خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی
یەكێك لەو داستانە مێژووییانەی كە بووەتە ئەزمونێكی كەم هاوتاو هەمیشە میللەتی كورد شانازی پێوە دەكات داستانی پەڕینەوەی رابەری كورد (بارزانیی نەمر) و هەڤاڵانێتی لە روباری ئاراس بۆ ناو خاكی سۆڤیەتی پێشوو. لەم داستانە مێژووییەدا بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی سەلماندیان هیچ كاتێك دوژمن بەسەریان زاڵ نابێت و توانییان بەو رێگا دوور و سەختە و برسیەتی و تینوویەتی سەركەوتنێكی ئیجگار مەزن بۆ كورد و كوردستان تۆمار بكەن. ئەمڕۆ یادی 72 ساڵەی پەرینەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی لە رووباری ئاراس دەكەینەوە، لەو ڕێڕەو و داستانەدا كورد و پەیام هەڵگرانی ئازادیخوازی ئەم میللەتە سەلماندیان هیچ كاتێك دوژمن ناتوانێت بە سەریاندا زاڵ بێت و توانییان بەو رێگا سەخت و پڕ لە پیلان و پەلاماری دوژمناندا سەركەوتنێكی مەزن بۆ كوردستان تۆماربكەن. یادێكی ئەو رووداوە دیرۆكی و داستانە گەورەیە دەكەینەوە.. جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە كتێبی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد دەنووسێت: 16/4/1947 لەم رۆژەدا دوا ماڵاوایی كرا، بەشی هەرە زۆری ژن و منداڵ و پیاوەكان لەگەڵ شێخ ئەحمەد گەڕانەوە بۆ عێراق، پێش چوونیان بارزانی دەڵی: زۆری تەقەڵڵادا ئەفسەرە عێراقییەكان بمێننەوە و نەچنەوە عێراق، چونكە ئەوان بارێكی جیاوازییان هەیە، بەڵام جگە لە میرحاج ئەحمەد و عەبدولڕەحمان مفتی كەسیان نەمانەوە، عزەت عەبدولعەزیز و مستەفا خۆشناو و محەمەد مەحمود قودسی و خیروڵڵا عەبدولكەریم گەڕانەوە، رۆژی 19/6/1947 بریاری لە سێدارەدانی ئەو چوار شەهید بەجێ هێنرا و ئەو رۆژە بوو بە رۆژی شەهید لەكوردستان و ئەوانیش كرانە دروشمی نەمری لە مێژووی كورد و كوردستاندا. لە قەزای سۆران چاومان بە هەڤاڵی بارزانیی نەمر بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران مام( میرۆ چیچۆ چاوشین بێدارونی) كەوت ئەویش یەكێك لەو هەڤاڵانە بوو كە چووەتە خاكی سۆڤیەت، كە باسی ئەو رێڕەوە مێژووییەكەی دەكرد چاوەكانی پڕ ببون لە فرمێسك ، بەمشێوە بۆ رۆژنامەی خەبات هاتە ئاخەوتن، گوتی: دوای تێكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد كە ماوەیەكی زۆری نەخایاند، ئێمە دیسان بە ماڵ و خێزان و پیرو پەككەوتەوە لە گەڵ خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان و و بارزانیی نەمر لە 16/4/1947 چووینە سەرگادەر، هەرچەندە فرۆكەكانی دوژمن ئێمەیان بۆردومان كرد، بەڵام لە گەڵی گادەر چارەسەری نادیارمان هەڵبژارد كە حكوومەتی عێراقی عەفووی دا، بڕیاردا كە خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان بە ماڵ و خێزان و