خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:-
ماوەیەكی زۆرە وەزارەتی كارەبای هەرێم سەرقاڵی دانانی پێوەری زیرەكی كارەبای ماڵانە بۆ ئەوەی چیتر كارەبا بەفیڕۆ نەڕوات دوای جێبەجێ كردنی پلانەكە لەلایەن وەزارەتی كارەبا دەست كرا بە دانانی پێوەری زیرەكی كارەبای ماڵان و لە ئێستاشدا لەلایەن تیمەكانی بەستانی پێوەری زیرەك كارەكان بەئەنجام گەیشتن دەربارەی كارەكانی بەستانی ئەو پێوەرە زیرەكە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای هەولێرمان كرد و لەوێدا ئەندازیار حوسێن حەمەد قادر بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر ڕوونیكردەوە:
پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژی
پڕۆژەی پێوەری زیرەك بە پڕۆژیەكی گرنگ و ستراتیژی وەزارەتی كارەبا دادەنێرێت بۆیە وەزارەتی كارەبای هەرێم پێش قەیرانی دارایی ئەو پڕۆژەیەی لە بەرنامە دابوو، بەڵام لە كۆتایی ساڵی2013 قۆناغێكی باشی بڕی بوو، دوای هاتنی قەیرانی دارایی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ نەكراو ڕاگیرا و لەبەر گرنگی پڕۆژەكە لەساڵی2018 وەزارەتی كارەبا بە هەول و كۆششی بەردەوامی حكومەتی هەرێم بۆ چاككردنی دۆخی كارەبا ڕەزامەندی درا لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و بوودجەی بۆ تەرخانكرا و دوای بڕینی هەموو قۆناغەكانی ئەو پڕۆژەیە كارەكان بەردەوامیان هەبوو تا كار گەیشتە ئەو قۆناغەی كە گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان كرایەوە بۆ ئەوەی دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەكە بكرێت. مایەی خۆشحاڵییە لە ئێستادا لە هەولێر لە چەند ناوچەیەك كاری پڕۆژەی پێوەری زیرەك دەستی پێكردوە لەوانە ناوچەی پیشەسازی باشوور و لەناو تایەفرۆشەكان پێوەری زیرەك دەستی پێكردووە جگە لەو شوێنانە لە گەڕەكی ڕاستی پڕۆژەكە لە جێبەجێ كردندایە و لەپلانمان دایە كە درێژە بە بەستانی پێوەری زیرەك بدەین بۆ هەموو هاوبەشانی كارەبا لە گەڕەكەكانی هەولێر و قەزا و ناحیەكان و گوندەكان و هەموو هاوبەشەكانی كارەبا واتا دانانی پێوەر بۆ ماڵان و بۆ شوێنە گشتییەكان ناوچەكانی پیشەشازی و بازرگانی و كشتوكاڵی هەموو ئەو شوێنانە پێوەری زیرەكیان بۆ دەبەسترێت.
ئامانجیش لە و پڕۆژەیە كۆنتڕۆڵ كردنی بەكار هێنانی كارەبایە
هەرلە درێژەی لێدوانەكەیدا ئەندازیار حوسێن حەمەد قادر بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر ڕوونیكردەوە: ئامانجیش لە دانانی ئەو پێوەرە زیرەكە كۆنترۆلكردنی بەكارهێنانی كارەبایە بۆئەوەی هاوبەشانی كارەبا بە دروستی كارەبا بەكاربهێنن و زێدەڕۆیی لەسەر نەكرێت و بە فیڕۆ نەدرێت و هەوڵ بدرێت وەكو خۆی سوودی لێ ببینرێت و ئێمە لەكاتی ئێستادا ڕێژەی وزەی ونبوونمان زیاتر لە35% دیارە ئەو ڕیژەیە بەشێكی تەكنیكیە واتا لە10 بۆ15% هۆكارەكەی تەكنیكییە بەڵام ئەوانی دیكە بۆ هەموو سەرپێچییەكانی سەر تۆڕەكانی كارەبا دەگەڕێتەوە و بەهۆی دانانی ئەو پێوەرە زیرەكە بەشێكی ئەو سەرپێچییانە نامێنن و بەشێكی زۆری كارەبا لە دوای دانانی ئەو پێوەرە زیرەكە دەگەڕێتەوە و سوودەكانی دیكەی ئەو پڕۆژەیە كاتژمێرەكانی هەبوونی كارەبای هاووڵاتییان زیاتر دەبێت جگە لەوەش دۆخی كارەبا باشتر دەبێت و ئەو پچڕپچڕیەی كارەبا بەهۆی بار زۆری سەر كارەبا نامێنێ و چارەسەری دەكات و لە ئەنجامی بار زۆری سەر تۆڕەكانی كارەبا بەهۆی ئەو زێدەڕۆییانەی كە ئێستا لەسەر كارەبا هەیە لەدوای ئەو پێوەرە زیرەكە زۆر كەم دەبێت و تیمەكانی چاككردنەوەی كارەبا ئەركیان سووكتر دەبێت.
دواتر بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر دەربارەی پێوەری میكانیكی گوتی: چەندین گرفتی دیكەمان هەیە لە ئێستادا لەو پێوەرە میكانیكییانەی كە ئێمە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین ئەویش خوێندنەوەی ئەو پێوەرە میكانیكیانە لەلایەن ژمێركارەوە و لەوانەیە هەندێجار لە كاتی خوێندنەوەدا هەڵەی چاو ڕووبدات و لەئەنجامی ئەو هەڵەیە هاووڵاتییان تووشی چەندین ڕۆتین دەبێتەوە و لەوانەیە هەندێ لە هاووڵاتییان زەرەرمەند بن بەڵام ئەگەر هاتوو پێوەری زیرەك دانرا پێویست بە چوونی ژمێركار ناكات بچێت پێوەر بخوێنێتەوە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سیستەمی كۆمپیوتەرەرەوە بەستراوەتە و دەخوێندرێتەوە و ئەو هەڵانە ڕوونادەن و ئەو جۆرە گرفتانەش نامێنن و لەكاتی ڕایی كردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لەكاتی كردنەوەی هاوبەشی كارەبا یا خود لەكاتی گۆڕینی پێوەرەكان و سووتانی پێوەرەكان چەندین ڕۆتین هەیە لەكاتی ئێستادا لەدوای بەستانی ئەو پێوەرە بەشێكی زۆری ئەو ڕۆتینانە كەم دەبێتەوە و سوودێكی دیكەی گرنگی ئەو پێوەرە هاووڵاتییان وا بەئاسانی ناتوانن دەستكاری پێوەری زیرەك بكەن لەبەر ئەوەی ئەو پێوەرە شوێنەكەی زۆر بەرزە و لەسەر ستونەكانی كارەبایە و لەناو سندوقێكدایە و لە بەرزایی دادەنرێت و هاووڵاتییان و دەستیان ناگاتێ و هەر كەسێكیش ئەگەر نیازی دەستكاری كردنی پێوەری زیرەكی هەبێت یەكسەر لە سیستەمی كۆمپیوتەری دەزانرێت دەستكاری كراوە و هەركەسێك دەستكاری پێوەر بكات ئەوا یەكسەر ڕێككاری یاسایی لەبەرامبەری وەردەگیرێت.









