خەبات: رانیار دڵشاد
ڕامتین لهۆنی خویندكاری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانە و لە تەمەنی 10 ساڵیەوە هەوڵی فێربوونی موزیك دەدات، بە شێوازی ئەكادیمی ئامێرەكانی پیانۆ و كەمانچە (جۆزە) دەژەنێت لە ساڵی2014ــەوە خەریكی فێربوونی بنەماكانی هارمۆنی و فۆرم و ئۆركێستراسیۆنە بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوازێكی زانستی خزمەت بە میوزیكی كوردستان بكات و بە دونیا بیناسێنێت، بۆ زیاتر تیشك خستنە سەر توانای هونەری ئەو قوتابییە گەنجەی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان لە سلێمانی، بە چەند پرسیارێك گفتوگۆیەكمان لەگەڵ كرد.

* سەرەتا لەبارەی كوارتێتەوە قسەی كرد و گوتی: كوارتێت واتە ژەنینی چوار ئامێری موزیكی پێكەوە، دەمەوێ یەكەم كوارتێتی خۆم لە مانگی 6 بە شێوەی دەنگ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كەناڵەكان بڵاو بكەمەوە، بەكارهێنانی دوو ڤایۆلین و ڤیۆلایەك و چەلۆیەك، كە دەیانەوێ بۆ هەموو دونیا جیاوازی موزیكی كوردی بسەلمێنن، ئەمەش بێگومان كەم نیە، ئاوازێكی پاكی هەڵقوڵاو لە گەرووی نیشتمانەوە بە زانستی موزیكی ڕۆژئاوا دەڕازێندرێتەوە و دەبیسترێت.

* ڕامتین هەماوەند شەوكەت تەمەنی تەنها 21 ساڵە و خزمەت بە ئاڵای كوردستانی لا خەونێكە لە ڕێگەی هونەرەكەیەوە، ئەو دەڵێ: دەمەوێت ڕۆژگارێك دروست بكەم كە ئاڵای كوردستان لە ناوەندە ئەكادیمیەكانی میوزیكی جیهانی ببینم، لە هۆڵەكانی پێشكەش كردنی ئۆپێرا دەنگی ئاوازە فۆلكلۆرەكانی كوردستان بێت، كە لە لایان ئۆركێسترا جیهانیەكان دەژەنرێت و خەڵك سەرسامی ڕەنگا و ڕەنگی بن.

* كوارتێتی ژمارە یەكی ڕامتین لە داهاتوویەكی نزیك هەنگاوی یەكەمی بەدی هاتنی ئەم ئامانجە نیشتمانی و هونەریە دەبێت، لەوبارەوە گوتی: مۆزارت و بتهۆڤن و باخ ساڵانێكی زۆر لەمەوپێش لە ڕێگەی خزمەت بە مۆسیقای وڵاتەكانی خۆیان، ناسنامەیەكی تایبەتیان بە مۆزیكی خۆیان بەخشی و وایان كرد كە مۆركی فۆلكلۆری مۆزیكی ئەوروپی ببێتە قوتابخانەیەك، دەنگی هۆرە و سیاوچەمانە و لاوك و حەیران و چەمەری و هەڵپەڕكێ لە خەم و خۆشیەكانی خاكەكامان دەگێڕنەوە و مۆركێكی سەلمێندراوی كوردن بۆ جیهان و دەبێ ببیسترێن و بكرێن بە قوتابخانە.

ڕامتین لهۆنی دەڵێت: لە كاتێك كە دەوڵەمەندترین میوزیكی جیهانمان هەیە دەبێت زۆر هەوڵ بۆ ناساندنی بدەین و شانازی بكەین كە لە ڕۆژئاوای ئەمریكاوە تاكو ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، میوزیكێكی زۆر لێك چوو و نزیك لە یەكمان هەیە، سكێڵەكانیان و ڕیتمەكانیان و شێوازی وتنیان زۆر جۆراوجۆر نیە، بەڵام كوردستانی ئێمە لە هەر بەشێكی میوزیكێكی جیاواز و ڕیتم و مەقاماتی جیاواز هەیە، بە درێژایی مێژووی هەزاران ساڵەی میوزیكی دیار و پڕ لە جوانی و ئەفسانە بووە، كەواتە دەبێ شانازی بكەین و بە كرداری خزمەتی بكەین و بیكەینە قوتابخانە، مۆرك و ناسنامەیەكی تایبەت بە خۆی لە هەموو دونیا كە ئەمە خۆی هۆكارێكی زۆر دیارە بۆ سەلماندنی جیاوازی كورد و ئەوانەی هەوڵی داگیركردنی كلتوورمان دەدەن، دەبێ شەڕی پاراستن و بەرجەستەكردنی كلتوورمان بكەین و بیپارێزین، كوارتێتی ژمارە یەكم بە پارچە میوزیكی زۆر ئەكادیمی و زانستیە دەست پێكی خزمەتم دەبێ بە ڕێگای جوانتركردنی هونەری كوردستانم.

* لەبارەی فێربوونی میوزیك و خۆشەویستیی بۆ میوزیك و چۆنیەتی خزمەتكردن لە ڕێگەی میوزیكەوە گوتی: من میوزیك فێر بووم كە بتوانم خزمەتی بكەم ، من لەم ئامانجەم بەردەوام دەبم تاكو ڕۆژێك بهێنمە دی، كە لە ئۆركێسترا گەورەكان سیمفۆنیایەك بژەنرێت، كە سەرەڕای ئەكادیمی بوون و گرنگ بوونی لە ڕووی میوزیك و زانستیەوە، رۆحی مێژووی كوردستان و ئەم ئاو و خاكە پیرۆزەی لێوە ببیسترێت، دەمەوێت وا بكەم، میوزیكمان زۆر بە جوانی خەم و دڵخۆشیەكانمان دەربخات، با دونیا بزانێت كە موزیكی هەڵپەڕكێمان نیشانەی سەركەوتنمانە بەسەر داگیركەران.

* ڕامتین كۆمپۆزەرە لاوەكەی كورد بەردەوام دەبێت لە خزمەت بە مۆسیقای چوارپارچەی كوردستان و بەمیوزیك دونیا دەبینێت كە كوردستان هەر یەك پارچەیە.