پیر و پەككەوتەوە بگەڕێنەوە بۆ كوردستانی عێراق و ئەوانەی توانای هەبێت لە گەڵ بارزانیی نەمر بۆ رێگای چارەنووس نادیار دەچن، ئێمەیان پێش سەفەرەكە كۆكردنەوە و بارزانیی نەمر بە ئێمەی فەرموو: چارەنووسی ئێمە نادیارە و زروفمان سەختە و نازانم لە برسان دەمرین و یا لە سەرمان رەق دەبینەوە و لەوانەیە ئێمە لە رێگا توشی زۆر شت بین برسیەتی و سەرماو گەرماو كەمین. ئێمەی رێگای مان و نەمان هەڵبدەبژیرین ئەوەی دەچیتەوە با بچێتەوە ئێمە بەردەوام دەبین و ئەوەی لەگەڵ ئێمە دەمێنێتەوە دەبێ كوشتن و برسیەتی و چەرمەسەری لە پێش خۆی دابنێ، پشت بە خوای گەورە ئەوە رێگای ئێمەیە، دوایی ئێمە هەموومان بە یەك هەڵویست هاوارمان كرد كە لەگەلتدا دادەبین و مردنمان لە ژیان پی خۆشترە، رێگای مان و نەمانمان هەڵبژاردو یەك كەس لە ریزەكان نەهاتینە دەرەوەو هەموومان لەگەڵ بارزانیی نەمر بوین و رێگای مان و نەمانمان هەڵبژارد. لە پیرمام چاومان بە هەڤاڵی بارزانیی نەمر بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران مام(كازم شانەەری) كەوت كە تەمەنی لاویەتی دابووە بۆ ئەو رێگا سەختە بەمشێوە باسی كرد: بەراستی ئەو رێگا كە ئیمە پێداچووین هەروەك چۆن بارزانیی نەمر لە پێش چوونمان بۆمانی باس كربوو، ئاوا بوو، تووشی زۆر كارەسات و برسیەتی و تنیوویەتی و كەمینی دوژمن بووین، دوایی لە ناوچەی مزوریان بارزانیی نەمر كە شارەزاییەكی باشی هەبوو هێزەكانی رێكخستەوەو بە چەند بەرەیەك دابەشی كردین، بەم شێوەیە: سەركردایەتی گشتی بارزانیی نەمر خۆی بوو، كە بنكەی كەوتە گوندی ئەرگۆش، كە گوندیكی ئاوەدان بوو، توانای ئەوە هەبوو كە سەد هەتا سەدو پەنجا كەس زیاتر جێ بكاتەوەو و خواردنیش بۆ دابین بكات. دەستەیەك كەوتنە ناو مزوریان و لە گوندەكانی میرۆز و دێزۆ دامەزران كە ئەسعەد خۆشەوی سەرپەرشتی كرد و بەهاوكاری ژمارەیەكی دی كە لە ژێر سەرپەرشتی مەلۆ لێری بوون. پاراستنی پردی بالیسان گرنگ بوو لە لای بارزانیی نەمر ئەوەی خستە سەر شانی مامەند شێروانی كە لەگەڵ ژمارەیەك لە گوندی ماوەتان بوون سەرپەرشتی كرد. حارس بێدارونی و میرزائاغا رەشۆ مێرگەسۆری سەرپەرشتی بەرەی زید بوون و هێزەكانیان لەچیای خنگیل دامەزراند. هێزیك بە سەرپەرشتی سەعید وەلی بەگ لە ئەرگۆش لەگەڵ بارزانیی نەمربوو وجگە لەوانیش دوو دەستەی تر كە ژمارەیەك چەكدار بوون محەمەدئەمین میرخان و ساڵح كانیەلینجی سەرپەرشتیان دەكرد كە ئەوان لە ژێر چاودیری راستەوخۆی بارزانیی نەمر بوون .