بارزانی) لەكاتێكدا كابینەی حكوومەتی پێكهێنا كە رۆژهەڵاتی ناوەراست تووشی زۆر گرفتی قورس بووە، هەر لەناكۆكی نێوان ئێران و ئەمریكا تادەگاتە هەوڵەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەشارە سونە نشینەكان، لەلایەكی ترەوە بەهیزبوونی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و رووسیا ، گۆرانكارییە بەردەوامەكانی وڵاتانی عەرەبی وایكردووە كە ئەم قۆناغەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەراست بەگشتی زۆر هەستیار بێت ، لێرەدا سەرجەم چاودێرانی سیاسی پێیانوایە كەسایەتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار (مەسرور بارزانی) هێندە كارێزمایەكی بەهێزە كە دەتوانێت ئەم قۆناغە هەستیارە ببرێت ، چونكە حیكمەت و سەركردایەتی رێزدار (مەسرور بارزانی) متمانەیەكی وەهای دروستكردووە كە لەنزیكترین كاتدا وەرچەرخانی مێژوویی روودەدات كە هەموو میللەت شانازیی بەهەنگاوەكانییەوە بكات، دڵنیام لەماوەیەكی نزیكدا ئەنجامە سەركەوتووەكانی كابینەی نوێ دەردەكەوێت.
پارتی نموونەیەك لە پێكەوەژیان
ئەوەی گرنگە تیشكی بخەینە سەر لەدوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین قوربانی بۆ بنیاتنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، وەك دەبینین كەپارتی خاوەنی چلوپێنج كورسی بوو تەنیا هەشت وەزیری هەیە بەڵام لایەن هەیە نیوەی كورسییەكانی پارتی نەهێناوە بەڵام خاوەنی حەوت وەزیرە، دەستبەرداربوونی بەشێكی زۆری پۆستەكان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ئەوەی سەلماند پارتی تەنیا خەمی یەكریزی نیشتمانی هەیە و لەم پێناوەشدا هەموو قوربانییەك دەدات، چونكە پارتی لەسەر دەستی مرۆڤێكی هێندە مەزن دامەزراوە تەنیا لەپێناوی دۆزی رەوای میللەتەكەیدا جەنگاوە، ئەمەش ئەو نەریتە شۆرشگێرییە كە لە قوتابخانەی كوردایەتییەوە فێری بووین.
دەرەنجام
ــ كەسایەتی كاریزمای سەرۆكی هێژا رێزدار ( سەرۆك مەسعود بارزانی) وەك مەرجەعێكی نەتەوەیی دەردەكەوێت بەمەش كاردانەوەیەكی وەها دروست دەكات كە بوترێت ئایندەیەكی زۆر گەش چاوەروانی كابینەی داهاتوو دەكات و كابینەی نۆیەم دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان وبەهیزكردنی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد، هەولێری پایتەخت دەبێتە دایكێك بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم لایەنە كوردستانیەكان.
ــ رەهەندە دیپلۆماسییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) كاریگەری زۆر گرنگ لەسەر بەهێزكردنی پێگەی هەرێم لەرووی نێودەوڵەتی و بنیاتنان و بەرەوپێشبردنی سێكتەری دیپلۆماسی دەبێت.
ــ كەسایەتی بەتواناو لێهاتوویی و لەخۆبووردوویی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار ( مەسرور بارزانی ) وادەكات كە لەنزیكترین كاتدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت زۆرترین هەنگاوی بەرەوپێشچوون بنێت و بەسەر تەواوی قەیرانەكاندا زاڵبێت و گەشەپێدان لەسێكتەرە هەستیارەكاندا بەرەوپێش بچێت، لەرووی سیاسیشەوە تەواوی هاووڵاتیان و كوردستانیانی سەرجەم پارچەكان پشتگیری حكوومەتی داهاتوو بكەن، ئەمەش دەبێتە خاڵێكی زۆر گرنگ بۆ زامنكر هێمنی و ئارامی و خۆشگوزەرانی سەرجەم خەڵكی كوردستان.









