یەحیا فایەق جاف
هیچ كات ئەو دیمانەی جەنابی سەرۆك “مەسعود بارزانی”م بیرناچێتەو، لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی “سكای نیوز”ی عەرەبی، لە رۆژی 16/03/2016 كاتێك سەرۆك بارزانی فەرمووی: (لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پەشیمانم، نەدەبوو ئەو ئەركە وەربگرم)، ئەوكات زۆرێك لە شرۆڤەكاران و چاودێرانی سیاسیی هەرێم، لەسەر ئەم بەشەی دیمانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی، بیروڕای زۆریان نووسی و بڵاوكردەوە..
هۆكاری هەرە دیاری ئەم لێدوانەی ئەوكاتی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، بۆ ئەو هێڕشە ناڕەوا و مەبەستدارە دەگەڕایەوە، كە هەندێك سیاسەتمەدار و كەسایەتی هەرێم ڕۆژانە دەیانكردە سەر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و خودی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، بەداخەوە ئەوان ئەوكات لە پای ئەوەی لە سەنگەری گەلەكەماندابن و ڕووبەڕووی ئەو نەهامەتی و پیلانگێڕی و كێشە زۆرانە ببنەوە، كە یەخەی هەرێمەكەمانی گرتبوو!! كەچی سەنگەری دژایەتیكردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمیان هەڵبژارد و ڕۆژانە هێڕشی سەر ئەو دامەزراوە نیشتمانییەیان دەكرد!! هەندێك چاودێر ئەو كات پێیان وابوو، هێڕشی ئەو سیاسییانە تەنها یەك مانا هەڵدەگرێت، ئەویش ئەوەیە؛ ئەم كەسانە لە “ئیرەیی”دا ئەم كارە ئەنجام دەدەن!! چونكە زۆر باش دەیانزانی دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم بە بوونی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، ببووە دەزگایەكی كاریگەر و سەركەوتوو و تەواو نیشتمانیی بۆ هەموان..
دەبوا ئەو لایەن و كەسایەتییانە، ئەوكات لەگەڵ گەلەكەماندا لە یەك سەنگەردا بووایەن و رووبەڕووی هێڕشی تیرۆریستانی داعش و بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حكوومەتەكەی عەبادییەوە ببنایەتەوە!! بەڵام بەداخەوە ئەوان هێڕشی سەر سەرۆكایەتی هەرێمیان لەو ڕووبەڕووبوونەوەیە لا پەسەندتر بوو!! ئەوەی جێگای داخ بوو، بێ ڕەچاوكردنی هەستیاری بارودۆخی سیاسیی و ئابووری ئەو كات، هێڕشی سەر سەرۆكایەتی هەرێم و حكوومەتیان كردووە پیشە، تەنها لە پێناو مەرامی سیاسیی و ئەجیندای حزبیانەی خۆیان..
ئەوەی لەسەر جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی پێویست بوو، وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە سەردەمی سەرۆكایەتی جەنابیان زۆر بە زیادیشەوە ئەنجامی دا، بەتایبەتی بەجێگەیاندنی پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە 25/09/2017، ناحەزانمان زۆریان هەوڵدا و ویستیان پرۆسەكەمان لێ تێك بدەن، بەڵام بە ئیرادەی گەلەكەمان و پشتگیری ڕاستەوخۆی ڕێبەری نەوە و گەل سەرۆك بارزانی، هەرێمی كوردستان بەسەر ئەو هەموو كێشمەكێشم و بۆمبانەی كە بۆی دانرابوون، بە (بەڵێ)ی زیاتر لە 92%ی بەشداربووان سەركەوتنێكی گەورەی بە دەست هێنا.
