(سیگۆشەی بەڕمۆدا)، بریتییە لە ناوچەیەكی جوگرافی و لەسەر شێوەی سێگۆشەیەكی سێ لا یەكسانە و درێژی هەر لایەكیشی دەگاتە 1500 كم و رووبەریشی 1 ملیۆن كم چوارگۆشەیە، دەكەوێتە نێوان دوورگەكانی (بەڕمۆدا و پۆرتەریكۆ و فۆڕت لۆدەردیڵ لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكیەوە).
چەندین چیرۆك و ئەفسانە لەنێو چەندین بابەت و گوتار و گتێب و گۆڤار و رۆژنامەو و بەرنامەی رادیۆیی و تەلەڤزیۆنی لەبارەیەوە نووسراوەو بەرهەمهاتووەو بە چەندین ناوی سەیر ئاماژەی پێدراوە، وەك (سیگۆشەی شەیتان) یان (بنكەی نهێنی UFO یەكان)، گوایە چەندین فرۆكەو كەشتی دەریایی لەو شوێنەداو هەتا هەتایە ونبوونە، بەڵام سەرژمێرییەكانی دەزگا زانستی و ئاسایشییەكانی ئەمریكا وەك (ناسا) و دەزگای (ئێشكگری كەناریی ئەمریكی) تاوەكو ئێستا هیچ تۆمارێكی نا ئاسایی و لە ناسروشتی دەربارەی ونبوونی فڕۆكەو نقومبوونی كەشتییان تۆمار نەكردووە، بەڵكو رووداوەكانی نقومبوون و كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكان لەنێو ناوچەی ناسراو بە سێگۆشەی بەڕمۆدا هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبووە لەگەڵ تەواوی رووبەرە دەریایی و زەریاییەكانی دیكەی جیهانیدا.
بۆیە چەندین بەرنامەی دیكۆمینتاری كە لەو ناوچەیەدا ئەنجام دراون هیچ جۆرە حاڵەتێكی نائاسایی وەك بوونی بنكەی دەفرە فڕیوەكان .. هێزی ناسروشتی و نادیار.. بوونی بنكەیەك بۆ گیان و شەیتانە شەڕانگێزەكانیان لەم ناوچەیەدا نەدۆزیوەتەوە، پاشان چەندین ئاژانسی فڕین و دەریاوانی دانیان بە روودانی چەند هەڵەیەكی مرۆیی بە پلەی یەكەم نەناوە، بەڵام وەك زۆرێك لە ناوچەكانی جیهاندا، چەند هۆكارێكی سروشتی وەك، روودانی گێژەڵووكەی لەناكاو و نادیار یاخود كاریگەری ناسراو بە تەقینەوەكانی هایدرایتی گازی میتان لەوێ تۆماركراوەو بەردەوامیش تۆمار دەكرێت، ئەمەش لەسەر شێوەی بڵقی گازی زۆر گەورە لە ناخی زەوی و لەڕێگای چەند درزێكی ژێر زەمینی قوڵ لە بنكەی دەریادا دەردرچن و كاتێك سەر دەكەون رەنگی ئاوەكە دەگۆڕن بۆ سپی و هەڵبەزین و دابەزینی وا دروستدەكات كە بە ئاسانی كەشتییەكانی ئەو كاتە وەربگەڕێنی و نقومیان بكات بێ هیچ ئاگاداربوونێكی پێشوەختانە، خودی ئەم دیاردەیەش ناسراوە بە (گڕكانە قوڕینیەەكان) و لەم بارەیەوەش (كەناری رۆژهەڵاتی ئەمریكا) بە یەكێك لەناوچە هەرە دەوڵەمەندەكانی بوونی هایدرایت لە جیهاندا دەژمێردرێت.
جێگای ئاماژەیە كەوا (ئێدوارد ڤان وینكڵ جۆنز) یەكەم كەس بوو كە پڕوپاگندەی ونبوونی لەناكاوی كەشتی و فڕۆكە لە بەڕمۆدا لە 16 ی ئەیلولی ساڵی 1950 و لە گۆڤاری (ئەسۆشیێتد پرێس) ی ئەوكاتەدا بڵاوكردەوەو دوای دوو ساڵ و لە تشرینی یەكەمی 1952 دا، هەمان جۆرە بابەت بە قەڵەمی (جۆرج ئێكس ساند) لە گۆڤاری FATE و بەناونیشانی Sea Mystery at Our Back Door واتە (نهێنییەكی دەریایی لە دەرگاكانی دواوەومان) بڵاوكرایەوە كە باسی لە ونبوونی چەندین كەشتی و فڕۆكە دەكرد لە بەرمۆدا لەوانە گەشتی ژمارە 19ی تایبەت بە 5 فڕۆكەی بۆمبهاوێژی ئەمریكی.
ئەوەی سەیرە و جێگای تێڕامانە كەوا بەدێژایی حەفتایەكانی سەدەی 20 بیستەم تاوەكو ئێستا تەنانەت یەك رووداوی تەم و مژاویی ونبوونی كەشتییەك یان فڕۆكەیەك لەنێو بەڕمۆدا وە تۆمارنەكراوە! ، بێ گومان ئەو پانتاییەی ناوچەی (سیگۆشەی بەڕمۆدا) ش تا ئەمڕۆكە چەندین هێڵی ئاسمانی و دەریاوانیشی بەسەر و نێویدا دەڕوات، كەوابوو سێگۆشەی بەڕمۆدا وەكو كۆتاییهاتنی دونیا لە 2012 و دەركەوتنی یوفۆ یەكان لە خەیاڵ و پڕوپاگندە بەولاوە هیچی دیكە نییە.
ئا: ئەژی چەتۆ حەسەن









