زانیار سەردار قڕگەیی/ سلێمانی
نەتەوەی كورد خاوەنی سەدان قارەمانی گیانفیدایە كە لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و بەدەستهێنانی مافەكانی نەتەوەكەیان شەهید بوون، لە گێڕانەوەی ئەو نەبەردییانە نەوەكانی داهاتوومان ئاشنادەبن بە داستانە پڕ شكۆكانی سەركردە و پێشمەرگەكانیان. لەم بابەتەدا باسێك سەبارەت بە شەهیدكردنی چوار ئەفسەری قارەمان دەكەین (مستەفا خۆشناو، خەیروڵڵا عەبدولكەریم، عزەت عەبدولعەزیز، محەمەد قودسی)كە ژیانیان پڕیەتی لە نەبەردی و نیشتمانپەروەری كە هەرگیز نەتەوەكەیان لەبیریان ناكەن. ئەو ئەفسەرانە لەگەڵ چەند ئەفسەرێك و سەدان پێشمەرگەی كوردستاندا، بەخواستی خۆیان بڕیاری ئەوەیان دابوو دوای هزری كوردایەتی لەسەر دەستی مستەفا بارزانی بكەون لەپێناو بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان، لە باشووری كوردستانەوە ملی رێگا بگرن بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، بەمەستی هاوكاری و یارمەتیدانی براكانیان لە دامەزراندنی كۆماری دیموكراتی كوردستان لە شاری مەهاباد. هەرچوار ئەفسەری كورد لە بەشداریكردنی كۆماری كوردستان رۆڵێكی گەورەیان گێڕا لە بواری سەربازی و هۆشیاری سیاسی و فەرهەنگیدا، بەتایبەتی لە دامەزراندنی سوپایەكی نزامی سەردەمیای پێشكەوتوو بە دیسپلینی سەربازی و پێكهێنان و دروستكردنی یەكە سەربازییەكان بەپێی ئەوشارەزایی و زانست و زانیارییە سەربازیانەی هەیان بوو كە ژمارەی ئەو ئەفسەرانەی لە باشووری كوردستانەوە دابوویانە پاڵ ئەو كۆمارە (18) ئەفسەری نزامی كورد كەلە ریزەكانی سوپای عێراق بوون، ئەو ئەرك و خزمەتە مەزنەیان هاوتەریب بوو لەگەڵ یازدە مانگ درێژەدانی حوكمی خۆبەڕێوەبردنی كورد لە كۆماری كوردستان، رۆڵی بەرچاو و گەرەیان گێڕا بە درێژایی ئەو ماوەیە و زۆر كاری باشیان ئەنجام دا.بەڵام پاش تێكچوونی ئەو كۆمارە ساوایە، بارزانی و زۆرێك لە جەنگاوەران ملی رێگای هات و نەهات دەگرنەبەر و نایانەوێ خۆیان تەسلیم بە هیچ رژێمێكی داگیركەری كوردستان بكەن و روو لە وڵاتی سۆڤیەتی جاران دەكەن، لەو سات و كاتەدا رژێمی پاشایەتی عێراق لێبووردنێكی گشتی راگەیاند، بەشێكی دیكەیان لە بەشدار بوانی كۆمار دەگەڕێنەوە بۆ عێراق، بەداخەوە لە دادگایەكی نادادوەریدا چوار لەو (18) ئەفسەرە قارەمانانە خۆیان رادەستی حكوومەتی پادشایەتی عێراق دەكەن و دەرئەنجام دادگا كارەسات دەخوڵقێ و هەرچواریان بە سزای مەرگ، شەهید دەكرێن لە بەرواری 19/حوزەیرانی/.1947 ئەو كارەساتە لەسەر زاری ئەوانەی لەو رۆژانەدا ژیاون و بەشداری خۆپیشاندان و ماتەمینیەكانیان كردووە گرنگی تایبەتی هەیە، لەم