خهبات: بەرهەم شێخ عزەدین
رەنگە یەكێك لە بنەما سەرەكیەكانی هەڵگیرسانی گرنگی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتوخواز ئەو خاڵە بێت، كە هەڵگیرسانی چەخماخەی شۆرشەكە بەر لە هەرشتێك كۆتایی هێنان بوو بەو ڕەشبینیەی لەدوای نسكۆی (1975) دووچاری كورد بووەوە، بەو مانایەی شۆرشی گوڵان رۆحی كوردایەتی و خەباتی نەتەوایەتی جارێكیتر گەڕاندەوە و هیواو ئامانج و گەیشتن بەمافە ڕەواكانی گەلی كوردی زیندوو كردەوە. بەمانایەكی تر ئەو پەیامەی بە گوێچكەی هەموو داگیركەڕانگەیاند،كە هەرگیز زیندوویەتی نەتەوەی كورد لەبەرامبەر ستەمكاریدا دانامركێت، نووسەرو پێشمەرگەی شۆرشی گولان ئەسعەد عەدۆ لە دوو توێ ئەم كتێبەیدا مەبەستیەتی ئەو حەقیقەتە بسەلمێنێ كە هەڵگیرسانەوەی ئەم شۆڕشە گوزارشتی لە رەهەندێكی ستراتیژی دەكرد، هەر ئەو رەهەندەش ئەمرۆ كوردی بەو قۆناغە پێشكەوتووە گەیاندووە.
كتێبی مێژووی شۆڕشی گوڵان كە لە 2015 بڵاوتان كردۆتەوە زیاتر كتێبێكە پشت بە گێڕانەوەی ڕووداوەكانی شۆڕش دەكات ، گرینگی ئەو شێوەیە لە چیدایە ؟
لەبەر ئەوەی مێژوو بۆتە زانستێكی یەكجار فراوان، بۆیە لە سەدەی شازدەوە گرینگی زیاتر بەم میتۆدە دراو لە ئەنجامدا چەندین قوتابخانەی هەجۆری لێپەیدا بوو، ئەوجۆرە نووسینەوەی مێژوو كە من پێی هەڵساوم لە كتێبەكەمدا دەكەوێتە خانەی قوتابخانەی مێژووی سەرزارەكی كە بە تەواوكەری قوتابخانەكانی تر دەژمێردرێت . كە سەرەتایەكەی بۆ ساڵی 1860 دەگەڕێتەوە ، ئەگەر زیاتر قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەین ناچارین بگەڕێینەوە زەمەنی مێژوونوس هیرودوت 484_395)پێش زاینی كاتێ گرنگی بە مێژووی سەرزارەكیدا بۆ بەرەوپێشچوونی مەنهەجیەتی مێژوو واتە گێڕانەوەو تۆماركردنی سەربردەكان لەسەر زاری بەشداربووان كارێكی یەكجار باشە بۆ راستگۆیی نووسینەوەی مێژووی قۆناغێكی دیاریكراو . ئەوەتا لە ناوەرۆكی كتێبەكەمدا زانیاری زێدە وورد دەكەوێتە بەرچاوان چونكە لە زاری ( شاهد عیان ) ەكانە ، بۆیە خوێنەر لە خوێندنەوەی ئەمجۆرە كتێبانە لەبەر زێدە ووردەكاریەكەیدا ئاسودەیە .
بەشی زۆری بابەتەكانی كتێبەكە سیمینارێكی برایەتیە كە لە سەرەتای دەرچوونی برایەتی لە 1993 بڵاوكراوەتەوە ، بۆچی هەتا ساڵی 2015 نەكرایە كتێب ؟
بەڵێ سەرەتای بیرۆكەی نووسینەوەی ئەم كتێبە بۆ ئەو ئامۆژگارییەی هێژا مسعود بارزانی دەگەڕێتەوە كاتێ فەرمووی : بەردەوامبونی شۆڕش یان چۆنیەتی هەڵگیرساندنەوەی لە بارودۆخێكی یەكجار دژوار دەستی پێكردەوە . بۆیە پێویستە نەوەی نوێ لە نزیكەوە بارودۆخی شۆڕشی خۆیان لەسەر لاپەڕەكانی ( برایەتی) بزانن ، جا پێویستە تەوەرێك بۆ ئەو مەبەستە لە گەڵ بەشداربوان بكەنەوە . بۆیە ئێمەیش چەند هەڤاڵمان بۆ ئەو مەبەستە دەست نیشان كرد : كریم سنجاری ، فرنسۆ هەریری، یونس رۆژبەیانی، مستەفای نێروەیی، دكتۆر كمال كركوكی، عەلی كۆ حاجی ئۆمەرانی، محمد خالد بۆسلی، عبدالرحمن گوندكی . بەداخەوە هێندەی نەبرد شەڕی ناوەخۆیی دەستی پێكردو بەندە بەرەو هۆڵەندا رۆیشتم . كاتێ لەوێ بووم دوو كتێبی مەلا بەختیار و كتێبێكی نەوشێروان و بیرەوەریەكانی سەید كاكەیش دەرچوون كە پەیوەندیان بە مێژووی شۆڕشی گوڵان هەبوو، بۆیە لە ساڵی 1999 