
خەبات: تریفە ئازاد
هەڵبەت نێچیرڤان بارزانی وەكو قوتابییەكی چالاك و دڵسۆزی رێبازی بارزانی و خەباتگێرێكی بە ئەزموون لە بواری سیاسەت و دەوڵەتداری و حوكمڕانیدا، لەتوانایدایە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكاتە چەترێكی كۆكەرەوەی ناوماڵی كوردستان بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان و هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزا كانی كوردستان بۆ ئەوەی كوردستان بە دەستەجەمعی و ئاراستەیەكی هاوبەش، بەهێزەوە بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاوبینێت. هەروەها بە راسپاردنی بەرێز مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خەڵكی كوردستان دڵنیادەكرێنەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەخوازێ كوردستانێكی بەهێز بونیاد بنێت بۆ ئەوەی هێمنی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری لە كوردستاندا بەرجەستە ببێت. بەم شێوەیە پڕۆسەی سیاسی و حكومڕانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستان یەكەم هەنگاوی خۆی نا. لەم رووەوە رۆژنامەی خەبات لەم تەوەرەدا راو بۆچوون و خواست و داواكراییەكانی شارەزایان و پسپۆڕی و هاووڵاتیانی كوردستان بۆ حكوومەت و كوردستانیان دەخاتەروو.
گرینگی دان بە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی بۆ هەنگاونان بۆ ئابووری سەربەخۆ
هۆشمەند رەفیق ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات گوتی” لە ماوەی 28 ساڵی ڕابردوودا سەرباری ئەوەی تا 2003 دوو ئابلوقەی ئابووری لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوو” بەڵام ئاستی چالاكییە بازرگانییەكان لە هەردوو قۆناغدا هەبووە، بەتایبەت لە هەردوو دەروازەی سنووری ئێران و توركیا، بەرزی نزمی چالاكییە بازرگانییەكانیش لە هەڵبەزدابەزدابوە، بەڵام لە قۆناغی دوای 2005 ئاڵوگۆڕی بازرگانییەكان بەرەو هەڵشكان ڕۆیشتن تا دەگاتە ساڵی 2014 و ساڵانەش قەبارەی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەگەیشتە نزیكەی 25 ملیار دۆلار، ئێستا ئاستەكەی دابەزیوە، بەڵام دەتوانین بڵێن چالاكییەكان بەردەوامن و رۆژ بەر رۆژ بەو پێی دۆخی سیاسی ناوچەكەو كوردستان گۆڕانكاری بەسەر دادێت بەرەو باشە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەكە تاك لایەنەیەو تەنها هاوردەكردنە و بە رێژەی زیاتر لە 95% كاڵاو كەرەستە هاوردەكرێت و رێژەیەك زۆر كەم بۆ دەرەوە هەناردە دەكرێت ئەمەش لاسەنگی لە تەرازی بازرگانی دروست كردووەو لە رووی زانستی ئابوورییە شوێنەواری خراپ دروست دەكات،هۆكارەكان زۆرن، بەڵام دەكرێت كورتی بكەینەوە لە چەند خاڵێك:1) بارودۆخی سیاسی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی هەرێمایەتی.2) بارودۆخی سیاسی ناوچەكە بۆ نمونە ئاستی پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەكە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر.3) بارودۆخی ناوەخۆیی ( ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی، گۆڕانكارییە فەرهەنگییەكان…هتد) بەگشتی چەندە داهاتی خەڵك بەرەو بەرزبونەوە بچێت و مووچەی كارمەندان لە كاتی خۆی دابەشبكرێت بەسەر كارمەندانی حكومەت و پارە بچێتە بازاڕ ئەو ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەرز دەبێتەوە لە گەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكرێت، بەپێچەوانەوەش راستە، بەڵام ئەگەر هەرێمی كوردستان سەرچاوە كەرەستەو كاڵاكانی بەرهەمی ناوەخۆیی بێت، بێگومان ئەوەندە پشت بەدەرەوە نابەستێت و ئەو پارەی دێتە دەست خەڵك لە نا بازاڕی كوردستان ئاڵوگۆڕی پێیدەكرێت و دەسووڕێتەوە ناچێتە گیرفانی جوتیارو بازرگانی زەبەلاحی وڵاتانی دەوروبەرو هەندێی وڵاتی دیكەی وەك چین ….هتد كە هەرێمی كوردستانی ئاڵوگۆڕی باززرگانییان لەگەڵ دەكات. وە هەرێمی كوردستان هێشتا دەوڵەت نییە، تا بڕیاربدات ئاستی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان بەرز بكاتەوە، ئینجا ئەوەی دەشكرێت بازرگانیكردن نییە لە گەڵ وڵاتان، بەڵكو تەنها بازرگانییەكە تاك لایەنە و هاوردەكردنە بەرێژەیەكی لە ئەندازە بەدەر پارەی كوردستان دەچێتە دەرەوە، بۆیە ئەو كاتە دەبێتە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەوە لە هەرێمی كوردستان ئەگەر ساڵانە بەقەبارەی یەك ملیار دۆلار كاڵاو كەرەستەی خاو هەناردە بكات و لە بەرامبەردا بەهەمان قەبارە كاڵاو كەرەستە هاوردەكات. لێرەوە پێشنیار دەكەین ئەم كابینەیە پلانی ستراتیژی هەبێت و لە كارنامە سەرەكییەكەیدا چوار ساڵ بایەخ بە سێكتەری كشتوكاڵی و پیشەسازی بدات، ئەمە دەبێتە سەرەتایەك بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووری و سەرچاوەی كەرتەكانی دیكەش بە تایبەت كەرتی بازرگانی، چونكە ئەگەر كەرتی كشتوكاڵ بەهێز بێت ئەوە هەرێمی كوردستان هەنگاو بەرەو ئابووری سەربەخۆ، هەرێمێمی بەهێز دەنێت، ئەگینا بە بێ ئەو كەرتە هیچ كات نە دەوڵەت دروست دەبێت و نەك هەرێمێكی بەهێز و نە حكومەتێكی بەهێزیش دەبێت.
