خەبات: رانیار دڵشاد
ساڵانە ژمارەیەكی زۆر قوتابی لە بەشەكانی راگەیاندن لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان دەردەچن، بەڵام تا چەند دەتوانن ئەوەی لە زانكۆ فێری بوون بیخەنە خزمەت میدیا، خۆ زۆر قوتابیش هەن بە ئارەزووی خۆیان نەچووەنەتە بەشی راگەیاندن، بەڵام ئەوانەی بەشەكەیان خۆش دەوێ، تا چەند دەتوانن لە بواری میدیادا جێبەجێی بكەن، چونكە كە بەشەكەیان تەواو دەكەن، دەبێ لە هەردوو رووی تیۆری و پراكتیكییەوە ئامادەكراو بن، بۆ وەرگرتنی وەڵامی زیاتر سەروەت مستەفا كە ئەمساڵ بەشی میدیای لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی لە هەولێر تەواو كردووە بەم شێوەیە بۆ خەبات قسەی كرد.
*سەرەتا بە شێوەیەكی گشتی لەبارەی بەشی راگەیاندن و ئامادەبوونی قوتابیان بۆ تێكەڵبوون بەو بەش و كێشەی بەشەكانی راگەیاندن گووتی: بەشی ڕاگەیاندن بەشێوەیەكی ئەكادیمی هەموو ژانر و جومگە جیاوازەكانی ڕاگەیاندن وەك (ڕیپۆرتاژ، مۆنتاژ، كامێرامانی، ڕاپۆرت و هەواڵ) هەموو ئەو بابەتانەی كە پەیوەستن بە كاری میدیای لە لایەن مامۆستایانەوە فێری قوتابیان دەكرێ، بە هەردوو شێوازی تیوری و پڕاكتیكی، بەشێكی پەیوەستە بە هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایان، كە چۆن قوتابیان بتوانن فێربن و كاربكەن و پشت بە توانای خۆیان ببەستن، بەشێكی تری پەیوەستە بە خودی قوتابی خۆی، تاچەند هەوڵدەدات ئەو زانستەی كە وەری گرتووە، بە شێوەی پڕاكتیكی جێبەجێی بكات.
زیاتر لەو بارەیەوە قسەی كرد و گووتی: بۆیە بە بۆچوونی من كاتێك كە قوتابیان دەچنە ناوەندەكانی خوێندنی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان، دوو پشكی هەیە یەكەمیان پەیوەستە بە مامۆستایان دووەمیان پەیوەستە بە خوودی قوتابیان، تاچەند گرنگی بە توانای خۆیان دەدەن لە بوارەكەی خۆیان بواری ڕاگەیاندن، بەڕای من لە هەرێمی كوردستان تاڕادەیەك قوتابیان ئامادەیان هەیە، چونكی ئەو بەشەی كە لێی دەخوێنن بەشی میدیا، تا ئێستاش كۆمەڵێك كێشەی هەیە، وەك نەبوونی ئامێری پراكتیكی و نەبوونی شوێنێكی گونجاو بۆ پێگەیاندنی قوتابیان، سەرباری ئەوەش قوتابیان خۆشیان كەمتەرخەمن.
*لەبارەی ئەوەی ئاخۆ تا چەند دوای دەرچوون، ئەو قوتابیانە بەدوای كاردا دەگەڕێن و تا چەند زەمینەی وەرگرتنیان لە دەزگاكانی راگەیاندن بۆ خۆشكراوە، گووتی: هەموو بەشەكان نەك تەنها بەشی ڕاگەیاندن، كاتێك قوتابی بڕوانامە وەردەگرێ بەدوای كاركردن دەگەڕێ، هەوڵدەدا لە شوێنێك كاربكات، بەڵام دەرچووانی بەشی ڕاگەیاندن جیاوازتر مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێ، چونكە چانس و هەلی كاركردنیان جگە لە ناوەندەكانی حكوومی، دەتوانن لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش كاربكەن، ئەوەندەی من بزانم ئەوانی پێش ئێمە دەرچوونە بەدوای ئیش گەڕاون، بەڵام وەكو پێویست ئیشیان دەست نەكەوتووە، هۆكارەكەی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە، كە نەیانتوانیوە قوتابی بەشی ڕاگەیاندن كە بە ئەكادیمی خوێندوویەتی، وەربگرن و بەرەو پێشیان ببەن.
* لەبارەی ئەوەی ئاخۆ دەرچووانی بەشی میدیا چی بكەن، ئایا بێ ئومێد ببن و هەوڵی وەدەستهێنانی كار نەدەن؟ یان بە پێچەوانەوە هەوڵی وەدەستهێنانی كار بدەن، گووتی: پێشنیاری من بۆ ئەو كەسانەی كە دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆ و پەیمانگاكان، پێویستە برەو بە تواناكانی خۆیان بدەن، چونكە ئەو زانست و زانیارییەی كە لە ناوەندەكانی ئەكادیمی، لە ماوەی ئەو دووساڵە یان چوار ساڵە وەریان گرتووە، بە بەردەوامی گەشەی پێبدەن و بە شێوەی پراكتیكی كاری لەسەر بكەن، بەردەوام هەوڵی بەدەست هێنانی ئیش بدەن، لە گشت بوارەكانی میدیا چ ڕادیۆ چ تیڤی چ ڕۆژنامە، بتوانن تیایاندا كاربكەن، گرنگی بە خۆیان بدەن و تواناكانی خۆیان بچەسپێنن.
*ساڵانە ئەو قوتابیانەی بەشی میدیا تەواو دەكەن، جگە لە نووسینی توێژینەوەی دەرچوون، لە رووی پراكتیكیشەوە بەپێی بەشەكانی میدیا، پرۆژەیەكی پراكتیكییان دەبێت، لەبارەی ئەو پرۆژە پراكتیكییەی ئەوان، كە بریتی بووە لە دەركرنی رۆژنامە و تا چەند پشتیان بەخۆ بەستووە گووتی: ئێمە رۆژنامەیەكمان بەناوی (شۆڕەژن) دەركرد كە چوار لاپەڕە بوو، یەكێكە لە ئەركەكانی قۆناغی چواری زانكۆ كەپێی هەڵساوین و ئەنجاممان داوە، ئەركی سەرشانی ئێمە بووە وەكو قوتابیان كە جێ بەجێی بكەین، لەبەرئەوە لە تەواوی كارەكان پشتمان بەخۆمان بەستووە، تەنها لە هەندێ حاڵەت كە پێویست بووە، پرس و ڕاوێژمان بە مامۆستایان یاخود كەسی ئەزموندار و شارەزا كردووە، تەواوی كارەكانی ناوەرۆكی ڕۆژنامەكە، وەك ئامادەكردنی بابەت و ڕاپۆڕت و چاوپێكەوتن و دیزاین و وێنەگرتن و كاری مەیدانی و دەرچوون، هەمووی بە ماندوو بوونی خۆمان ئەنجام دراوە، بۆ ئەوەی جێ پەنجەمان دیار بێت و هەوڵێك بێت بۆ تاقیكردنەوەی تواناكانی خۆمان.









