سازان وەهاب
سەرهەڵدانی‮ ‬داعش لە ناوچەكە،‮ ‬دەرفەتێكی‮ ‬باشتر بوو بۆ ئێران تا هەیمەنەی‮ ‬سیاسی‮ ‬و سەربازی‮ ‬خۆی‮ ‬بەهێزتر بكات،‮ ‬زۆر هێز لە عێراق و سوریا دروستكران و دامەزرێنرانەوە لە پاڵ هێزەكانی‮ ‬ئێران و پاڵپشتی‮ ‬دارایی‮ ‬و سەربازی‮ ‬كران‮. ‬بەتایبەتی‮ ‬لە عێراق‮. ‬بەڵام لە كۆتاییدا ئەمەریكا وەك رایگەیاندوە،‮ ‬ئیتر كاتی‮ ‬كۆتاییهێنانی‮ ‬ئەم هەیمەنە سەربازییەی‮ ‬ئێرانە لە ناوچەكە‮! ‬پرسیاری‮ ‬گرنگیش لە ناوەندی‮ ‬گفتوگۆی‮ ‬سیاسی‮ ‬و میدیایی‮ ‬و دامەزراوەكانی‮ ‬تایبەت بە توێژینەوە،‮ ‬ئەوەیە عێراق چەقی‮ ‬ململانێیەكەیە‮ ‬یاخود تەواوی‮ ‬رۆژهەڵاتی‮ ‬ناوەڕاست؟

عێراق وەك وڵاتێكی‮ ‬تەسلیمكراو بە ئێران،‮ ‬بەشێكی‮ ‬گرنگی‮ ‬ئەو ململانێیە نەك چەقی‮ ‬ململانێیەكە،‮ ‬وڵاتێكی‮ ‬پێشێلكراوی‮ ‬سەروەرییە و بە ئاستێك توانای‮ ‬راگرتنی‮ ‬هاوسەنگی‮ ‬و مامەڵەی‮ ‬دیپلۆماسی‮ ‬و سیاسی‮ ‬و ئیدارەدانی‮ ‬ململانێیە هەرێمایەتی‮ ‬نییە،‮ ‬كە جێگەی‮ ‬تانە لێدان نییە،‮ ‬ئەوەندەی‮ ‬جێگەی‮ ‬پێكەنینە ئەگەر وەك هەندێك شرۆڤەكاری‮ ‬سیاسی‮ ‬عێراقیەكان بۆ پۆشینی‮ ‬ئەو لاوازییە بەرپرسانی‮ ‬وڵاتەكەیان وەك كارەكتەری‮ ‬سەرەكی‮ ‬نێو پرۆسەكە وێنا دەكەن‮.‬

لە عێراق،‮ ‬هێزی‮ ‬سەربازی‮ ‬ئەمریكی‮ ‬و ئێرانی‮ ‬بە ئاشكرا هەن،‮ ‬باس لەوەش دەكرێت كە سەكۆی‮ ‬موشەكی‮ ‬ئێرانی‮ ‬لە عێراق جێگیركراوە،‮ ‬فڕۆكەخانەی‮ ‬نەجەفیش لەژێر كۆنترۆڵی‮ ‬ئێرانە‮! ‬رۆژانە بەرپرسانی‮ ‬سەربازی‮ ‬ئێرانی‮ ‬بە ئاشكرا ئەمە دووپات دەكەنەوە،‮ ‬عێراق دەروازەی‮ ‬هێزەكانیانە بۆ ناوچەكە،‮ ‬ئەمەریكایش و سعودییە و توركیا ئەم راستییە باش دەزانن كە بەرپرسانی‮ ‬عێراقی‮ ‬خاوەن ئەو ئیرادەیە نین پارێزگاری‮ ‬لەسەروەری‮ ‬خاك و وڵاتیان بكەن،‮ ‬بەڵكو هەمیشە وەك ملكەچ بوو‮ ‬یاخود وەك دەوڵەتێكی‮ ‬داگیركراو مامەڵە دەكەن‮.‬