تەنیا سەت دانەم چاپكرد كە بەراوردكردنیشی دەگەڵ ئەو كتێبانەی نێوم هێناون تێدابوو، بەڵام بەداخەوە لە سنووری خاپوور دەستی بەسەردا گیرا !! لەكاتی گەڕانەوەی یەكجارەكیمداو زانیاری تریش كەوتنە ژێر دەستم ئەوە بوو لە ساڵی 2015 بە تیراژی (500) دانە بەمشێوەیە چاپمكرد، ئێستایش نەوەی نوێ بە تایبەت كادیران و هەوادارانی پارتیمان بە تایبەت ئەوانەی نێوی باوك یان شەهیدیان تێدا هاتووە بەردەوام بەدوای ئەو زانیارانەدا وێڵن هەروەها قوتابیانی ماستەر و دكتۆرا بۆیە بە ئومێدی ئەوەم كە خانەی موكریان یان خێراخوازێك هاوكار بێت بۆ لە چاپدانەوەی . هەوڵێكی نەزۆكیش هەبوو كە هەوڵمدا سەنتەری دیراسات و توێژینەوەو ئەكادیمیای حیزب هاوكار بێت بۆ چاپكردنەوەی بەداخەوە ئەوانیش لە روانگەی ئەزمەی پارە مەیسەر نەبوو! دەربارەی سیمنارەكەیش بەر لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992 تەلەفزیۆنی لۆكاڵی كوردستان گەیشتە پیرمام ئەم سیمنارەم بۆ بەڕێزان : جوهر نامق ، كریم سنجاری ، هۆشیار زێباری ، پیرۆت ئەحمەد تۆمار كرد بەڵام بەداخەوە لەبەر تێكەڵبوونی دەنگی سیمنار لە گەڵ دەنگی رادیۆی دەنگی كوردستان لە رووی هونەریەوە شیاوی بڵاوكردنەوەی نەبوو !
قسەت لە باری نووسینەوەی مێژووی شۆڕشی گوڵان چییە ؟
لەوەتەی كاك مسعود بارزانی مێژووی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی نووسیەوەو بڵاوكرایەوە هەموو مێژوونوسان دەتوانن بێ ماندوبوون دەستی بۆ ببەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ شتێك دەربارەی شۆڕشی گوڵان نەنووسراوەتەوە، ئەوەی بەندەیش تەنیا باس لە ماوەی سەركردایەتی كاتیی دەكەم كە بۆ خۆم نێومناوە تەواوكەری شۆڕش چونكە لە دوای چل رۆژ لە نسكۆوە دەستم پێكردووە، باشتر وایە بڵێم یەكەم كۆبوونەوەی نهێنی كاك مسعود بارزانی لە گەڵ بەڕێزان : جوهر نامق ، حەمە رەزا ، عارف گیفور ، ئازاد بەرواری ، كریم سنجاری لەسەر كانیاوی ( نەغدە) كە سەركردایەتی كاتیی دانراو یەكەم بەیان بە زمانی عەرەبی (كوردستان گۆڕەپانی راستەقینەی خەباتمانە) نوسرایەوەو لە 10/12/1975 بڵاوكرایەوە .
لە دووماهیدا ئەسعەد عەدۆ زیاتر وەك وەبیر خستنەوە گوتی:كاتێ كاك مسعود بارزانی باسی لە تەوەری برایەتی كردەوە فەرمووی: لە دوای چاوپێكەوتنەكان منیش دوو قسەی لەسەر دەكەم و هەڵەكان راست دەكەینەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستایش بۆمان نەلواوە ئەو ئومێدەمان بێنینە دی . لە دوای هێندە ساڵە واتە لە دوای نسكۆهێنانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە لە 1975 تا ئێستا ، ئەوانەی سەنگەری نەیاریان لە ئێمە گرتبوو یان خۆیان بە بەدیلی ئێمە دەزانی هەموویان گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە ( بە نووسین) كە پارتی و بنەماڵەی بارزانی بوون لەژێر كاریگەری نسكۆدا بەر لە هەمووان بەر لە تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر نسكۆهێنان ، بەردەوامبوون لەسەر بەرخودان و شۆڕش كە لە دواییدا بە شۆڕشی گوڵان ( 26/5/1976) ناسرا . ئەم شۆڕشمان وەكو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول هەوێنی هەر چوار پارچەی كوردستانی تێدایە









