خەبات: ساسان دەروێش
43ساڵ لەمەوبەر لە 26ی گوڵانی 1976 شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز هەڵگیرسا و جارێكی تر پشكۆی نەكوژاوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی داگیرساندەوە و خەونی نەزۆكی دوژمنان و داگیركارانی كوردستانی لە گۆڕنا، بە یەكەم تەقە و گەیاندنی پەیامی گەلێكی كۆڵنەدەر كە شۆڕش و كورد كۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە بە رێنمایی باوكی رۆحی نەتەوەییمان بارزانیی نەمر و بەشێكی زۆری پێشمەرگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و بە سەركردایەتیی سەرۆك مەسعود بارزانی و كاكە ئیدریسی هەمیشە زیندوو لەسەر هەمان رێباز و ئامانجی پیرۆزی پارتی و بارزانی و پێشمەرگایەتی و بەرگریكردن لە كوردستان، ئەمڕۆ بنیادنرا لە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەبوونی كیانێكی دانپێندراو و ئومێد و ئامانجە پیرۆزەكەی شەهیدان لە سەربەخۆیی كوردستانی لەسەر هەڵچنن. جێگای خۆیەتی لەم یادەدا سوود لە زانیارییەكانی یەكێك لە فەرماندە و پێشمەرگەكانی شۆڕشی گوڵان وەربگرین، ئەویش مولازم یونس ڕۆژ بەیانی، كە هەمیشە خۆی بە دوور دەگرێت لە میدیا، بەڵام ئەو پێشمەرگە و كادیرێكی دیاری ئەو شۆڕشە بووە و قسە و زانیارییەكانی بۆ خۆی سەرچاوەی گرنگ لە مێژووی ئەو شۆڕشەدا.
سەبارەت بە شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز و رۆڵی سەركردایەتیی كاتی پارتی لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵاندا، پێشتر لە دیدارێكدا یونس رۆژبەیانی گوتوویەتی: بە ڕاستی پیلانی جەزائیر و وەستانی شۆڕش، بڕیارێكی سیاسی بوو، ئێمە شكستێكی سەربازیمان نەخوارد، بەڵكو رژێم لە شكست دابوو، بە ئیعترافی خۆیان، هەر بۆیەش پەنایان بردە بەر ئەو پیلانە، كە چووینە ئێرانیش بۆ ئەوە نەچووین وەك پەناهەندە و موجاهید لەوێ بژین یان بمانژێنن، بە پێچەوانەوە بۆ ئەوە چووین كە لە نزیكترین دەرفەتدا بۆمان هەڵبكەوێت دووبارە بێینەوە كوردستان و درێژە بە خەباتی خۆمان بدەینەوە بۆ ئەم مەبەستەش بوو من فەرمانم پێكرا كە بچم بۆ ئۆردوگای سەراب نیلۆفەر لە كرمانشان، ئۆردوگای تایبەتی ئەو پێشمەرگانە بوو كە خێزان و منداڵیان لەگەڵ نەبوو و زۆربەشیان پێشمەرگە چاو نەترسەكانی هێزی رزگاری و پەروەردەی دەشتی كەركووك و گەرمیان بوون، بۆ ئەوەش چووبووین رێكیان بخەینەوە و لە هەلومەرجی خۆیدا بیانگەڕێنینەوە كوردستان، ماوەیەك بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارە لەوێ ماینەوە، هەڤاڵانی دیكەش لە شوێنانی تر بە هەمان مەبەست لە چالاكیدا بوون بە سەرپەرشتی سەرۆك مەسعود بارزانی، من و كاك رەئیس عەبدوڵڵا وەك شانەیەكی ئیشكردن پێكەوە كارمان دەكرد، پەیوەندیمان بە سەرۆك مەسعود بارزانییەوە هەبوو، ناوەناوەش دەچووینە خزمەتی بۆ ئامۆژگاری و پێڕاگەیاندنی كاروبارەكانمان، رژێمی ئەوسای ئێرانیش زۆر بە وردی لە دوای چالاكییەكانمان دەگەڕا و لە ئۆردوگاكانی كرمانشان و دەوروبەری هەستیان بە هەڤاڵانی ئێمە كردبوو كە نزیكەی 30 هەڤاڵانیان لەسەر بزاڤی سیاسی تەسلیم بە حكوومەتی عێراق كردەوە، دانیشتنەكانی ئێمە ئەوسا جدیتر بوون و هاتینە سەر ئەوەی بگەڕێینەوە كوردستان، بەڵام پاش مەشورەتكردنمان بە بارزانیی نەمر كە لە رێی سەرۆك مەسعود بارزانییەوە ئەنجامدرا، ئامۆژگاری وابوو پەلە نەكەین، بۆیە بە ئومێدی باشتربوونی بارودۆخەكە پەرەی دەسەند و هەرچەندە دەزگاكانی رژێمی شاهەنشاش زۆر بە وردی لە دوامان دەگەڕان.
