ئومێد قوربانی
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كاندید بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دوایین بڕیاری بەڕێزیان وەكو سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە نامەیەكیدا بۆ سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پێنج خاڵی سەرەكی پێشنیاز دەكات دەربارەی كاری بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، كە بە (یونامی) ناسراوە، كە تێدا پێشنیازی كێشەی كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان و داوای ناوبژیوانی نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی، بەرزكردنەوەی ئاستی نەتەوەیەكگرتورەكان لە هەرێمی كوردستان، دیاریكردنی كەسێك وەكو بەرپرسی كاروباری مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان، بنكەی سەرەكی بەرنامەی مرۆیی لە بەغداوە بگوازێتەوە هەولێر، دانپێدانانی نەتەوەیەكگرتووەكان بە فیدراڵیزمی هەرێمی كوردستان دەكات. هەرێم لە هەموو قۆناغەكانی ڕابردوودا داوای بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینەی كردووە لە عێراق، بەڵام بەبەردەوامی حكوومەتی عێراق پێشێلكاری تێدا كردووە، هەرێمی كوردستان و عێراق دوو قەوارەی لێك جیان، دەزگای بەرگریكردنیان جیایە، ئابوورییان جیایە، ستراتیژیەتیشیان جیایە، بۆیە كاتێك پابەندبوون بە بنەمای هاوبەشیی (شەراكەت) نەبێت واتا هاوبەشی لە دەقی دەستوورێكی جێبەجێنەكراودا خۆی دەبینێتەوە. ئەگەر چی جاری یەكەم نیە كە حكوومەتی هەرێم پێشنیاز بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام لە وەڵامی ئەمجارەدا لە لایەن نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پێشنیازەكانی ڕێزدار “نێچیرڤان بارزانی”دا هاتووە: نەتەوە یەكگرتووەكان دەست بەكاركردن لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكات دوای پێكهێنان و دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، بە نسبەت كورد بابەتێكی جەوهەری و گرنگە، وەڵامێكی تا ئاستێك دڵخۆشكەرە. ئەم پێشنیازەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە كاتێكدایە كە هێشتا بەغدا بەردەوامە لە پێشێلكردنی دەستوور و جێبەجێنەكردنی، نموونە، وەك (دووبارە تعریب كردنەوەی ناوچە جێناكۆكەكان كە لە بنەڕەتدا كورد نشینن، پێدانی پسولەی خۆراك و كارتی نیشەجێبوون پێیان، داگیر كردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی جوتیارانی كورد لە ناوچە جیاوازەكان، لادانی بەرپرسانی كورد لە پۆستە ئیدارەییەكانی ناوچە جێناكۆكەكان)هتد. لە چەند دەقێكی دوو بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە عێراق، بە ژمارە (2299و 2367) زۆر تەكید لە سەروەربوون و ڕێزگرتن لە دەستوور دەكات لە نێوان هەردوو لادا بەڵام بە پلە یەك بڕیارەكان ئاڕاستەی عێراق كراون، واتا پابەندی و بەرپرسیارێتی جێبەجێكردنەكە بە پلە یەك لە ئەستۆی حكوومەتی بەغدایە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە نەتەوەیەكگرتووەكان و تەنانەت خودی ئەنجومەنی ئاسایش ئاشنای تەواویان هەیە بە خاڵە ناكۆكەكان،كە پێشێلكردنی دەستوورە لە لایەن بەغدا، بۆیە داوای ڕێزگرتن لە دەستوور دەكات، كەوایە كاتێك ئەنجومەنی ئاسایش بگات بە جەوهەری كێشەكان، واتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەزانێت كە عێراق نیاز پاك نەبووە لە جێبەجێكردنی دەستوور و نەیتوانیووە ڕێزی لێبگرێت. ئەوەی گرنگ و ژێوارە و سوودی بۆ كورد هەیە ئەوەیە كە، ئەو هەوڵ و كۆششانەی حكوومەتی هەرێم بۆ سەروەربوون و ڕێزگرتن لە دەستور و پرسەكانی تر بە تەنها لە چوارچێوەی عێراقدا قەتیس نەماون، لە ئێستادا هەموو ئەو بابەتانە بە نێودەوڵەتی بوونە، گەیشتوونە بەوەی كە ببن بە بەشێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، نموونە وەك بڕیاری ژمارە (2299) لە 2016/725/ دوایین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بە ژمارە (2367) لە 2017/7/14، ئەگەرچی هەردوو بڕیارەكە ئاڕاستەی عێراق كراوە و ئەركی جێبەجێكردنیشی بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقە، بەڵام بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ناوی هەرێمی كوردستان هاتووە و ئاڕاستەی هەرێمی كوردستانیشی كردووە. ئان و ساتی پێشكەش كردنی پێشنیازەكان زۆر گونجا و تەندروستە، چونكە بەغدا لە هەوڵی ئەوەدایە كە لە داهاتوودا كارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كەمبكاتەوە، بەڵام هەرێم داوای ناوبژیوانی ڕاستەوخۆی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتورەكان دەكات لە عێراق سەبارەت بە كێشەكان، لە ئەگەری دەرچوونی بڕیاری نوێ، جارێكی تر بڕیارەكان ئاڕاستەی عێراق دەكرێت و بەمەش دیسان ئەركی جێبەجێكردنی دەكەوێتە ئەستۆی عێراق. جێگەی ئاماژە پێكردنە نەتەوەیەكگرتووەكان وعێراق لە رووی پەیوەندییەوە مێژووێكی سەیرو سەمەرەیان هەیە، بەجۆرێك كە ژمارەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە عێراق زیاتر لە (80) بڕیارە كە زۆرێك لە بڕیارەكان جێبەجێكردنەكەی خراوەتە ئەستۆی عێراق.