راپۆرتەدا مامۆستا بابا عەلی شێخ ئەحمەد بەرزنجی، باسی گرنگی ئەو رۆژە و یەكگرتوویی میللەتی كورد بەرامبەر ئەو كارەساتە دەكات كە خۆی بەشدار بووە، لێرەدا دەقی قسەكانی بڵاودەكەینەوە. ❊ سەرەتا مامۆستا بابا عەلی شێخ ئەحمەد بەرزنجی سەبارەت بە چۆنیەتی بەشداریكردنی بارزانی و بارزانییەكان و ئەفسەرانی باشووری كوردستان لەو كۆمارە و رۆڵی ئەو چوار ئەفسەرە و شەهید بوونیانی گوتی: پاش ئەوەی بارزانی و گشت پێشمەرگەكانی لە ساڵی 1945 گەیشتنە كۆماری كوردستان كە پایتەختەكەی شاری مەهاباد بوو، بەڕابەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكایەتی پێشەوا قازی محەمەدی نەمر، هەر پێش دروستبوون و رۆشتنی بارزانی كۆمەڵێك رۆشنبیر و مامۆستا و ئەفسەری سوپای عێراق لەگەڵ جوڵانەوەی بارزان دا بوون و هاوكاری باشیان بوون بەتایبەتی بە چەك و فیشەك و پێداویستی سەربازی و زۆر شتی دیكە. بەشێك لەو ئەفسەرانەش وەك: (مستەفا خۆشناو، خەیروڵڵا عەبدولكەریم، عزەت عەبدولعەزیز، محەمەد قودسی، جەلالی ئەمین بەگ، ئەمین رەواندزی و چەندین ئەفسەری دیكە، ئەمەش وەكو پشتگیری كۆماری كوردستان، گرنگی ئەم پاڵپشتیەش لەوەدا بوو كە هەر هەموو ئەو كەسە ناودار و ناسراوانە و ئەو ئەفسەرانە بەخواستی خۆیان ئەو بڕیارەیان دابوو. كاتێكیش ئەفسەرەكان لەناو لەشكری كۆماری كوردستان دەستبەكار بوون بەتایبەتی ئەو چوار ئەفسەرەی كە ناویان هاتووە كە هەرگیز درێخیان نەكردووە لەناو ریزەكانی سوپادا و لە خزمەتی كۆماری كوردستاندا بوون و بە بەردەوام بۆ سەركەوتنی ئەو كۆمارە دەجەنگان و بەرگرییان دەكرد. كاتێكیش كە سەرۆك بارزانی بیری لەوە كردەوە كە پارتێكی پێشڕەو لە كوردستانی باشوور دابمەزرێنێت، هەربۆیە خوالێخۆشبوو مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵای راسپارد كە ناوبراو لە باڵێكی چەپی (حزبی هیوا) بوو، كە (حزبی هیوا) هەڵوەشێنرێتەوە و كاربكرێ بۆ دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە باشوور، بارزانیی نەمر ئەو چوار ئەفسەرەشی بۆ دەستەی دامەزراندنی پارتی ناونووس كردبوو. پاش ماندووبوونێكی زۆر مامۆستا هەمزە كاری دروستبوونی پارتی تەواو كردوو لە 16ی ئابی 1946دا، یەكەمین كۆنگرە بەسترا. پاشان بەپلانێكی نێودەوڵەتی بەتایبەت لە نێوان یەكێتی سۆڤێت و بەریتانیا، كۆماری دیموكراتی كوردستان تەنیا 11 مانگ تەمەنی بوو، ئەوەبوو پێشەوا و هاوڕێكانی (سەدر و سەیفی قازی) لە سێدارەدران و بارزانی و یاوەرانی روویان كردە یەكێتی سۆڤێتی جاران، تێكۆشەرەكانی تر بەهۆی لێبووردنی میریی پاشایەتی گەڕانەوە كوردستان، ئەو پۆلە ئەفسەرەش هاتنەوە و گەڕانەوە بۆ عێراق، بەڵام رژێمی ئەوسا ئەو چوار ئەفسەرە قارەمانەیان دادگایكرد و فەرمانی لە سێدارەدانیان دراو لە 19/6/1947 لەسێدارەدران، بەمەش كوردستان بەتەواوەتی ماتەمەنی دایگرت و پرسەیان لە هەموو شارەكانی كوردستان بۆ دانان، بەتایبەتی لە شاری سلێمانی كە بە شاری (مەلیك مەحموود) و، شاری هەڵمەت و قوربانی ناونرابوو، كە تێیدا سیخوری بۆ رژێمی داگیركەر كارێكی قێزەوەن بوو هەموو كەس نەعلەتی لێ دەكرد و، ئێمەیش هەستی نەتەوایەتی لامان چەكەرەی كردبوو، لە كاتێكدا باوكم میوانداری مامۆستا زێوەری شاعیر و شێخ ئەحمەد شێخ غەنی بەشیعر خوێندنەوە مەست دەبوون. لە ساڵی 1946 باوكم لە مزگەوتی گەورەی بەرزنجە بە خەڵكی وتووە وا دەوڵەتی كوردی لە مەهاباد دروستبووە كێ ئارەزووی هەیە بچێت بۆ هاوكاری، لەسەر ئەم هەڵوێستەی باوكم و هاندانی خەڵك باوكمیان دوورخستەوە بۆ قەڵادزێ، ئەمە بڵاوبووەوە لە بەرزنجە كە مامۆستا شێخ جەعفەری شێخ حوسێن رەزا كە پەیوەندی كردووە بە كۆماری كوردستانەوە لەگەڵ مامۆستا كەریم زەند و مامۆستا ئەحمەد یوسف كە زۆر مەرد و دڵسۆز بوو لە كاتی ریزی بەیانیان سروودی (خوایە وەتەن ئاواكەی، ئەی كوردینە- ئەی مەردینە، كەس نەڵێت كورد مردووە- كورد زیندووە، سروودی ئەی رەقیب) و . هتد. هەستی لای زۆر قوتابی و لاوان پەیدا كردبوو . بەڵام بەداخەوە كۆماری كوردستان لە مەهاباد زۆری نەخایەند نەما و بەشێك لە تێكۆشەران هاتنەوە كوردستانی عێراق و بەشێك لەگەڵ جەنابی بارزانیدا بەرەو یەكێتی سۆڤیەت بەڕێكەوتن و ئامادەنەبوون خۆیان رادەستی رژێمە داگیركەرەكانی كوردستان بكەن، چوار ئەفسەرەكەش لەگەڵ ئەوانەدا كە گەڕانەوە عێراق هاتنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو چوار ئەفسەرە بەر لێبووردنی گشتی نەكەوتن و دران بە دادگای سەربازی، ئەم دادگایە بەفیتی رژێمی پاشایەتی كە (ساڵح جەبر) سەرۆك وەزیران بوو فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو، بۆ (مستەفا خۆشناو- خەیروڵڵا عەبدولكەریم- عیزەت عەبدولعەزیز- محەمەد قودسی) پاشان شەهید بوون، ئەوەبوو هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو چوار ئەفسەرە وەكو شەهیدی كوردستان و قارەمان لەناو خەڵكی دا ناسرا، خەڵكی زۆر دڵگران و نائارام بوون باری نائاسایی لە كوردستان راگەینرا، پۆلیس و سەرباز و ئەمن لە شەقامەكانی ناو شاری سلێمانی دەبینران، لە هەموو ماڵێكدا شیوەن و گریان بوو هیچ جۆرە رادیۆ و تەسجیل و قەوانێك دەنگی نەما، شیوەنی شێخ و مەلا و بەگ و ئاغا لە هەموو گەڕەكەكان دەنگی دایەوە سەیران و چوون بۆ ناو باغ بۆ ماوەیەكی زۆر نەما، ئێمەش لە دەرەوەی شار بووین كە ئەو غەم