لەشكر زۆر بوو كە خواردن بە هەموویان بگات و شەو و رۆژێكدا دیسان لە رێگا بووین بە برسیایەتی بە بی خەوتن و بۆ دووم جار چووینە ناو خاكی ئێران لەو رێگایە فیشەك زۆر گرنگ بوو كە لە برسان بمرین نەك بی فیشەك بین و پێش بگەینە ئەو گوندانە بارزانیی نەمر ئامۆژگاری كردین و فەرمووی: نابی بە هیچ شیوەیەك خواردن بە زۆر وەربگرین و نابێ بچنە ناو باغ و بێستانەكانی ئەوان، ئێمە بە رێگامان دەڕۆین ئەگەر نانێك هەبوو پێكەوە دەخوین و نابێ كەس ئەزیەت بدەین. شەهیدی فەرماندە (حەسۆ میرخان ژاژوكی) لەتەمەنی لاویەتی یەكێك لە هەڤاڵەكانی بارزانیی نەمر بۆ سۆڤیەتی جاران بووە كە تەمەنی لاویەتی دابووە لە لە كتێبی 62 رۆژ لەگەڵ بارزانی دا چوونی بارزانییەكان بۆ یەكێتی سۆڤیەت لە یادداشتەكانی دیتە سەر باسی بارزانیی نەمر لەو رێگایەدا و دەڵێت: لەم ڕێرەوەدا بارزانی بەبێ جیاوازی هەڵسوكەوتی لەگەڵ هەڤاڵانی دەكرد، زۆربەی رێڕەوەكەمان بەشەو بووبە، بارزانی ئاگاداری ئەحوالی گشت یارانی بوو، لەكاتی ماندووبوونی هاورێیانی یان ئەو ساتەی كە هەستی بە مەترسی زۆر دەكرد خۆی شەو پاسەوانی دەكرد، بارزانی هیچ كاتێك نانی لا تەواو نەدەبوو، ئەگەر نانیش نەبایە برێشكە گەنمی لای خۆی هەڵدەگرت، گەرچی بەشی خۆراكی ئەوەیش تەنیا بە قەد ئێمە بوو، بەڵام لە خواردنی خۆی دەبڕی ولەكاتی برسیەتی بە هاوڕێیانی دەدا، بۆیە دەمانزانی ئەگەر یەكێك لە برسان تینی رۆشتنی نەمابا و كەسیش هیچی بۆ خواردن لانەمابا دەیانگۆت بڕۆنە لای بارزانی.(بارزانی) لەم ڕێرەودا بە بێ جیاواز هەڵسوكەوتی لەگەڵ هەڤاڵانی دەكرد ئەمانەش یەكێك بوو لە سیفاتی تایبەتی بارزانی، هەر ئەو سیفاتەشی بوو كە توانی ئەم رێگەیە دوورودرێژە لە ناو چەندین دوژمنی بە خوێن تینوو بیڕێت بەبێ ئەوەی تەنانەتی یەك كەسیشی لێ دڵگەران بێت. لەكاتی چوونمان لە رێگادا پێشمەرگەیەك زۆر برسی بوو كە تەحمولی نەكرد بوو وە فیشەكیان گۆریبوو بەنان و خورما كە بارزانی بەوەی زانی زۆر توڕە بوو و جارێكی تر ئامۆژگاری پێشمەرگەكانی كرد و فەرمووی: با لە برسان بمرین نەك بێ فیشەك بین. لە بارەی رێگایەكە و چەرمسەری ناخۆشیەكان، پەڕینەوەیان لە رووباری ئاراس بۆ سەرفرازی دا مام (مێرو بێدارونی) هەڤاڵی بارزانیی نەمر بۆ یەكێتی سۆڤیەتی جاران بەمشێوە بۆ رۆژنامەی خەبات دا گوتی: بەراستی بارزانیی نەمر بە ئەو بیروباوەرەیی كە تەنها بۆ رزگاری كوردستان بوو هەروەها دەنگی كورد بە دونیا بناسێنێت كە كورد میللەتێكی مرۆڤ دوستە و نابی ستەمی لێ بكرێـت، بارزانیی نەمر هیچ كاتێك خۆی لە ئێمە دوور نەدەكرد و بە بێ جیاواز بوو و دەیفەرموو: پشت بە خوای گەورە ئێمە ئەم رێگا دوور و سەخت و دژوارە هەڵدەبژین لەپێناو كوردستان، بۆیە ئێمە هەموو كاتێك لە ژێر ئامۆژگارییەكانی بارزانیی نەمر بووین بۆ داهاتوویەكی گەش و دوارۆژ، هەر چۆنێك بوو دوای ئەو هەموو سەختیە و ناخۆشیە و كەمینی دوژمنان و برسیەتییە لە 15/6/1947 گەیشتینە رووباری ئاراس.