خهبات: ڕۆشنا عەلی
ئەزموونی مامۆستایەك گۆشەیەكی هەفتانەی لاپەڕەی پەروەردەو خوێندنە ئەو مامۆستایانە بەسەردەكاتەوە كە تەمەنیان بۆ خزمەتی پیشەیی مامۆستایی و پەروەردە تەرخانكردووەو لەسەردەمێكدا خزمەتییان بە قوتابیان و منداڵانی كوردستان كردووە ، ئامانج لە ئامادەكردنی ئەم گۆشەیە نزیكبوونە لەو مامۆستایانەو بەسەركردنەوەیانە هەروەها بەراوردێكی پەروەردەییانەشە لە نێوان دوو سەردەم لە پەروەردەكردنی جیاواز و دوو نەوەی جیاواز ، هاوكات دیاریكردنی ئەو كێشە پەروەردەییانەیە كە لە ئێستادا بوونییان هەیە پێشنیارو بۆچوونی ئەوان بەرچاو ڕوونییەكە بۆچارەسەركردن و بنبڕكردنی بۆ لایەنی پەیوەندیدار، ئەزموونی ئەم هەفتەیە ئەزموونی مامۆستا (فەوزی زەكی هەناری)ە كە لە ساڵی 1941 لەشاری كۆیە لەدایكببووەو لەساڵی 1962 ەوە مامۆستایەو 29 ساڵی تەمەنی مامۆستا بووە كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی بەغداد بەشی فیزیا ی تەواكردووە پسپۆری وانەی فیزیایە.
تەمەنێك مامۆستایەتی
مامۆستا فەوزی لە سەرەتای دەست بەكاربوونی وەك مامۆسای فیزیا لە ساڵی1962 لە ناو شاری كۆیە دەست بەكار بووە و شەش ساڵ مامۆستاو دواتر هاتۆتە هەولێر 23 ساڵ تەمەنی مامۆستایەتی بە دواناوەندی هەولێر بەخشیوە و لەهەریەك لە قوتابخانەكانی ئامادەیی كوردستان و زەهرای كچان وەك مامۆستای فیزیاو بیركاری وانەی وتۆتەوە دواتریش بۆتە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی پسپۆڕی فیزیا.
نزیكی لە پەروەردە
دەربارەی ئەوەی كە ئایا كام لە هەریەك لە مامۆستایی و بەڕێوەبەری و سەرپەرشتیاری ڕۆچوونە لە ناو پەروەردە بە ماناكەی خۆی ؟ مامۆستا ئاماژە بەوەدەدات كە لە بواری پەروەردەدا هەموو پلە وەزیفییەكان مامۆستا ، بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیار هەریەكەیان سوودو گرنگی خۆی هەیە هەریەكەیان تەواوكەری یەكترن ، بەڵام بە بۆچوونی من ئەگەر مامۆستایەكی ئاست بەرزو پەروەردەكارو نیشتمان پەروەربیت ، مامۆستا كاریگەرترینە ، چونكە ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ قوتابیان هەیە و دەتوانێت ئاستی زانستییان بەرز بكاتەوە قوتابیان لەسەر خۆشویستنی نیشتمان و مرۆڤایەتی و ڕێزگرتن لەیەكتری هان بدات ئەمەش بەو مانایە نییە كە ئەوانی تر ئەم كارەیان پێناكرێت.
بەراوردی سەردەم
دەربارەی ئەوەی كە ئایا جیاوازی مامۆستا لە نێوان سەردەمی ئەوان و ئێستا لە رووی پەروەردەو وانە وتنەوەوە چییە ؟ ئایا كاریگەرترین خاڵی جیاكەرەوە هەردوو سەردەمەكە بە بۆچوونی ئەوان چۆنە ؟ مامۆستا فەوزی ئاماژەی بەوەدا كە مامۆستا لە هەموو كات و شوێنێكدا مامۆستایە ئەوەی مامۆستا و ئەوانی ڕابردوو لێك جیا دەكاتەوە تەنها خودی مامۆستاكە خۆی نییە ، ڕاستە باوەڕ بە پیشەكەو هەستی نیشتمان پەروەری هاندەرن بۆچاك بەجێهێنانی كارەكانییان ، بەڵام لە لایەكی ترەوە كاریگەری دەرەكی زۆر هەن كار لە مامۆستا دەكات وەك ئەو ژینگەی مامۆستاكە تێیدا دەژی باری كۆمەڵگەو ئاستی ئامادەبوونی قوتابیان بۆ فێربوون ، بۆنموونە لە ساڵانی حەفتاكان مامۆستایان زیاتر هەستییان بە ئارامی دەكرد كێشەو گرفتەكانییان كەمتر بوو مافەكانییان تاڕادەیەك پارێزراو بوو وەك پێدانی زەوی و سولفەی بانكەكان و سولفەی عەقار ، قوتابیانیش هەستیان بەبەرپرسیارێتی ئەكرد ، چونكە باوەڕیان بەوە هەبوو كەبە خوێندن دواڕۆژیان دابین دەكەن ، بەڵام ئێستا ژینگەو باری كۆمەڵگەو ژینگەی بیروڕا زۆر جیاوازە هەموو مافەكانی مامۆستا جێبەجێ ناكرێت ، ژمارەی قوتابییان لە پۆلەكان و بە تایبەتی لە قوتابخانەكانی شارەكان زۆر زۆرە پاشەڕۆژیان نادیارە گیرو گرفت زۆرە سەرلێشێوان لە نێوان مامۆستاو قوتابییان بڵاو بۆتەوە جیاوازی لە نێوان بەجێهێنانەكانی مامۆستایانی كۆن و ئێستا هەیە هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆئەو ژینگەیەی مامۆستا تێیدا دەژی.
