ساسان دەروێش/ سوید
ئاوڕدانەوەیەك لە مێژووی پڕ سەروەریەكی پێشمەرگەیەكی گومناوی نیشتیمان پەروەری شاری سلێمانی لە شۆڕشی ئەیلولی مەزندا، خوالیخۆشبوو جەمال رەفعەت كە 78 ساڵ ژیا و لە 1912 لەدایك بووە ولە 1990 كۆچی دوایی كردوە. لە پێش 9ی حوزەیرانی ساڵی 1963 لە رەشبگیرەكەی سلێمانیدا داواكاربوو بۆ دەستگیركردنی لەسەر جموجوڵی سیاسی و خزمەتكردن بە شۆڕش و كوردایەتی، بۆیە پەیوەندی بە شۆڕش دەكات و چەكی شەرەف دەكاتە شانی و دەبێتە پێشمەرگە. لە سەرەتای لاوێتیدا ئەندامی حزبی هیوا بووە و دواتر بۆتە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەموو یاد و بیرەوەرییەكانی ئەم كەڵە پیاوە لە لایەن كچەكەی خاتوو خەبات جەمال ڕەفعەت پارێزراون، كە خۆشی وەك چالاكوانێك لە وڵاتی سوید لە زۆربەی چالاكیەكانی پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئافرەتان رۆڵی گرنگ دەگێڕیت كە لە ڕابردوودا مامۆستا بووە و چۆتە شاخ و دواتر بۆ تاراوگە هاتووە و لە ئێستادا هەمان كاری مامۆستایی دەكات لە وڵاتی سوید. هەروەك خۆیی دەلێت: خۆشەویستی باوكم و دایكی نیشتیمان ئاوێتەی خوێنم بوون لەسەر هەمان بیروباوەڕی باوكم كە پارتی و بارزانی و كوردایەتی بووە ئێمەشی لەسەر هەمان رێباز پەروەردە كردووە، بۆیە لە دەرگای ڕۆژنامەی خەباتم دا لە رێی نووسینگەی هۆڵەندا تا لاپەڕەیەك لە دەفتەری بیرەوەری و سەروەری باوكم بۆ مێژوو هەڵبدەمەوە و لە خەباتی ئازیز تۆمار بێت كە ناوی خۆشمی هەر بە ناوی خەبات ناوە لە خۆشەویستی ئەم ڕۆژنامەیە. وەفای كچێك لە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەك لە مێژووی باوكی سەرەتا خاتوو خەبات جەمال رەفعەت گوتی: من سوپاسی نووسینگەی خەبات لە هۆڵەندا دەكەم بۆ ئەوەی لاپەڕەیەك لە مێژووی خەرمانی باوكم تۆمار بكەم كە تا ئێستا نەمتوانیوە و دەرفەت نەبووە باسی لێوە بكەم. ئەمساڵ 29 ساڵە باوكم جەمال رەفعەت جێیهێشتوین كە كەسێكی نەتەوەیی و كوردپەروەر بووە، یەكێك بووە لە ئەندامانی حزبی هیوا و دواتر پارتی دیموكراتی كوردستان لە چەند پەرتوكێكدا باسی ئازایەتی و كوردایەتی وسەرودڵباشی كراوە وەك پەرتوكی شەڕی بەردەقارەمان و چێشتی مجەوری مام هەژاری شاعیر. زۆرجار كە پێكەوە دادەنیشتن و لە دەرگای یاد و بیرەوەریەكانیمان دەدا زۆر شتی گرنگ و مێژوویی بۆ دەگێڕاینەوە دەربارەی شۆڕش و بەسەرهاتەكانی خۆی هەر لە پێشوازیكردنی سەرۆك بارزانی لە گەڕانەوەی بۆ كوردستان و پێشمەرگایەتی و شۆڕش و زۆر شتی تر لە دەرفەتێكی تر بە درێژی باسی لێوە دەكەم. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیخەمەڕوو بەسەرهاتێكی مێژووییە بۆ ئیزگەی دەنگی كوردستانی عێراق. یادەورییەك بۆ ئێزگەی دەنگی كوردستانی عێراق ئەمەی بۆتان دەگێڕمەوە لە دەمی خۆیەوە بۆ خۆمی گێڕاوەتەوە، حەزمكرد وون نەبێت و بچێتە یادەوەرییەكی مێژووی كوردستانەوە. من هەر لە مناڵیمەوە لە نێو خێزانێكی كوردپەروەر گەورە بووم ئەوەش لە باوكمانەوە بۆمان ماوەتەوە كە هەمیشە پەروەردەیەكی كوردانەی دەكردین كە میللەت و خاكی خۆمان خۆش بیەوێت. هەرچەند نەخوێندەوار بوو، بەڵام هەمیشە حەزی دەكرد كوڕ و كچەكانی خوێندن تەواو بكەن كە من بوومە مامۆستا لەو رێگەیەشەوە كوردایەتی خۆممكرد و لە زەبر و زەنگی بەعس نەترسام دوای ئەوەی هەر بە هۆی تاوانی كورد بوونمەوە گەیشتمە سوید. لێرەش بە بێ جیاوازی هیچ بەشێك لە بەشە داگیركراوەكانی كوردستان، هەمیشە بە ئاڵای كوردستانەوە لە هەموو چالاكییەكان وەك چالاكوانێكی ئافرەتی كورد ئامادە دەبم و زۆر تینووی سەربەخۆیی و بەدەوڵەت بوونی كوردستانم. ئەمەی لێرەدا دەیخەمە ڕوو لە خۆیەوە گوێبیستی بووم و تا ئێستا لەگەڵ كۆمەڵێك یادەوەری تری و وێنەكانی پاراستومە. باوكم خاوەنی دوو لۆری بارهەڵگربووە لە ساڵەكانی پەنجاكان و شەستەكاندا، سەركردایەتی شۆڕشی ئەو كاتەی پارتی دیموكراتی كوردستان رادیۆیی كوردی ئێرە دەنگی كوردستان دائەنێن لە ساڵی 1963 كە دواتر لە گردەڕەش بۆ یەكەمجار دامەزرا و لە مێژووی خۆیدا چەند جارێك گواستراوەتەوە بۆ جێگای تر بە هۆی بۆردومانی فڕۆكەی دوژمن. ئا لەم كات و ساتەدا هەروەك ئاماژەم پێدا سەركردایەتی شۆڕش بە رینمایی بارزانیی نەمر، جیهازێكی رادیوێی دەكڕن و دەیانەوێت لە بەغدادەوە بیگەیەننە دەرەوە بۆ نێو شۆڕش. بە باوكم دەڵێن، دەتوانی هاوكاریمان بكەی بۆ گواستنەوەی؟ باوكیشم بە بیروباوەڕی بەهێزی كوردایەتییەكەی بەڵینیان پێدەدا ئەو كارە بكات. باوكیشم لۆرییەكانی سایەقیان هەبوو باریان دەگواستەوە لە بەغدادەوە بۆ سلێمانی، باوكم بە سایەقەكەی دەڵی شتێكی وا هەیە لە بەغداداوە ئەو جیهازە رادۆییەم بۆ بخەرە نێو بارەوە بیگەیەنەرە سلێمانی، سایەقەكەش دەڵێ بۆ تۆ من بە چی تێدەگەیت بمگرن لە سێدارەم دەدەن. من خاوەنی 5 منداڵم هەموو لۆرییەكەم لەسەر تاپۆ بكەیت بۆ خۆم من شتی واناكەم. باوكیشم دەڵێ باشە خۆم دێم بۆ بەغداد لەگەڵت تۆ بە تەكسی وەرەوە خۆم لۆرییەكە لێدەخوڕم بۆ سلێمانی و دەیهێنمەوە، گەر بگیرێم باخۆم بگیرێم. هەروەك باوكم گێڕایەوە گوتی، جیهازەكە بەقەدەر موبەڕیدەیەك دەبوو خستمە نێو بارەوە و لە ژێر باردا شاردمەوە و گەیاندمە سلێمانی. دوایی بۆ بەیانی گەیاندمە نێو شۆڕش. ئەوە بوو یەك نموونەی زۆر زۆر بچوك لە ژیانی باوكم ڕەحمەت لەو گۆڕەت. منیشی هەر بە ناوی ڕۆژنامەی خەبات و خۆشەویستی بۆ ڕۆژنامەكە بەو ناوە ناونا و كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بۆ منیش بەجێهێشتووە، كە بەردەوام بم لە خەبات و تێكۆشان تا گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەكەی شەهیدان لە سەربەخۆیی بۆ كوردستان و ئەمەش تەنها وەفایەكی بچوكە بۆ ئەو مامۆستا گەورەیەم كە باوكمە و ڕێچكەی كوردایەتی نیشاندام تا خزمەتی كورد وكوردستان بكەم.