پاش ڕیفراندۆمە سەركەوتووەكەی گەلەكەمان، حكوومەتی ئەوكاتی عێراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و لە پای مەنتیق و هەڵبژاردنی دیالۆگ، بە ڕێنوێنی و پاڵپشتی گرووپێكی نێو یەكێتی و ئێران، هەستان بە گرتنەبەری ڕێكاری سەربازی دژ بە هەرێمی كوردستان و كۆی ئەزموونەكەمان، ئەمەش وەكو تۆڵەسەندنەوەیەك و وەڵامێك بوو لەوانەوە بۆ سەركەوتن و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكەمان، سوپای عێراق پاڵپشت بە هێزەكانی ئێران و میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران و لەگەڵیانیشدا گرووپێكی نێو یەكێتی، هەستان بە پیلانگێڕییەكی گەورە دژ بە هەرێمی كوردستان و پارتی و تێكڕای سەربەخۆییخوازانی هەرێم و گەلی كوردستان، ئەم پیلانگێڕییەی ئەو چەند هێز و وڵاتە پێكەوە و لە ڕێگای هێڕشی سەربازییەوە، خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەر و لە دەستدانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی لێ كەوتەوە، سەرئەنجام هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێممان بووە قوربانی خیانەتێك كە لە بیركردنی ئەستەمە.
بەداخەوە ڕاستەوخۆ دوای سەركەوتنی پرۆسەی ڕیفراندۆم، دژایەتیكردنی جەنابی سەرۆك “مەسعود بارزانی”ش زیادی كرد، ویستیان بەو دژایەتی كردنەیان، پێگەی بە هێزی جەنابی سەرۆك بارزانی لاواز بكەن، بەڵام هەر زوو لەلایەن گەلەكەمانەوە وەڵامی دروستی ئەو دژایەتیكردنەیان درایەوە، كاتێك بە دەنگدان “پارتی”یان كردە حزبی ژمارە “یەك” لە عێراق و كوردستان و بەڕێژەیەكی باش دەنگ و كورسییەكانی پارتی زیادی كرد، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكەی هەرێم بۆ پەرلەمانی كوردستان..
سەرەڕای هەموو دژایەتیكردن و پیلانگێڕییەكانیان، جارێكی دیكە پارتی و سەرۆك بارزانی ئەوەیان بۆ ئەوان و عێراق و وڵاتانی چواردەوریشمان سەلماند، كە بەرەی گەل و نیشتمان، ژمارەیەكی گەورەن و هیچ كەس و وڵات و لایەنێك ناتوانێت بە پیلانگێڕی لە هاوكێشەكانی عێراق و ناوچەكە لە كاریگەریی نیشتمانیانەیان كەم بكاتەوە، لەوانەیە بتوانن ئازارمان بدەن، برسیمان بكەن، سەفەرمان لێ قەدەغە بكەن، بۆردومانمان بكەن، هێڕشمان بكەنە سەر، ئابڵۆقەمان بخەنە سەر، هەندێكمان لێ بكڕن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئیرادە و دەنگمان زەوت بكەن. دوای ئەوەی ڕووداوەكان پێچەوانەی پێشبینییەكانی ئەوان دەرچوون، تووشی شۆكێكی گەورەتر هاتن، ئەو ڕاستییەیان بۆ ڕوون بووەوە، كە خۆشەویستیی سەرۆك مەسعود بارزانی لە نێو دڵی كوردستانییان و كوردستاندا ئەبەدییە و دژایەتیكردنەكەشیان بێ هوودە بووە و هەرواش دەبێت.
جەنابی سەرۆك بارزانی بەو ڕیفراندۆمە سەركەوتووە، گەلی كوردستانی كردە خاوەن تاپۆی سەربەخۆیی كوردستان، بە جۆرێك هیچ كەس و لایەن و وڵاتێك ناتوانێت ئەو تاپۆیە زەوت بكات و بسڕێتەوە، هەر كاتێك بمانەوێت دەتوانین ئەم كارتە گرنگە لە كات و ساتی خۆیدا بەكار بێنین.