كەرتی وزە، كارەكتەری سەرەكی دابینكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان
ناجی مەسیح ئاودەل مامۆستای زانكۆ لە لێدوانێكی تایبەت بە ڕۆژنامەی خەبات گوتی”كوردستان ، ئەو هەرێمەی كە ئێستا لە سەر نەخشەیی ووزەی جیهان ناوی دەبینرێت. لەلایەكەوە، لەگەڵ ئەوەی كە هەمیشە ئەو وزەیە بۆتە مایەی زۆربەی كێشەكانی ئەو هەرێمە لە گەڵ حكومەتی ناوەند، بەڵام لە لایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی بەهێزی هەرێمی كوردستانە لە مامەڵە نیودەوڵەتییەكان. ڕاستە سەرچاوەی ئەو قەیرانەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە بە بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە دەست پێكرد، بەڵام نەبوونی جێگێرەوەی نەوت لە كاتی قەیراندا وایكرد كە قەیرانی دارایی بەرز ببیتەوە بۆ قەیرانی ئابووری، بەوەی كە زۆربەی پایەكانی ئابووری لە كاركەوتبوون. هەمیشە باس لەوە دەكرێت كە هەرێمی كوردستان دەتوانیت گەشت و گۆزار و كشتۆكاڵ هاوشان لە گەڵ كەرتی نەوت بكاتە سەرچاوەی دیكەی داهاتی حكومەت كە ئەوەش شك و گۆمانی تێدا نییە. بەڵام، دوو هەنگاوی دیكە هەن كە زۆر گرنگترن لە دۆزینەوەی سەرچاوەی داهات ئەوانیش: شەفافییەت و بە سیستەماتیك كردنی سەرچاوەكانی داهات! چۆنكە ئەگەر چەندی داهاتەكانی حكومەت زیاد بن، بەڵام ئەگەر ئەو دوو فاكتەرە فەراهەم نەكرێت هەمیشە لە ناو قەیراندا خۆی دەبینیتەوە. بۆیە پێشبینی دەكرێت بە سەپەرشتی بەڕێز مەسرور بارزانی كابینەی نۆیەمی حكۆمەتی هەرێمی كوردستان بەگژداچوونەوەیەكی جدی بكات لە دژایەتی كردنی گەندەڵی، چۆنكە لە وڵاتانی پێشكەوتوو ئاشكراكردنی لایەن و سێكتەری گەندەڵی كێشەیە، بەڵام لەم هەرێمەدا گەندەڵی بە ڕوونی دیارە كە لە چ بووارێكدا دەكرێت. ئەگەر كەرتی نەوت و گاز بە نموونە وەربگرین دەبینین پاش هێنانی گەورە كۆمپانیاكانی Deloitte وE&Y بە ڕێژەیەكی زۆر متمانەیەكی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە سەر كەرتی ووزە درووست بووە.