و پەژارە و هەواڵە دڵتەزێنەمان بیست، 19ی حوزەیرانمان لا رۆژێكی شووم بوو، مێژوو ریسوای ئەو رژێمەی كرد كە بەو كارە نامۆیە هەڵسا، ئەو چوار ئەفسەرە ئەو (عەفووە) لێخۆشبوونەیان نەگرتەوە، ئەمەش بۆ ترساندنی جەماوەری كوردستان بوو لەو كاتەدا، یەكەم كۆست بوو كە پارتی دیموكراتی كورد بەری كەوت، چونكە 4 ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتی بوون و تا ماوەیەكی زۆر ئافرەتان رەشپۆش بوون، هەربۆیە ساڵی 1947 چووە مێژووەوە داگیركارانی كوردستان و ڕوو رەشییان بۆ مایەوە شەهیدانیش هەتا هەتایە بەسەربەرزی و نەمریان بۆ مایەوە. ❊ ئەی بیرەوەرییەكەی ترت چی بوو ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو كە یادی شەهیدان كرایەوە لە شاری سلێمانیدا؟ ــ لێرەدا بیرەوەرییەكی ترتان بۆ باس دەكەم، بۆ ساڵی دوایی واتە 1948 دەنگ بڵاوبووەوە 19ی حوزەیران ساڵیادی شەهیدانی كوردستانە، گشت قوتابیانی كۆلێژەكانی بەغدا هەروەها خانەی مامۆستایانی بەغدا و بەعقوبە و محاویل دێنەوە بۆ ئەو یادە، لە شاری سلێمانیدا، منیش كە زانیم كاكم كە لە خانەی مامۆستایانی محاویلە دێتەوە باوكم ڕێگەی دام كە لە بەرزنجەوە بێمە سلێمانی و بەشداری ئەو ساڵیادە بكەم و لەگەڵ كاكم دەگەڕێمەوە، ئەوەبوو لەگەڵ كاروان رۆژی 18ی حوزەیران هاتمە سلێمانی بۆ ڕۆژی 19ی حوزەیران بۆ ئەو رۆژە مەزنە لەگەڵ ئەو هەموو قوتابییە هەموو شار هاتبوونە دەرەوە. بۆ ئەو رۆژە مەزنە چەندین كەسایەتی شاری كەركووكیش هاتبوون، كە باسی ناكرێت چون شار خرۆشابوو، كات 10ی بەیانییە پەیتاپەیتا لە بەردەم قوتابخانەی (غازی)، كە ئێستا قوتابخانەی (شێخ مەحموود)ە، سەر دیوار و شەقامەكان جمەی دەهات سەید ئیبراهیم حەفید و مامە سەید عەلی شێخ رەئووف و شێخ بابە رەسووڵ و سەید نووری لەپێش جەماوەرەوە بوون، شاعیران م. ب. هەوری، هەردی، نووری شێخ ساڵح و شێخ سەلام و ئەخول و رەمزی مەلا مارف و علی باپیر ئاغا و میرزا عەبدوڵڵا، لە قەڵادزێوە هاتبوو، ساڵح دیلان لەسەر قوتابخانە راوەستابوو كە كۆمەڵێك لاوی خوێن گەرم لایەوە بوون. زۆربەی ئەفسەرانی حامیە بە بەرگی جیاوازەوە وەستابوون و معاونی پۆلیسەكان بە بەرگی كوردی و مەدەنیەوە بەشدار بوون كەسایەتی ناسراوی شار كاكە حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا (باپیری كاك نێچیرڤان بارزانی) و مامۆستا عومەر عەبدولڕەحیم و مامۆستا رەشیدی مەلا و نووری شێخ رەزا و حوسێن ساڵح ئاغا لە كەركووكەوە و شێخ قادر بەرزنجی و نووری مەلا مارف هاتبوون، بە ماتەمەنی و غەمبارییەوە بەشدار بوون، ئەو هەموو خەڵكە.. هەبوو دەگریان، هەبوو سروودی ئەی رەقیب و خوایە