لەو ماوەیەشدا ژمارەیەك لە برادەرانمان وەك ئەندامی سەركردایەتی دەستنیشانكرد بۆ هەڵسوڕاندنی ئەو ئامانجە، دوو هەڤاڵ لەو برایانەی سەركردایەتیی كاتی لەلایەن ساواكی ئێرانەوە دەستگیركران، ئەو كاتە من ماڵم لە مەهاباد بوو، ئێوارە كە گەڕامەوە بۆ ماڵ، دەبینم كاك جەهەر نامیق و كاك كەریم سنجاری كە هەردووكیان ئەندامی سەركردایەتیی كاتی بوون، ئەوانیش لە ماڵی ئێمەن و خەبەری گرتنی كاك عارف تەیفوور و كاك حەمە رەزام لەوانزانی، دەبوو چارەسەرێك بۆ كاك جەوهەر و كاك كەریم بدۆزینەوە، دەنا ئەوانیش دەسگیردەكران، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندیمان بە خوالێخۆشبێت ئەسعەد خۆشەوی كرد كە جەنابی بارزانی و كاك مەسعود ئەودەمە لە تاران بوون، پەیوەندیان پێوەكرا و دوایی ئەسعەد خۆشەوی دەلیلی بۆ پەیداكردن و ئەو دوو هەڤاڵەمان ناردنە ناوچەی بادینان، كە ئەوسا هەرێمی یەك بوو، خۆی هەر لە ئەسڵیشدا نەخشەكە وابوو كە ئەوان لەوێ كاری خۆیان ڕاپەراند، ئێمەیش لەسەر كارەكانی خۆمان بەردەوامبووین، رژێمی شا زۆر تەنگاو بوو و زەختێكی زۆری خستە سەرمان و خەڵكەكەیان بە سەرانسەری ئێراندا پەرشوبڵاوكردەوە و نەشیانتوانی بەڵگەمان لەسەر بگرن و زیندانیمان بكەن، بەڵام نیمچە زیندانییەك بووین، زۆر كەسیان برد و لەسەركاریان دامەزراند، نەك بۆ ئەوەی بیانژێنن، بەڵكو بۆ ئەوەی لەبەر چاویان دوورنەكەونەوە، لەو سەردەمەدا بوو بارزانیی نەمر دووچاری نەخۆشی ببوو، ئەوەبوو دواتر كاك مەسعودیش لە خزمەتیدا چوون بۆ دەرەوە، ئەوسا ئیتر برای جوانەمەرگمان شەهید ئیدریسی هەمیشە زیندوو ئەركی سەرجەم ئەو چالاكییانەی خستە ئەستۆی خۆی، ئەو هەڤاڵانەی گەیشتبوونەوە كوردستان، زەمینەیان بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕش خۆشكرد، ئەوەبوو لە 26/5/1976 خەباتی چەكداری دەستیپێكردەوە و رژێم دیار بوو خەریكی پیادەكردنی نەخشەی چۆڵكردنی گوندەكان و راگوێزانی گوندنشینەكان بوو، هەڤاڵان لە ناوچەی بادینان تا ڕادەیەك كاروباری خۆیان رێكخستبوو، بڕیاری بەرگریكردنیاندا و خەباتی چەكداریش دەستیپێكرد، دەنا تا ئەوسا بڕیار لەسەر ڕێكخستن و خەباتی نهێنی و سیاسی بوو، بەڵام لەبەر ئەو هۆیە سەركردایەتیی كاتی بڕیاری ئەوەی دا كە بە هێز بەرگریی لە خەڵك و سەروەت و سامانی خەڵكە بكەین و نەهێڵین ڕژێم بە ئاسانی لە خاك و نیشتمانی خۆمان دەرمان بكەن، مەجموعەیەكی تری برادەران لە ناوچەی سۆران بوون ئەوانیش هەر لەو كاتەدا پەلاماری سەربازگەكانی دوژمنیان دا، لەوانە عەلیكۆ و مەجموعەكەی هاتووچۆ هەبوو، ئەو كاتە ئیدریس بارزانی، هەمیشە زیندوو، سەرپەرشتی ئەو كارانەی دەكرد، ئیتر بەردەوامبووین و لەناو ئێران خەڵكمان ڕێكدەخست و دمانناردن بۆ كوردستان، منیش دەبووایە بچمە هەرێمی دوو، بەڵام بەر لە سەفەركردنم بەسێ چوار رۆژێك دیاربوو رای سەرۆك مەسعود بارزانی و ئیدریسی رەحمەتیش لەسەر بوو لەبەر زروفێك كە لەوێ هاتە پێش، منیش چووم بۆ هەرێمی یەك، بەر لە من، كاك حەمید ئەفەندیش چوو بوو، منیش لەگەڵ مەجموعەیەكی 10 بۆ12 كەسی لەم پێشمەرگانە كە پێشتر لەگەڵم بوون، بەرێكەوتین بۆ هەرێمی بادینان، ئەو دوانزە كەسە بە جیاجیا ڕۆیشتین و لە ناوچەی چاڵدێران یەكمان گرتەوە.