ئەو رووبارە لە نێوان سنوری ئێران و روسیا(یەكێتی سۆڤیەت) بوو، كە گەیشینە ئەوێ بارزانیی نەمر میرحاج ئاكرەیی بە نوێنەرایەتی خۆی ناردە ئەوبەری تاكو گەڵ بەرپرسەكانی رووسیا كۆبێتەوە و داوا بكات كە ئێمەبە پەناهەندە وەربگرن، هەرچەندە سەرەتا ئێمەیان وەرنەگرت، ئەوان بەرپرسانە وەڵامیان هێنابوو كە دەبی بارزانیی نەمر بە خۆی بێت و كۆبوونەوەیان لە گەڵیان بكات، هەرچەندە بارزانیی نەمر ئەو داوایەی قبول نەكرد، چونكە ئێمە هەموومان ئەوهەستەمان دەكرد ئەگەر بارزانیی نەمر بڕوات كەسی تر ئێمە وەرناگیرێن و رێگایە نادەن كە بارزانیی نەمر وەك جاران بێتەوە ناومان. بەم جۆرە بەرەو دوا كێشاینەوە بۆ كۆنە گوندیكی كە نزیك سنوور بوو و كەس لەو گوندە نەمابوو، سێ شەو رۆژ ماینەوە بە بێ ئەوەی هیچ بیخۆێن و هەتا هیچ شتێكمان بە دەست نەكەوت، هێزەكانی دوژمنیش نزیك دەبوونەوە شەو رۆژ چاوەڕوانی وەڵام دانەوەی سۆڤیەت بووین رازی بن بچینە ناو خاكیان هەر دەیانگوت ئەمڕۆ یان سبەی ، میرحاج بۆسێیەم جار بوو بۆ وەرگرتنی پەنابەری لە دەوڵەتی سۆڤیەت رۆیشتبوو و دوای گەڕانەوە هەواڵی وەرگرتنی بە بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی راگەیاند و گوتی كە ئەم هەواڵە لە خۆدی ستالین وە لە مۆسكۆ دراوە، هەروەها گوتی: بە پێی پێداویستیەكانی پێویست بۆ پەڕینەووە لە رووباری ئاراس دەبی خۆمان دەرباز بكەین، چونكە لە لای ئەوان هیچ پێداویستییەك ئامادە نەكراوە و سێیەم رۆژە هەواڵی پەڕینەوەمان پێگەیشت، هەر ئەو رۆژە بڕیار درا كە هەریەك لە هەڤاڵان چەند داری گەورە لە گەڵ خۆیان بەرن و بە یانی 18/6/1947 دوای سێ رۆ ژ چاوەڕانی بڕیاری پەرینەوەمان دا و گەیشتینە ناو خاكی یەكێتی سۆڤیەت ، بارزانیی نەمر ئاخرین كەس لەگەڵ چەندین هەڤاڵ پەڕینەوە بۆ خاكی سۆڤیەت. بەر لە پەڕینەوەش بارزانیی نەمر هەموو ئەو كەسانەی وەك شارەزا و رێنماییان لەگەڵماندا هاتبوون خەڵات كرد و بەڕێزەوە ناردنیانەوە، تەنها مام میرزا نەبێ كە روو لە بارزانیی نەمر كرد و گووتی: (خاكی كوردستان بە بێ تو لە من حەرام بێ)? ئەویش لەگەڵمان پەڕییەوە بۆ ناو روسیا. دوای چوونمان بۆ ناو خاكی سۆڤیەت ئێمە هەموو هەڤاڵانی بارزانیی نەمر پەرش و بڵاوی ناوچەكان و گوندەكان كراین، هەرچەندە ئێمە شارەزایی باشمان نەبوو لەم وڵاتەدا، وەزعی ئابووری روسیا زۆر ناخۆش بوو، لەو گوندانەی كە دابەش كراینە سەریان دەبووا بە خۆمان ئیش و كار بكەین تاكو لە برسان نەمرین، 3 ساڵی یەكەم وەزع زۆر خراپ بوو تەنانەت بارزانیی نەمر لە ئێمە دوور خرابووە، بارزانیی نەمر لە سۆڤیەت هەمیشە بەردەوام بەدوای مافەكانی گەلی كوردستانەوە بووە، بارزانیی نەمر لەویشدا بە بەرپرسانی سۆڤیەت گوت: ئێمە هاتووین بۆ یەكێتی سۆڤیەت بۆ ئەوەی دەنگی میللەتی زۆر لێكراوی كوردستان بگەیەنین بە میللەتی ئێوە و نەهاتووینە ئێرە ئیش و كار بكەین، بەڵام دواتر بە هەوڵ وتەقەڵای بارزانیی نەمر كۆكراینەوە