خەبات/ شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

لە چەند رۆژی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كە هاوكات كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نامەیەكی تایبەتی بۆ ئەنتۆنیۆ گوتێرێش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان نارد و لە نامەكەدا كە لە پێنج خاڵی سەرەكی پێشنیاریدا پێكهاتووە، دەربارەی كاری داهاتووی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراقدا، سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە نامەكەدا رایگەیاندووە، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، دەتوانێت رۆڵێكی سەرەكی بگێڕێت وەك ناوبژیوان بۆ دەستپێكردنی دایالۆگ لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان  و هەروەها جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، هەروەها داواشی كرد نەتەوە یەكگرتووەكان نوێنەرێكی تایبەت لە هەولێر دابنێت.

–نامەكە داوای جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكات

نێچیرڤان بارزانی لە  یەكێك لە خاڵەكانی نامەكەیدا داوای جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق دەكات، كە ماددەیەكی دەستوورییە و تایبەتە بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی كێشەكان لە رێگەی جێبەجێكردنی دەستوورەوە، بە تایبەتی پرسی كەركووك كە بەگوێرەی ماددەكە دەبێت رەوشی پارێزگاكە و ناوچەكانی، سەرەتا ئاسایی بكرێنەوە، واتە ئەو عەرەبانەی لە سەردەمی رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتیی سەددام حوسێن، بە مەبەستی بە عەرەبكردنی كەركووك، هێندراون بۆ پارێزگاكە و ناوچەكانی تر، بگەڕێندرێنەوە شوێنە ئەسڵییەكانی خۆیان و لە دوای ئازادیی عێراقیش زۆربەیان لە هەندێ قۆناغدا  قەرەبووكرانەوە و گەڕێندرانەوە ناوچەكانی خۆیان، بەڵام لە دوای رووداوی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە حكوومەتی عێراق بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی كوردی هاتەوە كەركووك و ئەو عەرەبانەش جارێكی دیكە گەڕانەوە شارەكە و دووبارە هەڵمەتی داگیركردن و بە عەرەبكردن دەستیپێكردەوە. ئەمە جگە لەوەی ئێستا زەویواری هاووڵاتییانی كورد بە ئاشكرا داگیر دەكرێت و هەروەها بەروبوومە كشتوكاڵییەكانی لە شێوەی گەنم و جۆ دەسووتێندرێن یان بە شەوان تاڵان دەكرێن، هاوكات عەرەبە هاوردەكان بە ئاشكرا هەڵدەكەوتنە سەر ماڵە كوردەكان لە گوندەكانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و لەلایەن ئەو گرووپانەشەوە هاوكاری دەكرێن بۆ دەركردنی هاووڵاتییانی كورد. بۆیە بە مەبەستی راگرتنی ئەو هەڵمەتی بە عەرەبكردنە نێچیرڤان بارزانی لە نامەكەیدا داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە رۆڵ بگێڕێت بۆ دەستپێكردنەوەی دیالۆگ بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغدا بەتایبەتی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق.

هەر بەگوێرەی ماددەی 140دەبێت دوای ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچەكانی تری، واتە گەڕاندنەوەی ناوچەكان بۆ دۆخی پێش هەڵمەتی بە عەرەبكردن، دواتر سەرژمێری تێدا ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی رێژەی هاووڵاتییانی رەسەنی ناوچەكە بزاندرێت و پاش ئەنجامدانی سەرژمێریش قۆناغی ریفراندۆم (راپرسی) دەستپێبكات كە بەلای هەرێمی كوردستانەوە راپرسی گرنگە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركووك و ناوچەكانی تر كە بەگوێرەی ئەو راپرسییە هاووڵاتییانی كەركووك دەخرێنە بەردەم هەڵبژاردەی ئایا دەیانەوێت لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا بن یان سەر بە هەرێمی كوردستان بن.

–حكوومەتی عێراق ترسی لە جێبەجێكردنی ماددەكە هەیە

حكوومەتی عێراق بەردەوام پاشەكشەی لە جێبەجێكردنی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140 كردووە، بە رەخساندی ژینگەیەك كە نەتواندرێت هەنگاوەكانی ئەو ماددەیە بە ئاسایی بچنە پێش بە مەبەستی جێبەجێكردن، چونكە لە زیانی بەغدایە، بۆیە بەغدا ترسی گەورەی هەیە لە ئەنجامدانی سەرژمێرییەكە و دواتریش راپرسییەكە، بەغدا دەترسێت كەركووكییەكان بڕیاری ئەوە بدەن بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان بەوپێیەی زۆرینەی هاووڵاتییانی رەسەنی شارەكە كوردن و بڕیاری گەڕانەوە بۆ سەر هەولێر ئەگەرێكی یەكجار ئاشكرایە.

–بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر

بەگوێرەی ئەو نامەیەی نێچیرڤان بارزانی كە بڵاوكرایەوە، سەرۆكوەزیرانی كوردستان داواشی كرد ئاستی نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان بەرزبكرێتەوە و بەرپرسێكی نەتەوەیەكگرتووەكانیش لە ئاستی جێگری نێردەی سكرتێری گشتی لە هەولێر دابندرێت و كەسێكیش وەك بەرپرسی كاروباری مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان دیاری بكرێت، هەروەها بنكەی سەرەكی بەرنامەی مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەغداوە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر، چونكە 90%ی ئاوارەكانی سووریا لە عێراق و 60%ی هەموو ئاوارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستانن.

ئەو خاڵەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان بە مەبەستی ئەوەیە هەولێر وەك ناوەندێكی سیاسی لەناو عێراقدا پێگەی دیاریكراوی خۆی هەبێت و نەتەوە یەكگرتووەكان راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، واتە بەغدا بە تەنیا بڕیار لەسەر هەموو ئەو پرسانە نەدات كە پەیوەندیان بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەیە، واتە لە رەهەندێكەوە پەیوەندی بە هەرێمەوە هەبێت. لە نموونەی پرسی پەنابەران و لێقەوماوان، كە زۆرترین پەنابەران و لێقەوماوانی عێراق و سووریا لە هەولێر و شارەكانی تری هەرێمی كوردستانن و حكوومەتی هەرێمیش بەردەوام رەخنەی لە حكوومەتی عێراق هەبووە بەوەی هاوكاریی هەولێر ناكات لە دابینكردنی پێداویستی ئەو پەنابەر و لێقەوماوانەی لە ئەنجامی شەڕی مەزهەبی و تیرۆر و برسێتی و ناسەقامگیری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق، رووەو هەرێمی كوردستان هەڵاتوون و پەنایان بۆ ژێر هەژموونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هێناوە.

–نوێنەرێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر

هەروەها لە نامەكەدا نێچیرڤان بارزانی داواشی كردووە بۆ دیاریكردنی كەسێكی تایبەت وەك نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر بۆ ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر پەیوەندی لەگەڵ هەولێردا هەبێت و رۆڵی باشتر ببینێت لە گەیاندنی دەنگی هەولێر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، بە تایبەتی لە پرسی پێكەوەژیان و ئاوارەكان كە پێویستیان هاوكاری بەردەوامی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە و حكوومەتی عێراقیش هاوكاری هەولێر ناكات، كە زۆرجار لە توانای حكوومەتی هەرێمدا نییە هەموو پێداویستییەكانی ئەو پەنابەر و لێقەوماوانە پڕ بكاتەوە، بە تایبەتی بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی لە چەند ساڵی رابردوودا رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەمە جگە لەوەی هەولێر دەیەوێت پێگەی سیاسی خۆی دیار بكات لە ناوچەكەدا. هەر لە نامەكەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان داواشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد فیدراڵیزمی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم راپۆرتەكانی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ئاماژەی پێبكرێت و دانی پێدا بنرێت.

–نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامی نامەكەی نێچیرڤان بارزانی دەداتەوە

سەبارەت بە دۆخی عێراق، نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبووەوە و جێنین هێنس پڵاسخارد، نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق راپۆرتێكی لەبارەی رەوشی عێراق پێشكەشكرد و دواتریش لە لێدوانێكدا بۆ رووداو رایگەیاند: پێویستمان بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ ئەوەی بكەوینە پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، سەبارەت بە داواكەی نێچیرڤان بارزانیش بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140، نوێنەری تایبەتی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق گوتی: ماددەی 140 ماوەیەكی زۆر درێژە لەسەر مێزی گفتوگۆیە و كاتی ئەوەیە كە چارەسەر بكرێت و چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە.

ئەمەش دوای ئەوە هات كە نێچیرڤان بارزانی لە نامەیەكی تایبەتدا داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد  ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێبەجێبكرێت، هەروەها داواشی كرد نوێنەرێكی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر دابنرێت، هاوكات لە راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش فیدرالیزمی هەرێمی كوردستان ناوی بێت و بە فەرمی دانی پێدا بنرێت. ئەم نامەیەی نێچیرڤان بارزانی لە كاتێكدایە ماوەیەكە دووبارە هەڵمەتێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ بە عەرەبكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووەتەوە و عەرەبە هاوردەكان دەیانەوێت دەستبەسەر زەویوزار و بەروبوومی جوتیارانی كورد دابگرن، هاوكات ژمارەیەكی زۆریش لە عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی هەڵیانكوتایە سەر گوندی پەلكانە و لەگەڵ هاووڵاتی رەسەنی گوندەكە كە كوردن رووبەڕووی یەكتری بوونەوە، ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا گەنم و جۆی جوتیارانی كورد دەسووتێدرێت و لە هەندێ ناوچەی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی كوردستان (سنووری 16ی ئۆكتۆبەر) گەنم و جۆری جوتیارانی كورد تاڵان دەكرێت.