خەبات: هەولێر
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مەی، ئاشكرایكرد رۆژی 7ی حوزەیران دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتەكەی دەكێشێتەوە. مای گوتیشی: ئەوەی كە نەمتوانیوە برێكسیت بخەمە واری جێبەجێكردنەوە، پەشیمانییەكی قووڵی لای من درووستكردووە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە. ئەو جەختی لەوەشكردەوە تا هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پارتەكە درێژە بە بە كارەكەی لە سەرۆكایەتی وەزیران دەدات.
تێرێزا مای كە ماوەی نزیكەی سێ ساڵە پۆستی سەرۆكایەتی وەزیرانی بەریتانیا بەڕێوەدەبات، لە كۆتایی گوتەكانیدا سەبارەت بە دەست لە كاركێشانەوەی، نەیتوانی بەسەر هاتنە خوارەوەی فرمێسكەكانیدا زاڵبێت.
ئەو دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا وردەكاریی پاكێجی نوێی رێكەوتنی برێكسیتی ئاشكراكردبوو، بەرەوڕووی كاردانەوەی كابینەكەی و پەرلەمانتاران ببوویەوە، شیاوی ئاماژەیە پێشتریش سێ جار رێكەوتنەكانی مای لەبارەی برێكسیتەوە لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپادا، لە پەرلەمان رەتكرابوونەوە، بۆیەش چاوەڕوان دەكرێت پارتەكەی مەی، پارتی پارێزگاران، لە هەڵبژاردنی دوو رۆژی رابردووی پەرلەمانی ئەورووپادا، تووشی شكستێكی گەورە ببێت.
تێریزا مای بووە دووەمین سەرۆك وەزیران كە بەهۆی برێكسیتەوە دەستلەكار بكێشێتەوە، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مای لە دوای دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، دەیڤید كامیرۆن بووە دووەم سەرۆك وەزیرانی قوربانی دەستی قۆناغی برێكسیت.
دوای ئەوەی مای رایگەیاند كە لە 7ی حوزەیران دەست لەكار كێشانەوەی خۆی لە سەرۆكایەتی پارتەكەی رادەگەیەنێت، ئیتر بە دوای سەرۆكێكی نوێ دەگەڕێن بۆ ئەوەی قۆناغی برێكسیت بە ئاراستەیەكی نوێدا ببات، تێریزا مای دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتەكەی كۆبووەوە، رایگەیاند كە لە 7ی حوزەیران ئەمساڵ دەست لە سەرۆكایەتی پارتی پارێزگاران دەكشێنێتەوە.
مای ئاماژەی بەوەكردبوو كە تا پارتەكەی سەرۆكێكی نوێ دەستنیشان دەكات، ئەوا ئەركی سەرۆكایەتی وەزیران بەڕێوە دەبات و بەم شێوەیەش بووە دووەمین سەرۆكوەزیران كە بەهۆی قۆناغی برێكسیتەوە دەست لەكار بكێشێتەوە.
سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترامپ، لەبەرانبەر ئەو دەست لەكار كێشانەوەیەی تیرێزا مای رایگەیاند كە ئەو دڵگران بووە بە بڕیاری دەستلەكار كێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و گوتی: ئەوەی بۆ چاكەی وڵاتەكەی خۆی كرد، سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ پێش سەردانەكەی بۆ وڵاتی ژاپۆن لە باخچەی كۆشكی سپی هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیاری دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مای كرد.
ترامپ لەمبارەیەوە گوتی: دڵگران بووم بۆ تیرێزا، ئەوم زۆر خۆشدەوێت، ئافرەتێكی باشە، زۆر زیرەك و بەهێزە، بڕیارێكی دەركرد كە بەشێكی خەڵك بە سوپرایز و بەشێكی دیكە بە ئاسایی پێشوازیان لێ كرد، بەڵام ئەوەی بۆ چاكەی وڵاتەكەی خۆی كرد، ئەوم خۆشدەوێت، لەكاتێكدا دوو حەفتەی دیكە كۆدەبینەوە، بە پێچەوانەی هەڵوێستی ئەمەریكا لەسەر زاری دۆناڵد ترامپ، گوتەبێژی كۆشكی كرێملین، دیمیتری پێسكۆڤ لەبارەی دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، تێریزا مای رایگەیاند كە مای هیچ كارێكی نەكردووە لەبارەی پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان رووسیا و بەریتانیا.
پێسكۆڤ راشیگەیاند كە لە سەردەمی سەرۆكایەتی وەزیرانی تیرێزا مای، پەیوەندی نێوان رووسیا و بەریتانیا بە قۆناغێكی سەخت تێپەربووە و گوتیشی: “هیچ هەوڵێكی مای بەبیرم نایەت لەبارەی پێشخستنی پەیوەندی دووقۆڵی نێوان بەریتانیا و رووسیا، پێسكۆڤ راشیگەیاند كە ئەو ئامادە نییە باس لە بڕیاری دەست لەكار كێشانەوەی مای بكات و جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەوان لە نزیكەوە چاودێریی قۆناغی برێكسیت دەكەن و یەكێتی ئەورووپاش هاوبەشێكی گرنگی بازرگانی رووسیایە.
لەلایەكی دیكەش گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا لەبارەی دەست لەكار كێشانەوەی مای ئاماژەی بەوەدا كە وشەی مای لە زمانی ئینگلیزی بە مانای ئایار دێت و لەمبارەیەوە گوتی: زۆر لۆژیكییانەیە، حوزەیران كۆتایی بە ئایار دەهێنێت June ends May.