وەتەن ئاواكەی دەچڕی، حاجی تۆفیق (پیرەمێرد)ی شاعیریش بەگۆجانەكەی ئاوازی سروودەكانی دەوت و ئاماژەی پێدەدان، فرمێسك بەچاوی دا جۆگەلەی دەكرد، ئافرەتان زۆر بوون شینیان دەكرد و دەگریان، وەك ئەوەی رۆژی شەهیدكردنەكەیان بێت، ئەوانەی كە دەمناسینەوە ناهید خانی شێخ سەلامی شاعیر (دایكی د. رۆژ و برووسك نووری شاوەیش) و ست بەهیە مەعرووف كە مامۆستا بوون، لەگەڵ شێخانی بەرزنجە و قادركەرم و شوێنانی تر بەشدار بوون و رۆڵیان هەبوو. مامۆستا شێخ جەعفەر بەرزنجی شاعیر و مامۆستا كەریم زەند وتاریان دەخوێندەوە و كارە قێزەوەنەكەی (ساڵح جەبر) و رژێمەكەیان تاوانبار كرد و داوای ئازادكردنی گیراوەكانی ناو بەندیخانەكانیان دەكرد، داوای مافی میللەتیان دەكرد، نوێنەری قوتابیانی بەغدا وتارێكی گەرموگوڕیان خوێندەوە، خەڵكێكی زۆر لە كرێكار و كاسبكار و دەوڵەمەند و هەژار بەبێ جیاوازی بەشداری ئەو مەراسیمە بوون، گرنگیەكە لەوەدا بوو میری خۆی نەكرد بەخاوەنی پۆلیس و ئەمن و، تەنانەت سەربازێك وجودی نەبوو تا كاتژمێر12ی نیوەڕۆ بەهێمنی مەراسیمەكە كۆتایی هات، بەشداربووان هەمووان پەیمانیان بەو 4 شەهیدە دا كە لەسەر رێبازی ئەوان بن و بەردەوامی بەخەباتیان بدەن. شێخ محێدینی برا گەورەم كە قوتابی خانەی مامۆستایانی محاویل بوو ئەوانەی پێناساندین، شانازی دەكەم بۆ یەكەم ساڵیادی ئەو چوار ئەفسەرە قارەمانە بەشداریم كرد. ئەو خۆپیشاندانە بێوێنە بوو هەموو دانیشتوانی سلێمانی بە تەواوی كەسایەتییەكان: بەگ و ئاغا و شێخ و مەلا و شاعیر و نووسەر و رۆشنبیر و دەوڵەمەند و هەژارەوە بەشداری ئەو مەراسیمەیان كرد، یەكێك نەبوو فرمێسك نەرێژێت هەروەكو ئەوەی ئەو رۆژە ئەو كارەساتە روویدابێت، تەنانەت ئەو كەسە كەمانەی كە سیخوری دەوڵەت بوون نزیكی ئەو ناوە نەدەكەوتن تەنانەت هەشیان بوو بەشداریشی كرد. وەك خۆم بەشداریكردنم لە یەكەمین ساڵیادی 19ی حوزەیران رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ من لەناو هەستمدا شتێكی تازە روویدا، لەوە گرنگتر ئەوەیە كارەساتەكەی 19ی حوزەیرانی شووم هی هەموو میللەتی كوردە ، ئەو چوار ئەفسەرە پێشمەرگەی شۆڕشێك بوون و سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بوون. كارەساتەكە ئەوەندە هەست هەژێن بوو، ئێستاش كە ئەو رۆژەم بیردێتەوە گریانم دێت. چونكە زووڵمێكی ئەوەندە گەورە بوو. ئەوان لاپەڕەیەكی گرنگ و پڕ سەروەرییان لە مێژووی خەباتیان بۆ نەتەوەكەیان تۆمان كرد، كە تاهەتایە كورد شانازییان پێوەدەكات.
سهرهتا بهدواداچوون لەبیرەوەری 72 ساڵەی شەهیدانی كۆماری كوردستان چۆن یەكەم ساڵیادی شەهیدكردنی چوار ئەفسەرەكەی...










