دوای لەناوچوونی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش لە سوریا و عێراق، بەپێی چەند سەرچاوەیەكی هەواڵ و راپۆرتی رێكخراوە مرۆییەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ئێستادا 37 هەزار كەس و لەنێویشیاندا زیاتر لە 4000 ژن لەو كەمپانە نیشتەجێ كراون، كە بۆ ژن و منداڵانی داعش ئامادەكراون و لەژێر چاودێرییەكی توندی ئەمنیدا دەژین.
ئا: سەردار حوسێن
ژنانی داعش بەشێكیان لە وڵاتانی عەرەبییەوە روویان لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش كردووە و ژیانیان لەگەڵ چەكدارانی داعش هەڵبژاردووە و بەشێكیشیان لە وڵاتانی ئەورووپا و رۆژئاواوە هاتوون، بەڵام لە هەردوو حاڵەت و بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان كەمترین رفاندنی ژنان هەیە و زۆرینەیان بە ئارەزووی خۆیان و بەشێكیشیان بەبێ رەزامەندی كەسوكاریان روویان لە سوریا و عیراق كردووە.
شەمیمە بیگۆم، ئەو كچە بەرەگەز بەریتانیەی ماوەیەك بەر لە ئێستا تاكە كچەكەی لەدەستدا كە لە هاوسەرە بەڕەگەز بەریتانییەكەی لەدایكببوو، بەوپێیەی باوكی منداڵەكەی چەكداری داعش بووە، هیچ وڵاتێك ئامادەنییە بیگرێتە خۆی و بەنگلادیش ئەو وڵاتەی كە باوكی شەمیمە خاوەنی رەگەزنامەكەیەتی، یەكێكە لەو وڵاتانەی شەمیمە پەنای بۆ بردووە، بەڵام ئەبولكەلام عەبدولموئمن وەزیری كاروباری دەرەوەی بەنگلادیش لە نوێترین لێدوانی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: شەمیمە بینگوم هاووڵاتی بەنگالی نییە و هەركاتێك رووبكاتەوە ئەو وڵاتەی ئێمە، جگە لە پەتی سێدارە هیچ شتێكی دیكە چاوەڕوانی ناكات.
ئەبولكەلام عەبدولموئمن دەشڵێت: شەمیمە پێشتر داوای رەگەزنامەی بەنگلادیشی نەكردووە، هەرچەند باوكی بەرەگەز بەنگالییە، بەڵام ئێمە بڕیارێكی جێگیر و نەگۆڕاومان سەبارەت بە داعش و هاوپەیمانەكانی هەیە، بەهەموو جۆرێك دەمانەوێ لەناویان ببەین، ئەو كچەش هەركات روو لە وڵاتی ئێمە بكات بەدڵنیاییەوە دوای دادگاییكردن وەك هەر كەسێكی ناو داعش مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و سزاكەیشی پەتی سێدارەیە.
بەپێی هەندێك لە سەرچاوەكانی هەواڵ ئەو ژمارە ژن و منداڵەی لەدوای كەوتنی داعش روویان لە كەمپی هول كردووە لە پارێزگای حەسەكەی سوریا، زیاتر لە 37 هەزار كەسە، لەگەڵ ئەوانەیشدا نزیكەی 4000 چەكداری داعش هەن و هەندێكیان لەنێو خەڵكی سڤیل خۆیان حەشاردابوو، هەندێكیشیان بەئاشكرا خۆیان وەك چەكداری داعش بە هێزەكانی سوریای دیموكرات ناساندووە، بەڵام ئەوەی بۆتە باس و پرسێكی هەنووكەیی رێكخراوە مرۆییەكان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش پرسی ژن و منداڵانی داعشە، نەك چەكدارە دەستگیركراو و هەڵاتووەكانی، كە ئەوەیش رای جیاوازی لەسەرە و زۆرینەی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەورووپاش مەترسی ئەوەیان هەیە ئەو ژن و منداڵانە وەك بۆمبی تەقیتكراو ببنە هۆكاری شێواندن و پشێوی ئەمنی وڵاتەكانیان، بۆیەش بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین ئەو هاووڵاتیانەی خۆیان وەربگرنەوە كە لەنێو چەكدارانی داعش بوون.
زیاد سەبسەبی پەرلەمانتاری چیچانی لە ئەنجوومەنی پیرانی رووسیا رایەكی جیاوازی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەنگلادیش هەیە و دەڵێت: ئێستا پێویستە چی بكەین؟ ئەو منداڵانە لەو شوێنەی هەن بەجێبهێلین و چاوەڕێ بكەین تا رێكخراوێكی دیكەی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش درووست دەبێتەوە و دەیانكات بە سەرباز و چەكداری خۆی، یان بیانگوازینەوە بۆ نیشتیمان و رەچەڵەكی خۆیان و لە ژینگەیەكی جیاواز لە كوشتن و سەربڕین و دڕندایەتی باوكانیان پەروەردە بكرێن؟! كە دڵنیاشم ئەوانە بەوپێیەی منداڵن زوو دەگۆڕێن و دەبنەوە كەسانی ئاسایی و دوور لەو رێچكەی باوكەكانیان گرتبوویانەبەر.