و كەوتینە بەرخوێندن و من بروانامەی كشتوكاڵیم وەرگرت و دوای 12 ساڵا ئاوارەیی لە دوای شۆڕشی 1958 لە عێراق، لە 16/4/1959 بە خاكی كوردستان شادبووینەوە، بە هەمان رۆحیەتەوە بەشداریمان لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان كرد بۆ كوردستانێكی ئازاد. شەهیدی سەركردەی (شەوكەت شێخ یەزدین) لە وتارێك لە ژێر ناونیشانی بارزانیی نەمر و كۆماری كوردستان سەبارەت بە ئەو داستانە دەڵێت: لە رۆژی 17ی حوزەیراندا بەشی یەكەمی بارزانییەكان لە رووباری ئاراس پەڕینەوە و پەنایان بۆ سۆڤیەت برد و رۆژی پاشتریش واتە 18ی حوزەیران بارزانی بە خۆی و پاشماوەی هەڤاڵەكانی پەڕینەوە و كۆتاییان بە رێپێوانی بە ناوبانگی 350كم هێنا، بەمەش جوانترین لاپەڕە قارەمانێتیان نەك لە مێژووی گەلی كورد بگرە لە مێژووی تێكرای گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تۆمار كرد، لەو رۆژە بە پاشەوە وشەی (ئاراس) و(ناوی ئاراس) بوون بە وشەی سەر زاری هەموو دانیشتوانی كوردستان و ئاراس بەهەزاران ناوی لێكەوتەوە. هەر بە گەیشتینی بارزانی و هەڤاڵانی بۆ سۆڤیەتی لە 19/6/1947 حكوومەتی عێراق هەر چوار ئەفسەرەكەی لە سێدارەدا، گەیشتنی بارزانی و هاوڕێیەكانی بووە جێگای باسكردنی بەشێكی زۆر لە میدیاكانی جیهانی، ئیدی لەو ڕۆژەوە ناوی ئاراس كوردستاندا لە هەموو ناوبانگتر بوو، بەهەزاران كەس منداڵەكانی خۆییان ناولێنا ئاراس، شەهیدانی 19ی حوزەیران نموونەی بالان وە ئەم چوار شەهیدە كە هاویار و هاوكاری بارزانیی نەمر بوون لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد، توانیان رۆڵی خۆیان لەم كۆمارە ساوایە بگێڕن و نموونەی مرۆڤی شۆڕشگێر و خۆڕاگر بن، لەشەڕەكانی بەرگری كردن لە كۆماردا هاوشانی پێشمەرگەكانی بارزانیی نەمر و بەرگری و قارەمانییەتیان نواندووە وەكو كەسایەتی رۆشنبیر و شارەزا لە بواری سەربازی ئەركی خۆیان بە جێگەیاندووە و تەمەنی خۆیان لەبەرەنگاری بەسەر برد، لە ئاكامیشدا هەرلە پێناوەدا گیانیان سپارد، وچوونە بەر پەتی سێدارە و گیانیان لە پێناو كورد و دۆزی كورد كردە قوربانی، رۆژی 18/6/1947یش دەچیتە پاڵ ئەو یادە پڕ سەروەریانی میللەتی كورد كە دەبێ هەموو ساڵێك بەشكۆداریەوە یادی بكرێتەوە، چونكە لەم رۆژەدا پەیمانی مان و بەردەوام بوونی خەباتی كورد تازە بووەوە بۆ نەوەكانی داهاتووی كورد. لەكۆتاییدت شكۆدار بێت یادی 72 ساڵەی داستانی پەڕینەوەی رابەری كورد (بارزانیی نەمر) و هەڤاڵانێتی لە روباری ئاراس بۆ ناو خاكی سۆڤیەتی پێشوو، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەم چوار ئەفسەرە شەهیدە و گشت شەهیدانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و سەرقافلەیان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاد.










