خهبات: كاروباری نێودەوڵەتی
ئەگەر هەیە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێ بە گۆڕەپانی شەڕێكی دیكە ، ماوەیەكە ئەم وتەیە لەلایەن ژمارەیەكی زۆر لە شارەزا و شرۆڤەكارانەوە دووبارە دەبێتەوە ، تەنانەت وتەكە بۆتە مانشێتی زۆرێك لە میدیاكانی جیهانیش . لە راستیشدا ئەوان راست دەكەن چونكە رۆژانە هەواڵی ئەو جموجۆل و ئامادەكاریانەیان پێدەگات كە لایەنە سەرەكیەكان دەیكەن . بە تایبەتیش دوایین هەنگاوی ئەمەریكا كە بریتی بوو لە ناردنی ژمارەیەك كەشتی فرۆكەهەڵگر و فرۆكەی بۆمبهاوێژ بۆ ناوچەی كەنداو .
رۆژی 7 ی ئایاری رابردوو ، چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی رایانگەیاند بەرامبەر بە سەرهەڵدانی ئاماژەی روون دەربارەی ئەگەری ئەوەی ئێران هێرش بكاتە سەر هێزەكانیان لە ناوچەكەدا ، بڕیاریان داوە لەپاڵ ئەو هێزە دەریاییەی رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە ، چەند فڕۆكەیەكی بۆمبهاوێژی جۆری B52 یش بنێردرێنە ناوچەكە . چەند رۆژێك لەمەوبەریش جۆن بۆڵتۆنی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا ئەم وتانەی دووپات كردەوە .لەولاش ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی رایگەیاند كە بڕیار وایە ئەمەریكا چوار فڕۆكەی بۆمبهاوێژی جۆری بی 52 رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات ، دوور نیە ژمارەكەش بگۆڕێت .
پێدەچێ ئەمەریكا لەبەر چەند هۆكارێك ئەو چەكانە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات ، لەو بارەوە چەند بەرپرسێكی ئیدارەی ئەمەریكا ئاشكرایان كرد كە ئێران ئامادەكاری كردووە بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر بەرژەوەندەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە ، هەر ئەمەش وایكرد وڵاتەكەیان ئەم هەنگاوە بگرێتە بەر . هاوكات رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال لەسەر زاری چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی رایگەیاند ئەو زانیاریە هەواڵگریانەی دەست واشنتۆن كەوتوون باسیان لەوە كردووە كە ئێران لە رێگەی گرووپە چەكدارەكانەوە پلانی بۆردومانكردنی بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكای لە چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕشتوە ، لەوانە عێراق و كوێت و سوریا و تەنگەبەری بابولمەندەب لە باشووری رۆژئاوای یەمەن ، هەروەها بڕیار بوو ئەم هێرشانە لە رێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە ئەنجام بدرێن .
رۆژی 9 ی ئایار، لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپی ، دۆنالد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند كە پێویستە سەركردایەتی ئێران لەگەڵی دابنیشن و سەبارەت بە دەستبەرداربوونی وڵاتەكەیان لە رێككەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆ بكەن ، هەروەها وتیشی رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی لە نێوان هەردووك وڵات بەدوور نازانێ . سەبارەت بە ناردنی گرووپی كەشتیەكانی ئەبراهام لینكۆلنیش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆكی ئەمەریكا وتی: زانیاری وامان لەبەر دەست دایە كە ناخوازن بیزانن ، زانیاریەكان هەڕەشەی مەترسیدار دەگرنە خۆیان ، ئەركی ئێمەش بریتیە لە دابینكردنی بڕێكی زۆری ئاسایش بۆ وڵاتەكەمان و بۆ چەندین شوێنی دیكەش . دەربارەی ئەگەری بەرپابوونی شەڕیش ترامپ وتی: پێموایە ئێوە هەمیشە دەتوانن ئەوە بڵێن ، ئایا ئەمە راست نیە؟ ناخوازم بڵێم : نەخێر ، بەڵام هیوادارم ئەوە روو نەدات . یەكێك لە بەهێزترین كەشتی پڕچەكمان هەیە و نامانەوێ هیچ شتێك بكەین .
سەبارەت بەو هەنگاوەی ئەمەریكا ، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند كە مەسەلەكە تەنیا شەڕێكی دەروونیە و هیچی تر . لەو بارەوە كیوان خوسرەوی وتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی ناوبراو وتی: راگەیاندنەكانی بۆلتۆن تەنیا شەڕێكی دەروونیە.
هەر سەبارەت بەم وتانەی سەرۆكی ئەمەریكا ، جێگری سەرۆكی سوپای پاسداران رایگەیاند تاران هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ ئەمەریكا ئەنجام نادات و واشنتۆن جورئەت ناكات هیچ كردەوەیەكی سەربازی لە دژی ئێران ئەنجام بدات.
ئەو هێزانەی ئەمەریكا رەوانەی ناوچەكەی كردوون
كەشتی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس لینكولن .
ژمارەیەك فرۆكەی شەڕكەر لە جۆری ئێف ئەی 18 سوپەر هۆرنێت و فڕۆكەی ئەلیكترۆنی هێرشبەر لە جۆری ئی ئەی 18 جی گرولەر و فڕۆكەیەكی چاودێریكردن لە جۆری ئی 2 هۆك ئەی و ژمارەیەك فڕۆكەی هێلیكۆپتەری جۆراوجۆر .
كەشتی یو ئێس ئێس لیتی گۆلف ، كەشتیەكی شەڕكەرە و لە توانایدا هەیە چەندین ئەرك جێبەجێ بكات و هەڵگری چەكی قورسە ، هەروەها هەڵگری موشەكی جۆری تۆماهۆك و موشەكی دژە كەشتی ژێر ئاوە.
چوار كەشتی دیكە كە بریتین لە ئو ئێس ئێس بینبریدج و یو ئێس ئێس گۆنزالێس و یو ئێس ئێس میسۆن و یو ئێس ئێس نیتشە كە بە قەبارە بچووكترن لە كەشتیەكانی دی بەڵام هەریەكەیان هەڵگری 90 تا 96 شانەی سیستمی تەقاندنی ئاسۆییە ، هەروەها خاوەنی توانای بەهێزی بەرگریی ئاسمانی و موشەكین
ژمارەیەك فڕۆكەی بۆمبهاوێژی جۆری بی52.









