خهبات: وریشە عومەر
هێسار هاوكار محەمەد لەشاری سلێمانی لە دایكبووم، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانم بەشی موزیك ژەنیاری ئامێری عودم چەندین كار و چالاكیم هەیە لە كاتی پەیمانگام تا ئێستاش بەردەوامم. لەم دیمانەیەدا تەواوی وەڵامەكانی ئەم خاتونە بخوێنەوە.
بۆچی مۆسیقات هەڵبژارد؟
چونكە مرۆڤ ناتوانێت بێ موزیك بەردەوام بێت.
عود لای تۆ چی دەگەیێنێت؟ جگە لەئامێری عود چ ئامێریێكی دیكە دەژەنیت؟
هەموو ئامێرێكی موزیك تایبەتمەندی خۆی هەیە لەلای من، بەڵام عود بۆ من خۆشەویسترینە، جگە لە ئامێری عود ئامێری پیانۆ وەك ئامێرێكی لاوەكی دەژەنم.
مەرجە عازف لەهەموو ئالەتەكان شارەزابێت؟
پێویستە ژەنیار زیاتر لە ئامێرەكەی خۆیدا شارەزابێت و گرنگی پێبدات، دواتر ئاشنابوون بە ئامێرەكانی دیكە.
هۆكاری نە مانەوەی بەرهەمی هونەرمە ندان لە ناوخە ڵك لە سەرزاری خەڵك بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
لە ئێستادا زیاتر هۆكارەكەی ئەوەیە هونەرمەند بۆ ناوبانگ كار دەكات بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە لە دواتردا كارەكە تا چەنێك سەركەوتوو دەبێت و لەناو خەڵكیدا دەمێنێتەوە.
وەكو لاوێك خەون بە چی دەبینیت؟
خەونی من ئەوەیە گرنگییەكی زیاتر بە موزیك بدرێت وەك هەر وڵاتێكی تری جیهانی، تا ڕادەیەك بوار بۆ ئێمە ڕەخساوە و چالاكی خۆمان ئەنجام دەدەین.
توانا و بەهرەی ئافرەتە دەنگبێژەكان چۆن دەبینی بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر؟
بێگومان دەنگی هونەرمەندانی ساڵانی پێشوتر زۆر تایبەتتربوون كە تا ئێستاش لە گوێی خەڵكیدا ماوە.
دەتەوێت چی بكەیت كەئافرەتانی هونەرمەندی پێشو نەیان كردووە؟
ئەوەندەی لە توانام دا هەبێت هەوڵی خۆم ئەدەم كە بتوانم كەم و كوڕیەكانی هونەرمەندە ئافرەتەكانی پێشوتریش پڕ بكەمەوە.
شەهیدان و پێشمەرگە لەكوێی خەونی داهاتوی تۆن؟
ئێمەی كورد پێویستە تا مردن پێشمەرگە لەیاد نەكەین كە هەمیشە پارێزەری رۆحی ئێمەبوون.
بەكارهێنانی ئافرەت لە كلیپ چۆن سەیر دەكەیت؟
شتێكی ئاسایە ئەگەر سنوور نەبەزێت.
تاچەند گلەیت لەكەناڵەكانی ڕاگەیاندن هەیە لەبڵاوكردنەوەی هەمووجۆرە گۆرانییەك؟
بێگومان بڵاو كردنەوەی هەر كلیپیك كاریگەری باش و خراپی هەیە لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگە ناكرێت هەموو جۆرە كلیپێك پەخش بكرێت.
تا چەند رەسانایەتی هونەر پارێزراوە؟
ڕەسەنایەتی هوونەر ڕۆژ بە ڕۆژ لە كاڵ بوونەوەدایە.
چی بكرێت بۆ ئەوەی ڕەسانایەتی هونەر لەناو نەچێت؟
باشترە بۆنەو و یادەكانمان بە جلی كوردی و سیمای كوردەوارییەوە بێت و لەیادی نەكەین ئێمە نەتەوەی كوردین.