ڕۆڵی پەروەردەیی
دەربارەی ئەوەی چ ڕۆڵێكییان هەبووە لە لایەنی تری پەروەردەیی وەك دانانی پڕۆگرام یان پێشنیارێكی جێبە جێكراوی ئەوان لە بواری پەروەردە ؟ ئەو مامۆستایە وتی ” هەڵساوم بە وەرگێڕان و پێداچوونەوەی كتێبی پڕۆگرامەكانی بابەتی فیزیا پڕۆگرامێكم بۆ پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان نوسیوە ، چوار كتێبی فیزیام بۆ قۆناغەكانی پەیمانگای كۆمبیوتەر داناوە لە ماوەی خانە نشین بوونم چوار كتێبم لەسەر كارەبای ئاسانكراو ، بنەماكانی میكانیك ، سیفەتەكانی ماددە ، جوڵەو شەپۆلی دەنگی نوسیوە ئێستاش خەریكی ئامادەكردنی كتێبێكم بە ناوی ڕووناكی.
پێشنیاری بەرەو پێشچوون
دەربارەی ئەوەی كە بە بۆچوونی ئەوان چ هۆكارێك لە پشت خراپی ڕەوشی پەروەردەوەیە پێشنیاریان بۆباشتركردنی ئەم ڕەوشە چییە ؟ مامۆستا فەوزی چەند هۆكارێك دەخاتە ڕوو هاوكات چەند پێشنیارێكیش كە پێی وایە چارەسەرن ئەو لەمبارەیەوە وتی ” نشێوی ئاستی پەروەردە هۆكاری زۆرن لەوانە خراپی ڕەوشی پەروەردە لە ساڵەكانی هەشتاكانەوە دەست پێدەكات زیانێكی گەورە بە پرۆسەی خوێندن كەوت ، گرنگیدان بە قوتابخانەكان كەم بۆوە و بەشێك لە مامۆستاكان خەریكی شەڕەكە بوون.
لەساڵانی نەوەدەكان لە ئەنجامی ڕاپەڕینەكە دیسان باری قوتابخانەكان تێكچوون لە ئەنجامی بە تاڵانبردنی كەل و پەلی قوتابخانەكان و زانكۆكان.
تێكچوونی باری سیاسی و بەرپا بوونی شەڕی ناوخۆ و تێكچوونی قوتابخانەكان دووبارە.
قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچەو گۆڕینی پڕۆگرامەكان لە ئاستێكی باش و بەرزەوە بۆ ئاستێكی نزم بە تایبەتی لە بابەتە زانستییەكانی وەك كیمیاو فیزیاو بیركاری ، هەروەها گۆڕینی پلەكانی تاقیكردنەوەكان یاساو نیزامی قوتابخانەكان بە شێوەیەكی خراپ.
پێشنیارەكانمان بۆباشتركردنی ڕەوشی پەروەردە ئەوەیە كە ئاستی زانستی مامۆستایان بەرزبكرێتەوە بە كردنەوەی خولی بەهێزكردن بۆیان لە ڕێگای یەكەی مەشقكردن ، هەستكردن بە گرنگی خوێندن لای قوتابی دروست بكرێت و ژمارەیان لە پۆلەكان كەمبكرێتەوە.
كۆنترۆڵی حیزب لەسەر مامۆستاو بەڕێوەبەر كەمبكرێتەوە ، ساڵانە بودجەی گونجاو بۆ قوتابخانەكان دابینبكرێت بۆئەوەی هانا نەبەنە بەر دەوڵەمەندو هەبووەكان ، هەروەها گرنگی بدرێت بە ڕۆڵی سەرپەرشتیاران پڕۆگرامەكانی خوێندن وەك پڕۆگرامەكان سیستەمی عێراقی فیدراڵ بكرێت بە تایبەتی لە بابەتە زانستییەكان ، گرنگی بدرێت بە ئامادەییە پیشەسازییەكان و بودجەی پێویستییان بۆ دابینبكرێت ، واز لەم سیستەمەی ئێستا بهێنرێت لە دابەشكردنی پلەی تاقیكردنەوەكان و بگەڕێنەوە بۆ دابەشكردنەكەی پێشوو ، قوتابخانە ئەهلییەكان سنووردار بكرێت و بەرەبەرە نەهێڵرێت ، نیزامی هەڵبژاردن بۆتاقیكردنەوەكان كەمبكرێتەوە و تاقیكردنەوەكان گرنگی پێبدرێت.
مووچە بە ڕێكی و بەبەردەوام بە كارمەندامی پەروەردەیی بدرێت دەزگاو ماددەكانی تاقیگەكان بە یەكسانی بەسەر قوتابخانەكاندا دابەشبكرێت وانە كردەییەكان گرنگی پێبدرێت ، هاندانی مامۆستایان بۆ خوێندنەوەو سوود وەرگرتن لە سەرچاوە زانستییەكان ، دەرچووانی پەیمانگاو كۆلێژی بنیاد تەنها لە قۆناغە سەرەتاییەكان وانە بڵێنەوە.









