خەبات: رانیار دلشاد
بواری راگەیاندن دنیایەكی فراوانە بۆ كاركردن، لەنێویاندا رێژەی ئافرەتان لەچاو ساڵانی پێشوو لە هەڵكشاندایە، ئەمەش دەلالەتە لەوەی لە ئێستادا خواست لەسەر بواری راگەیاندن بەلای ئافرەتانەوە زۆرە، ئەمە لەكاتێكدا ساڵانە لەبەشی راگەیاندنی كۆلێّژ و پەیمانگاكان قوتابیان بەرهەم دەهێندرێن، یەكێك لەو ئافرەتانەی تاوەكو ئێستا چەندان هەوزار و نشێوی بواری راگەیاندنی ناوخۆیی بڕییەوە و ئێستا لە كەناڵی العراقیە كوردی كاردەكات، لەڕێگەی دیدارێكەوە سەبارەت بەهاتنە نێو بواری راگەیاندن و سەرەتای كاركردنی، بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی ئێمەی دایەوە.

* هۆكاری كەمی رێژەی ئافرەتان لەكاری راگەیاندن بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
ڕاستە لە پێشوودا خانمان كەمتر كاری ڕاگەیاندنیان ئەكرد، بەڵام لە ئێستادا بەڕای من ڕێژەی خانمان ڕێژەیەكی یەكجار باشە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خاتوونی بەتوانامان هەیە كە نەیان توانیووە لەبواری ڕاگەیاندندا كار بكەن، هۆكاری سەرەكیش بۆ ترس لە تەشیرو ناوزڕاندن و ئەو سەختیانە ئەگەڕێتەوە كە دێتە بەردەم خانمان.
* ئێوە چۆن كاری راگەیاندنتان هەڵبژارد، سەرەتای دەستپێكی كارەكەتان لە چ كەناڵێكەوە دەست پێكرد؟
هەڵبژاردنی من بۆ كاری ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ خۆشەویستیم لەو بوارە، سەرەتای دەركەوتنیشم لە كەناڵی NRT2 بوو.
* چ هۆكارێك وای لێكردی، لەو هەموو كەناڵە كوردییەی ناوخۆ، كەناڵی العراقیە كوردی هەڵبژێری؟
بێگومان من پێشتر لە كەناڵە كوردییەكان كارم كردووە و گەورەترین شانازیمە كە كار بۆ هاونیشتیمانیان و كۆمەڵگای خۆم بكەم، هەڵبژاردنی كەناڵی العراقیە كوردی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە،پێم باش بوو ئەزموونی نوێ لەبوارەكەی خۆمدا لەناو كەلتوور و نەتەوەیەكی دیكە پەیدا بكەم.
* ئایا تا ئێستا هیچ كۆمپانیا و دامەزراوەیەك، داوای كاری فاشیۆنی لێ نەكردووی؟
بەڵێ بێگومان بەڵام من هیچ حەزێكم بۆ كاری فاشیۆن نیە، هەموو كارێك پێویستی بەشارەزایی تەواو هەیە، ڕەنگە من وەك پێویست نەمبێت، هەستم كردووە تێكەڵكردنی كار بۆ من گونجاو نیە.
* وەك پێشكەشكارێك لە دوارۆژدا زیاتر ئارەزووی كام كەناڵ و بەرنامە دەكەی بۆ كاركردن تیایدا؟
گرنگ نیە كام كەناڵ هەڵدەبژێری، گرنگ ئەوەیە چۆن دەتوانی لەو كارەی پێت سپێردراوە، تیایدا سەركەوتووبیت و بە باشی كارەكانت ڕاسپێری، بۆیە لای من هەموو دەزگایەك گەورەیی خۆی هەیە، هەركامیان بێت بۆ من شانازییە.