لەوێوە هاتینە ناوچەی سیدەكان، كاك حەمید ئەفەندی پێشتر هاتبووە ئەوێ، بەڵام ئێمە كەسمان چەكمان لانەبوو، من لەوێ دەمانچەیەكم پەیدا كرد، ئیمە هەموو بە پشتی خاڵی هاتینەوە كوردستان و بەو چەكانەی كە خەڵك بە ئەمانەت پێمانی دەدا، خۆمان دەپاراست، بای ئەوەندە چەكمان لە دەست ڕژێم گرت كە بتوانین كاروباری خۆمانی پێ ڕاپەڕێنین و زیانی دوژمنیش بەو جۆرە زۆر زۆر تر بوو لەوەی كە بەر پێشمەرگە دەكەوت، لەو شەڕانەی كە لە ناوچەی سیدەكان و مێرگەسۆر و مزووری و ئەو ناوچانەی كە من لێی بوومە، زۆر جار شەڕی ئەو پاڵەوانانە لەگەڵ رژێمدا كردوویان بۆ خۆیان داستانێكی قارەمانێتی پڕ لە وێنەوی پێشمەرگەكانی گوڵان بوو وەك شەڕی پارتیزانی دوژمنیان دەشكان. یونس محەمەد سەلیم رۆژبەیانی، ناسراو بە مولازم یونس رۆژبەیانی ساڵی 1944 لە گوندی زیلكان سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆك لە دایكبووە، خوێندنی دواناوەندی لە مووسڵ تەواوكردووە و ساڵی 1961 چووەتە كۆلیژی سەربازی و ساڵی 1963 بە پلەی مولازم گەیشتووە، ناوبراو بەر لە چوونی بۆ كۆلیژی سەربازی، ئەندامی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە و بووەتە ئەندامی پارتی، لە ساڵی 1971 پەیوەندی بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە كردووە و لە سەرەتای ساڵی 1972دا كراوە بە جێگری فەرماندەی هێزی باڵەك و لە ساڵی 1973 ئەركی فەرماندەیی بەتالیۆنی زۆزكی پێسپێردراوە و ساڵی 1974 كراوە بە فەرماندەی هێزەكانی سەرچیا.
ئەركی فەرماندەیی دوو بەرەی شەڕی زۆزك و گەرووی عومەر ئاغای لە ئەستۆ بووە و لە دوای نسكۆش لە رۆژهەڵاتی كوردستان ماوەتەوە، لە هاوینی ساڵی 1977دا پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵانەوە كردووە و بەرپرسیارێتی سیاسی و سەربازی لە ئەستۆ گرتووە لە شەڕەكانی ئەو ناوچانە لە ساڵی 1979 لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە و كراوە بە بەرپرسی لقی3ی پارتی لە كەركووك، ساڵی 1980 گەڕاوەتەوە بۆ بارەگای مەكتەبی سیاسی و دواتر بۆ ماوەی حەوت مانگ لە ناوچەی مێرگەسۆر بووە و دواتر گەڕاوەتەوە زێوە، ساڵی 1988 بووەتە بەرپرسی مەكتەبی عەسكەری پارتی و فەرماندەی شەڕی 46 ڕۆژەی داستانی خواكوڕك، بەر لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لەگەڵ سەرۆك بارزانی گەڕاوەتەوە بۆ باشووری كوردستان لە مەكتەبی سەرۆك بارزانی هاوكاری سەرۆك بارزانی كردووە و لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بۆتە ئەندامی پەرلەمان و دواتر پۆستی وەزیری ناوخۆی وەرگرتووە لە كابینەی یەكەم و دووەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە بە فەرماندەی هەڵگورد، ساڵی 2000 بووەتە بەرپرسی لقی 11ی پشدەر و بتوێن و ساڵی 2004 بەرپرسی لقی 14ی مووسڵ بووە و ساڵی 2005 گەڕاوەتەوە بۆ سەركردایەتیی پارتی، لە كۆنگرەی 13ی پارتی ساڵی 2010 بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی هەڵبژێردراوە و هاوكات شەرفی وەرگرتنی میدالیای بارزانی وەرگرتووە و تا ئێستا فەرماندە و پێشمەرگەیەكی هەمان رێبازە و بەردەوامە لە خەبات و تێكۆشان.