وەزیری‮ ‬بەرگری‮ ‬ئەمەریكا پاتریك شاناهان بە فەرمی‮ ‬ناردنی‮ ‬كەشتی‮ ‬فڕۆگەهەڵگری‮ ‬وڵاتەكەی‮ ‬بەناوی‮ ‬ئەبراهام لینكۆڵن‮ ‬و موشەكە دوورهاوێژەكانی‮ ‬بۆ رۆژهەڵاتی‮ ‬ناوەڕاست راگەیاند‮. ‬ئەمە ئەگەر وەك دەگوترێت ئامادەكاری‮ ‬بێت بۆ ئەگەری‮ ‬هێرشەكانی‮ ‬سوپای‮ ‬پاسداران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی‮ ‬ئەمەریكا لە ناوچەكە،‮ ‬ئەوا دەبێت زۆرترین چاو لەسەر هەڵوێست و بڕیاری‮ ‬عێراق بێت،‮ ‬ئاخۆ لەبەردەم ئەم ئەگەرەدا چۆن مامەڵە دەكات؟ بەوشێوەی‮ ‬هەیە ئەوا زێدەتر بەلای‮ ‬ئێرانەوە شكاوە،‮ ‬ئەمەریكایش ئەم بابەتەی‮ ‬بەلاوە‮ ‬یەكلایی‮ ‬بووەتەوە بەرپرسانی‮ ‬عێراقی‮ ‬ناتوانن بەبێ ئێران هیچ بڕیارێك بدەن‮. ‬بەڵام ئەگەر هێرشكردنە سەر هێزە ئێرانیەكان لە دەرەوەی‮ ‬وڵاتەكەی‮ ‬بووە ئەمری‮ ‬واقیع وەك هەندێكجار لەسوریا و چەند وڵاتێكی‮ ‬دیكە روویاندا،‮ ‬عێراق توانای‮ ‬ئەوەی‮ ‬هەیە مامەڵەیەكی‮ ‬وا بكات زیانەكانی‮ ‬لەسەر كەم بێتەوە؟ بێگومان نەخێر،‮ ‬چونكە دوای2011 و كشانەوەی‮ ‬هێزەكانی‮ ‬ئەمەریكا لە عێراق،‮ ‬جێگەی‮ ‬هێزە ئێرانیەكان خۆشتر و پتەوتر بوو،‮ ‬بۆیە دەگوترێت ئێران بەرپرسانی‮ ‬عێراق و حكومەتی‮ ‬عێراقی‮ ‬وەك كارتێك بەرامبەر ئەمەریكا بەكاردەهێنێت،‮ ‬كەواتە عێراق و بەرپرسەكانی‮ ‬هیچ میحوەرێكی‮ ‬گرنگ نین لەو ململانێە بەڵكو بەكارهێنەرن‮.

‬هەروەك لە سزا ئابورییەكانی‮ ‬ئەمەریكا لەسەر ئێران بەدیاركەوت،‮ ‬كە تائێستا عێراق و بەرپرسەكانی‮ ‬نازانن چۆن بەچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەدا بكەن‮.‬
كورد زۆر پێداگیری‮ ‬لەسەر ئەوە دەكرد،‮ ‬عێراق وڵاتێكی‮ ‬بێ سەروەریە و خاوەنی‮ ‬ئیرادەی‮ ‬خۆی‮ ‬نییە و تەنیا وەك وڵاتێكی‮ ‬بەكارهێنەر بۆ ململانێیەكانی‮ ‬نێوان ئەمەریكا و ئێران،‮ ‬سعودییە و ئێران و دەوڵەتانی‮ ‬دیكەی‮ ‬عەرەبی‮ ‬بەكاردەهێنرێت،‮ ‬بەڵام ئەمەریكی‮ ‬و بەرپرسەكانیان تایبەت بە دۆسیەی‮ ‬عێراق خوێندنەوەی‮ ‬زۆر بەهێزیان نەبوو،‮ ‬كە تەسلیمكردنی‮ ‬عێراق بەمشێوەیە ئایندەی‮ ‬ململانێیەكان بە قازانجی‮ ‬ئێران دەشكێتەوە‮. ‬بەتایبەتی‮ ‬ئەو كارتەی‮ ‬سعودییە كە ئەمریكیەكانیش بەكاریانهێنا بۆ سرنجراكێشانی‮ ‬بەرپرسانی‮ ‬عێراقی‮ ‬بەلای‮ ‬سعودییە و پەیوەندی‮ ‬و بازرگانیەكان كارتێكی‮ ‬سوتاو بوو‮.‬

بۆیە ئێستا عێراق لەنێو كەشتیەكەیە‮ ‬ئەبراهام لینكۆڵن‮‬ی‮ ‬ئەمەریكایە،‮ ‬ئاخۆ لەنێو كەشتیەكەدا بەم شەرمنی‮ ‬و بێ ئیرادەیە دەمێنێتەوە و دەبێتە لایەنگری‮ ‬بەناو‮ ‬سەقامگیری‮ ‬ناوچەكە‮ ‬یاخود لەپاڵ تەسلیمبوونی‮ ‬ئێران دەبێت و چاوی‮ ‬دەبڕێتە ئەو كەشتیەی‮ ‬كە رۆژگارێك‮ ‬یارمەتیدەری‮ ‬بووە بۆ رزگاربوونی‮ ‬لە دیكتاتۆریەت؟
ئەم پرسیارە وەڵامدانەوەی‮ ‬ئاسانە،‮ ‬چونكە واقیعی‮ ‬عێراق وایە،‮ ‬وڵاتێكە تەنیا بە رووكەش و ناو لەسەر نەخشە وەك كیانێك سەیر دەكرێت،‮ ‬وەكوتر بەشێكە لەو چوارچێوە سیاسی‮ ‬و سەربازی‮ ‬و ئابورییەی‮ ‬ئێران لەناوچەكە پیادەی‮ ‬دەكات و بەكاریدەهێنێت‮.‬