پلانی ئابووری و توێژینەوەی زانستی
هەروەها ناجی مسیح دەڵێت بێگومان پلان بریتییە لە كلیلی سەركەوتنی كار و چاڵاكی و پڕۆژەكان، بۆیە دەكرێت جەنابی سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمیتەیەكی ئابووری پێك بهێنن بە بەژداری هەموو ناوەندەكانی ئەكادێمی (زانكۆكان، پەیمانگەكان، سەنتەرەكانی توێژینەوە، ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە) لە هەرێم كە دەكرێت لە هەر ناوەندێك چەند مامۆستایەكی پسپور لە بواری ئابووری و دارایی ئەندام بن تێدا و مانگانە چەندین توێژینەوەی زانستی ئەنجام بدەن سەبارەت بە شرۆڤەكردنی باروودۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكان و پلانەكانی بۆژانەوە بۆ باشتركردنی بارودوخی ئابووری لە داهاتوودا بخەنە بەردیدی ئەنجوومەنی وەزیران. كێشەیی هەرە سەرەكی حكومەت بریتییە لەو ڕێژە زۆرەی فەرمانبەران، بۆیە كە قۆتابی قۆناغی خوێندنی زانكۆیی یان پەیمانگە تەواو دەكات، چاوەڕێی دامەزراندن دەكات، لێرەدا حكومەت دەتوانێت كۆمپانیاكان ناچار بكات كە بە لایەنی كەمەوە یەكەمەكان ساڵانە كاریان بۆ بدۆزیتەوە كە ئەمەش بە تێپەربوونی كات، ژمارەی فەرمانبەران بەرز ناكاتەوە و بە پێچەوانەوە ئەوانەیی كە لە تەمەنی خانەنشینیدان وا دەكەن كە ژمارەی فەرمانبەران كەمتر ببیتەوە. هەبوونی پەیوەندییەكی تەندروست و بەهێز لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ هەمیشە سەرچاوەیی هەبوونی ئابوورییەكی بەهێزە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوە نادیدە ناگیرێت كە هەبوونی پەیوەندی بەهێزی ئابووری و بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە چاو هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران هوكارێكی سەرەكی بۆ لە بە كراوە هێشتنەوەیی دەروازەكانی بازرگانی لە كاتی ڕیفراندومی هەرێمی كوردستان. بۆیە، هەبوونی پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ لە داهاتووشدا دەبێتە فاكتەرەكی سەرەكی پاراستنی هەرێمی كوردستان. دووركەوتنەوە لە دابین كردنی داهات بە تەنها لە ووزە هەموو ساتێك هەرێمەكەمان ڕووبەڕوی گرفتی ئابووری دەكاتەوە، بۆیە بە دڵنیاییەوە لە ڕێگای بە سیستەماتك كردنی هەموو دەزگاكانی حكومەت، هەموو وەزارەتەكان بە ڕێژەیەكی زۆر دەتوانن بە لایەنی كەمەوە مووچەیی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی خۆیان دابین بكەن، بەڵام دەبیت ڕۆلێكی دیاریكراو لە دابینكردنی موچەیی فەرمانبەران بەر كەرتی تایبەتی پەیوەندیدار بەو وەزارەتەوە بكەویت. بە جۆرێك كە هەر گەورە كۆمپانیاكانی پەیوەندیدار بە وەزارەتی دیاریكراوەوە ڕێژەیەكی دیاریكراوی مووچەی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتە دابین بكات.
پێویستە لە داهاتوو حكومەت هەرێم پشت بە هەموو سێكتەرەكانی ئابووری ببەستێت
كاروان سورچی وتەبێژی یەكێتی ژورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی:پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی داهاتوو گرینگی تایبەت بە سەرجەم سێكتەرەكان بدات تەنها پشت بە سێكتەری نەوت نەبەستێت بۆیە پێویستە داهاتی هەرێمی كوردستان هەمەچەشنە بكرێت پەرە بە سێكتەرەكانی پیشەسازی و بازرگانی و كشتوكاڵ و سێكتەرەكانی تریش بۆ ئەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان هەمەچەشنەبكرێت زۆر گرینگە لە داهاتوو كۆنتكاك لەگەڵ زۆرێك لەگەڵ وڵاتان كە لە هەرێمی كوردستان كارناكەن بێن لە هەرێمی كوردستان كار بكەن و پرۆژەكانیان لە هەرێمی كوردستان جێ بەجێ بكەن لە زۆربەی سێكتەرەكان ،ئەگەر بێت و سەیر بكەین لە ماوەی ڕابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆربەی داهاتی لە ڕێگای هەناردەكردنی نەوت بووە یاخوود لە ڕێگەی كەرتی وەز بووە بۆیە پێویستە لە داهاتوو پەرە بە سێكتەرەكانی بدات بۆ ئەوەی لە داهاتوو داهاتی لە زۆربەی سێكتەرەكان بێت بۆ ئەوەی ئەگەر لە داهاتوو دا نرخی نەوت وەك ساڵانی پێشوو دابەزی ئێمە تووشی قەیرانی دارایی و ئابووری نەبین ،لە ئێستاشدا ئەو لێك نزیك بوونەوەی حكومەت لە نێوان حكومەتی فیدرال و حكومەتی كوردستانە هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوو لە لایەك بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و دابەزینی نرخی نەوت ئەوانە هۆكار بوون كە هەرێمی كوردستان بەم قەیرانە تێپەڕێت پێش بێنی دەكرێت كە ڕەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان گەشانەوەیەك بەخۆی ببێنێت دووبارە بگەڕێتەوە سەر ڕێچكەی خۆی دووبارە هەوڵبدرێت كۆمپانیاكانی بیانی بێنەوە هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستان كار بكەن لە زۆربەی سێكتەرەكان ئەوانە هۆكارن جگە لەمەش ئەم ڕەوشە ئارامی و سەقامگیرییەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە هۆكارێكە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان زیاتر بكرێت لە هەرێمی كوردستان هەردەم بازرگانان لە شوێنكی ئارام دەگەرێت بۆ ئەوەی سەرمایەی خۆی تێدا وەگەڕ بخات كوردستانیش ناوچەیەكی ئارامە بۆیە چاوەڕێ دەكرێت ڕەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان باشتر بكرێت.