بۆ لەمەوپاش ئەركی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ئەستۆی جەنابی كاك نێچیرڤان ئیدریس بارزانی، ئەندازیاری ئارامیی و ئاوەدانیی هەرێمەكەمان، مێرخاس و شۆڕەسواری بنەماڵەی بارزان و نەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی نەمر و هەمیشە لە یاد، بێگومان جەنابیشیان لەسەر هەمان ڕێچكەی مامۆستا و سەرۆكی خۆی، جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بەردەوام دەبێت، كار و پڕۆژەكانی دەبنە تەواكاری ئەو كار و پرۆژانەی كە جەنابی سەرۆك دەستی پێكردبوو ، لەگەڵ كۆمەڵە كێشەیەكی دیكە، كە بە هەڵپەسێردراویی ماونەتەوە و هێشتا چارەسەر نەكراون، لە هەموویان گرنگتر دەستووری هەرێمی كوردستان و شێوەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان.. هتد. ئەوەی من مەبەستمە تۆزقاڵێك لەسەری هەڵوەستەی جددی بكەم و ڕای خۆمی لەسەر بڵێم وەكو كوردێك ئەوەیە؛ هەق وایە پارتی و پارتییەكان بۆ لەمەوپاش سەرۆك مەسعود بارزانی لە قاڵبی تەسكی حزبیانە دووربخەنەوە و كاریزمای سەرۆك و كاریگەری جەنابیان لەو چوارچێوەدا بچووك نەكەنەوە، ڕاستە جەنابیان سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەشێكی هەرە گرنگ و پڕ بایەخی مێژووی زێڕین و درەوشاوەی پارتییە، بەڵام نابێت ئەوەشمان لە بیربچێت، سەرۆك مەسعود بارزانی سەرمایەیەكی گەورەی نیشتمانییە بۆ هەموو كوردستانییان و ڕێبەر و سەرۆكێكی مەزن و خەسڵەت تایبەت و كوردانەی بێ هاوتایە، كوردستان و كوردستانییان ئەمڕۆ لە هەموو كات و ڕۆژێك زیاتر پێویستیان بە حیكمەت و تێڕوانین و ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی هەیە.
شك لەوەدا نییە جەنابی كاك نێچیرڤان ئیدریس بارزانی، زیاد لە هەموان لە داهاتوودا پێویستی بە هاوكاری و پشتگیری و ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی دەبێت، ئەوەی ئەمڕۆی بۆ گەلەكەمان مسۆگەر كردووە، دووربینی و خوێندنەوەی ڕاست و دروستی واقعبینانە و سیاسییانەی دوێنێی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بووە، واقعبینی جەنابیان و خوێندنەوەی دروستی بۆ بارودۆخی هەرێم و ناوچەكە و گۆڕانكارییەكان، ئەوەمان لێ دەخوازن، بە خوێن و گیان پارێزگاری لەم سامانە نەتەوەییە گەورەیەی میللەتەكەمان بكەین و وەكو گلێنەی چاومان بیپارێزین.
جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی لە ساتە هەرە ناخۆشەكاندا چەتری ئارامی و كۆكەرەوەی هیوا و ئاواتی نەتەوەكەمان بووە، كار و بەدەنگەوە هاتنەكانی، شایەدی هەموو ئەو ڕاستییانەمان بۆ دەدەن، كاك مەسعود دەرچوو و خاوەندارێتی قوتابخانەی شۆڕشگێڕیی و بەرخۆدانە، پێشمەرگایەتی شایەدی مێرخاسیی ئەم سەركردە پێشمەرگەیەمان بۆ دەدەن.
جارێكی دیكەش دەڵێم، باشتر وایە “پارتی” ئەم سەرمایە گەورە نیشتمانییە بۆ لەمەوپاش تەنها لە چوارچێوەی “حزبیانە”ی خۆیدا نەهێڵێتەوە و وەكو موڵكی هەموو میللەت دەوری جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بارزتر بكات، بێگومان پارتی حزبێكی گەورە و تەواو نیشتمانییە، دەبێت هەموان لە نێو پارتی ئەو ڕاستییە بزانن، جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی، سیمبوڵی قوربانیدان و گیانفیدایی و ئازایەتیی و ناسنامەی نەتەوەكەمانە، هێمای ئاشتەوایی و شۆڕش و مەزڵوومییەت و هەقانیەتی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستانە، پشت و پەنای هەموو لێقەوماو و هەژاران و ئاوارەكانە، بێگومان پێویستە جەنابیان موڵكی هەر تاكێكی كوردستان بێت، دوور لە ڕەنگ و حزبایەتی، دەبێت هەمیشە وەكو سەرمایەیەكی دەوڵەمەندی نەتەوەیی پارێزگاری لە ڕێبەرایەتیی و پێگەی جەنابیان بكەین و هەنگاو و كارەكانی بەتەواوەتی بەرز ڕابگرین، دەبێت پارێزگاری لەم ڕۆڵی كوردانەی جەنابیان بكەین و ڕێگا نەدەین كەسانێك لە شكۆمەندیی و مەرجەعییەتی ئەم سەركردە مێرخاسەمان كەم بكەنەوە.









