د.ڤیان سلێمان
نەتەوەی كورد بە گشتی و لە باشوری كوردستان بە تایبەتی بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی چەندین جۆری چەوسانەوە و كۆمەڵكوژی بۆتەوە. هەموو ڕێگایەكی نابەجێ بەكارهێنراوە بۆ سڕینەوەی فەرهەنگەكەی، بەڵام كورد لە بەرامبەر هەموو ئەو هەوڵە دوژمنكاریانە خۆی ڕاگرت و هەم پارێزگاری لە فەرهەنگی خۆی كردووە، هەم پارێزگاری لە شوناس و جوگرافیاكەی كردووە. بزاڤە ڕزگاریخوازیەكەشی بزاڤێكی لێوانلێوە لە سەروەری و قوربانیدان.
كەم وێنەیە لە خۆبەدوورگرتنی لە هەموو كردەیەكی دوژمنكارانە و تۆڵەسەندنەوە و تیرۆر، لە نەبوونە مەترسی و هەڕەشە و تێكدان بۆ ژیان و ئاسایشی هیچ نەتەوەیەكی تر. بێوێنەیە لە زۆری دوژمنەكانی و بەكارهێنانی هەموو رێگایەك بۆ لەناوبردنی و لە بەرامبەردا مانەوە و بەردەوامبوونی. هۆكاری سەرەكی مانەوەی كورد و بەردەوامی بزاڤە ئازادیخوازەكەی بۆ دوو فاكتەری سەرەكی دەگەڕێتەوە، كە ئەویش ڕۆحی بەرەنگاری و هۆشیاری نەتەوەییە لای تاكی كورد.
هەستی نەتەوەیی و پابەندی و خۆشەویستی بۆ نەتەوە هەستێكی خۆڕسكی مرۆڤە بەرامبەر نەتەوەكەی. ئەم هەستە كاتێك نما دەكات و لە عەقڵ و فیكرەوە سەرچاوە دەگرێت كە هەستی بەرپرسیاریەتی تێیدا گەشە دەكات و دەبێت بە هۆشیاری نەتەوەیی . لەوكاتەدا پابەندی مرۆڤ بۆ نەتەوەكەی لە ئاستێكی سەرەتاییدا نامێنێتەوە، بەڵكو دەگاتە ئاستی باڵا كە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە قوربانیدان بە هەموو شتێك لە پێناو سەرخستنی بزاڤە ڕەواكەی. ئەمەش ئەركی هەموو تاكەكانی نەتەوەیە بێ هیچ جۆرە جیاوازییەك لەسەر هەر بنەمایەكی چین و ئاست و توێژ یاخود ڕەگەز.
ئافرەتی كورد بەدرێژایی مێژوو لە كاتێكدا وەك تاكێكی نەتەوەكەی چەوسانەوەی نەتەوەیی لەسەربووە لەهەمان كاتدا ستەمی كۆمەڵایەتیشی لەسەربووە، ئەم چەوسانەوە سیاسی و كۆمەڵایەتییە نەیانتوانیوە ئافرەتی كورد دورەپەرێز بكەن لەخەبات بۆ رزگاری نەتەوە و خەبات بۆچەسپاندنی یەكسانیی رەگەزی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەرزی هۆشیاریی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و گیانی بەرەنگاریی ئافرەتی كورد كە لە چەندین فۆرم و لە چەندین نمونەدا خۆی بەرجەستە دەكات .
لێرەدا تیشك دەخەمە سەر ڕۆحی بەرەنگاری و هۆشیاری نەتەوەیی ئافرەتی كورد لە نمونەی یەكێك لە ئایكۆنەكانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی كورد و تێكۆشەرێك لە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە شەهید (لەیلا قاسم)ە، ئەو كچە كوردەی كە لە پێناو رزگاری نەتەوەكەی دا سەرەڕای ئاستەنگە كۆمەڵایەتی و كلتورییەكان بەوپەڕی هەستكردن بە گیانی بەرپرسیاریەتی بە تێكۆشان و چالاكی سیاسی بەشداریی كارای بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەكەی دەكات و لە بەردەم یەكێك لە ستەمكارترین دەسەڵاتەكانی ئەو كاتدا دەوەستێتەوە و بێ گوێدانە زۆرداری ڕژێمی دەسەڵاتدار، ئازا و ئازاد، ئازا لە ئیرادە و بڕیار، ئازاد لە كۆت و بەندی كۆمەڵایەتی و پێوەری ڕەگەزی، لەناو جەرگەی دەسەڵاتی ڕژێمدا چالاكی سیاسی دەكات و دوای دەستگیركردنیشی زیندان و ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی زۆر، نەیانتوانیوە توانا و ئیرادەی بڕیاردانی بشكێنن و سازشی لە بیروباوەرەكەی پێ بكەن.
لە نموونەی لەیلا قاسمدا ڕۆحی باڵای ئافرەتی كورد كە قوربانی بە خۆی دەدات لە پێناو ژیان و ئازادی و شوناسی نەتەوەكەیدا بەرجەستە دەبێت. لەیلا قاسم شوناسی مێینە بە چەمكەكانی هۆشیاری و ئازایەتی و تەسلیم نەبوون و بەرەنگاری دەدات و لە پێناو ئازادی نەتەوەكەیدا دەچێتە ژوانی مەرگ. بە شكۆ و بە باوەڕی بەهێزەوە بە سرودی نەتەوەیی بەرەو پەتی سێدارە دەچێت و دەبێتە نموونە، نەك تەنها بۆ ئافرەت بەڵكو بۆ نەتەوەكەی و پێشەنگ بۆ ئەو ئافرەتای كە پشت لە نەریتی باو و ڕوو لە ئازادی نەتەوە و ئازادی ئافرەت بەرەنگاری داگیركەر و نۆرمی باو دەبنەوە. یادكردنەوەی لەیلا قاسم گوڕ و تین دەبەخشێت بە نەوەكانی ئێستا و داهاتوو گیانی بەرەنگاری و كۆڵنەدان لەم نموونەیەدا گەشە دەكات.
هیچ ستایشێك ناتوانێت گوزارشت لە ئازایەتی لەیلا قاسم بكات و دەقێك نییە لە ئاست ئەم هەستكردن بە بەرپرسیارییەتییە و هەستێك ناتوانێ هەست بەو ئازارە بكات كە چەشتوویەتی و تەنها بە وەفاداری بۆ بیر و باوەڕەكەی و تەواو كردنی ڕێگاكەی دەتوانین پاداشتی بكەینەوە. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بكەین بەو بزاڤەی كە زەمینەی ڕەخساند لە بارودۆخێكی لەوجۆرە و لەو ژینگە كۆمەڵایەتییە نەریتگەرا و ڕەگەزسالارەدا ئافرەتێك بەو شێوەیە وەك چالاك و تێكۆشەرێكی سیاسی دەربكەوێ و هەڵبكەوێ، كە شانازییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەش ئەوپەڕی دیموكراسیخوازی و پێشكەوتوویی ئەو پارتە و یەكسانیخوازی و ئازادیخوازی و مرۆڤ سالاری ئەو بزاڤە ڕزگاریخوازە دەردەخات، كە (بارزانی نەمر) ڕابەری بوو.









