خەبات-ساسان دەروێش
لەگەڵ دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا لە بەرزكردنەوەی درشم و پڕۆگرام و بەربژێرەكانی پارت و قەوارە سیاسییەكان لە وڵاتانی جیاجیا كە لەنێوان 23 بۆ 26ی ئایاری 2019 ئەورووپاییەكان دەباتە سەر سندوقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی بەربژێری ئەندامەكانیان بۆ پەرلەمانی ئەورووپا كە لە كۆی ئەندامانی یەكێتیی ئەورووپا 28 وڵات بەشدار دەبن لەگەڵ 400 ملیۆن دەنگدەریان هەیە بۆ ئەم پرۆسەی دەنگدانە كە پێنج ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت بەپێی رێژەی دانیشتووانی كورسییەكانی وڵاتان دیاری كراوە كە پێكهاتووە لە 751 ئەندام كە بچووكترین وڵات ماڵتایە و گەورەترین وڵات ئەڵمانیا و فەرەنسایە كە نوێنەرایەتی زیاتر لە 500 ملیۆن كەس دەكەن و400 ملیۆنیش مافی دەنگدانیان هەیە، بۆ زیاتر قسەكردن لەسەر چەند پرسێكی گرنگ و تایبەت بە كورد و بە گشتی، دكتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەوروپا خەبات وەڵامی چەند پرسیارێكی خەبات دەداتەوە.
خەبات: چۆن دەڕواننە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا كە چاودێران بە هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازی ناو دەبەن؟
دلاوەر ئاژگەیی: هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی ئەورووپا چارەنووسسازە، كۆمەڵێك فاكتەری ناوخۆ و دەرەكی وایان كردووە كە پارتە كلاسیكییەكانی وەكو كریستیان دیموكراتەكان و سۆشیاڵ دیموكراتەكان بەشێك لە دەنگەكانیان لە دەست بدەن لە قازانجی پارتە راستڕەوەكان و پۆپۆلیستەكان، پرسی هاتنی بەلێشاوی پەنابەران لەم چەند ساڵەی ڕابردووودا و بە تایبەتی دوای قەیرانی سووریا و گلەیی گەلانی ئەورووپیی لە وەرگرتنی ئەو رێژەیەی پەنابەران و كردنەوەی دەرگا بۆیان وایكردووە كە دەنگدەری ئەورووپیی روو لە پارتە راستڕەوەكان و پۆپۆلیستەكان بكەن كە پڕۆگرامەكانیان دژی هاتنی پەنابەران.
خەبات: پێتوایە ئەندامانی نوێ كاریگەریان دەمێنێت لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و هاوكاریكردنیان یاخود بە پێچەوانەوە؟
دلاوەر ئاژگەیی: پێموایە لە خولی نوێی پەرلەمانی ئەورووپا دۆستانمان زیاد دەكەن و بە تایبەتی دوای بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان و لە خۆگرتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر و رۆڵی پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكشكاندنی داعش.
خەبات: نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ رۆڵێكی هەیە بۆ لەم پرۆسەیە؟
دلاوەر ئاژگەیی: نوێنەرایەتی بەشێك نابێت لە پرۆسەی دەنگدان و پشتگیری لە هیچ لایەنێك ناكات، بەڵام لە لای ئێمە گرنگە خەڵكانی دۆستی كوردستان هەڵبژێردرێن، هەر بۆیەش هانی رەوەندی كوردستانی دەدەین بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بكەن و دەنگ بەو كەسانە بدەن كە داكۆكیكارن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان و پیشانیان داوە كە پشتگیری كوردستان دەكەن، ئەمە زیاتر ئەركی رێكخراو و كۆمەڵە كوردستانییەكانە كە سیمینار و دیبەت و چالاكی رێكخەن و كاندیدان بانگیهَشت بكەن.
خەبات: چاوەڕوانی چی دەكرێ لە بەربژێرەكانی كورد بۆ بەدەستهێنانی كورسی و ئەندامبوونیان؟
دلاوەر ئاژگەیی: مەرج نییە بەربژێر كوردبێت بۆ ئەوەی كار بۆ مافەكانی كورد بكات لە پەرلەمانی ئەورووپا، بەداخەوە لە پێشتر لە هێندێك پەرلەمانی وڵاتانی ئەورووپا پەرلەمانتاری بە رەگەز كورد هەبووە كە تەواو لە دژی كوردستان كاری كردووە بە بیانووی ئەوەی گوایە دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان پێرفێكت نییە، بۆیە دەبێت ئومێد بەو بەربژێرانە ببەستین كە پێشتر بەڕاستی كاریان بۆ كوردستان كردووە، پەرلەمانتاری ئەورووپی هەن كە زۆر زیاترلە ئێمەی كورد بەرگریان لە مافەڕەواكانی خەڵكی كوردستان كردووە.
خەبات: ژمارەیەكی بەرچاوی كورد لە وڵاتانی ئەورووپا خاوەن رەگەزنامەی ئەوروپین و مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتنیان هەیە، بۆ ئەم ژمارە كەمەی كورد كاندیدن بۆ هەڵبژاردن، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
دلاوەر ئاژگەیی: سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە رەوەندی كوردستانی كە مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام بەداخەوە وەكو پێویست رێكنەخراون و لە هاوكێشەكان سوود لە دەنگیان نەكراوە، ئەمە پێویستی بەكاری جددی هەیە لە ئایندە و دەبێت بەمشێوەیە نەمێنێت، پارتە سیاسییەكانی ئەورووپا دەبێت بزانن كە دەنگی كورد لە دەنگی رەوەندی وڵاتانی تر زۆرترە و ئەم پارتانە دەبێت بە بەرنامە و سیاسەتی روون بۆ پشتگیری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان هەوڵبدەن دەنگی كورد بۆ خۆیان رابكێشن.
خەبات: پێتوایە ڕاستڕەوەكان بەهۆی كاركردن لەسەر پرسی پەناهەندە براوە دەبن، واتە بەكارهێنانی كەیسی پەنابەران كە دژایەتی هاتنی پەنابەران دەكەن؟
دلاوەر ئاژگەیی: پێموایە ڕاستڕەوەكان گەشە دەكەن و بەشێك لە دەنگی پارتەكانی تر بۆ خۆیان مسۆگەر دەكەن.
خەبات: پێشبینی چی دەكەن لە ئەنجام و هەڵبژاردنەوەی دۆستەكانمان؟
دلاوەر ئاژگەیی: لە ئێستادا خۆشبەختانە بەشێكی بەرچاو لە كاندیدەكانی پۆستە باڵاكان ئاشنان بە دۆزی كورد و پێشتر سەردانی كوردستانیان كردووە و بەشێكیان دۆستی كوردن.
خەبات: لە دوای ئەم هەڵبژاردنە و دروستبوونی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانێكی كارا چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ كورد دەكەن؟
دلاوەر ئاژگەیی: ئێمە وەكو نوێنەرایەتی پلانی تۆكمەمان ئامادەكردووە بۆ دروستكردنی پەیوەندی بەهێز لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی ئەورووپا و لە نێو پەرلەمانی ئەورووپاشدا كار بۆ بەهێزكردنی پێگەی كوردستان دەكەین، ئێمە پێشتر گرووپی دۆستانی كوردستانمان لە پەرلەمانی ئەورووپا بنیادناوە و لە دوای ئەم هەڵبژاردنانەش هەوڵ دەدەین رێژەی ئەندامانی گرووپ زیاد بكەین و ئاستی چالاكییەكان بەرەو سەرەوە بەرین.