روری ستیوارت وەزیری كاروباری گەشەپێدانی بەریتانی پێشتر رایگەیاندبوو كە باشترین رێگا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بەریتانیاییانەی چوونەتە ناو داعش ئەوەیە، هەرجارێك یەكێكیان روو لە بەریتانیا بكاتەوە، بكوژرێت. لەبەرانبەریشدا وڵاتەكەی ستیوارت تا رادەیەك ئاسانكاری بۆ ئەو منداڵانە كردووە بە رەچەڵەك بەریتانین و هەندێكیانیانی بدۆتە خانەی چاودێری بێنەوایان و هەندێكیشیان گەڕاونەتەوە ناو كەسوكاریان.
هانز جۆرج ماسین سەرۆكی هەواڵگری ناوخۆیی ئەڵمانیا لەبارەی ئەو منداڵانەوە بە رۆیتەرزی گوتووە: ئەو منداڵانەی لەدوای چەكدارانی داعش بەجێماون، بەجۆرێك مێشكیان شووراوەتەوەو لە ژینگەیەكی وەها پەروەردەكراون پڕیەتی لە كوشتن و سەربڕین و توندوتیژی، بۆیە ئەوانە وەك بۆمبی تەوقیتكراون و هەركاتێك ئەگەری كاری تیرۆریستی و تەقینەوەیان لێ دەكرێت.
ئیكتارینا سوكیریانسكایا بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەو رێگریكردن لە ململانێكان دەڵێت: ئەو كچ و ژنە موسوڵمانە روسیاییانەی لەگەڵ هاوسەرەكانیان رۆیشتوون بۆ عیراق و سوریا یاخود بە مەبەستی هاوسەرگیری روویان لە دەوڵەتی تیرۆیستی داعش كردووە لە شام، گرفتێكی دیكەمان بۆ درووست دەكات كە چۆن جارێكی دیكە نیشتەجێی وڵاتەكەمانیان بكەینەوە.
ئیكتارینا دەشڵێت: مەرج نییە ئەو ژنانە هەموویان چەكداری داعش بووبن یان بەشداری شەڕەكانیان كردبێت و لە مەیدانەكانی جەنگدا ژیابن، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نایەت كە توندڕەو نەبن و مەترسی كاری تیرۆیستییان لێ نەكرێت، نابێ پێمانوابێت ئەو ژنانە پشتیوان و پاڵپشتیكاری چەكدارەكانی داعش نەبووبن، بێگومان پشتگیری دەوڵەتی تیرۆریستی خەلافەتەكەی ئەبوبەكر بەغدادیان كردووەو سەرسامی سیاسەتە دڕندانەكەی ئەو بوونە، بەڵام ئەگەر وەك هاونیشتیمانی بەرەچەڵەك رووسیایی وەریانبگرینەوە، دەبێ رێگەچارەیەكیان بۆ بدۆزرێتەوەو تا ماوەیەكی یەكجار زۆریش پێویستە لەژێر چاودێری توندی ئەمنی و هەواڵگریدا بن.
رەنگە باشترین نموونەی ئەو كچە رووسیانەی چوونەتە ناو رێكخراوی تیرۆریستی داعش هافا بیترمرزاییفا بێت، ئەو كچە تەمەن 22 ساڵانەی لە چیچیانەوە روویكردۆتە نێو داعش تا هاوسەرگیری لەگەڵ چەكدارێكی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە بكات.
هافا بیترمرزاییفا دوای ئەوەی لە گوندی جیكی كۆماری چیچیانەوەو لە ماڵی باوكی هەڵدێت راستەوخۆ روودەكاتە نێو چەكدارانی داعش و هاوسەرگیری لەگەڵ یەكێك لەو چەكدارانە دەكات كە پێشتر لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ناسیبووی، ئەو لە ساڵی 2015 هاوسەرگیری لەگەڵ دەستگیرانە داعشەكەی دەكات و لە ئێستا بەتەنها لە كەپێكی نزیك رەققەی پایتەختی داعش لە سوریا ماوەتەوەو خاوەنی كوڕێكە.
ئەو كچە رووسیاییە بەرەچەڵەك چیچانییە لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: زۆربەی تەمەنم لەناو داعش لەماڵەكەی خۆم لەگەڵ كوڕەكەم بردۆتەسەر لە رەققەی سوریا، چەكدارەكانی دەوڵەتی خەلافەت بەبەرچاوی خەڵك و لەسەر شەقامەكان حوكمە ئایینییەكانیان جێبەجێ دەكرد، لەسێدارەدان و سەربڕین و بەردبارانكردن لەكاتی تاوانەكانی كوشتن و زیانكردن زۆر ئاسایی بوون و بەبەرچاوی خەڵكەوە جێبەجێ دەكران، بەڵام من هیچێك لەو كارانەم نەكردووە.
هافا پەشیمان نییە لەوەی چۆتە نێو چەكدارانی داعش و لەبارودۆخی ئێستاشی رازییە، ئەو لەم دیدارە رۆژنامەوانییە دەشڵێت: ئەمجارەیان خوا سەركەوتنی بە قسمەت نەكردبووم، هەموو ئەوەی روویداوە خوا دیاریكردووە و ئەگەر پەشیمان ببمەوە بەواتای نارازیبوون بە فەرمانی خوا دێت.
رێكخراوی Save the Children جیهانی لە راپۆرتێكی خۆیدا ئاماژە بەوە دەكات كە لە ئێستادا زیاتر لە 2500 منداڵی داعش لە چەند كەمپێكی جیاجیادا لە سوریا دەژین و هەندێكیان تەمەنیان چەند حەفتە و مانگێك دەبێت.
ئەو رێكخراوە جیهانییە كە تایبەتە بە پاراستنی منداڵان دەشڵێت: منداڵەكان لە 30 رەچەڵەك و خاوەنی رەگەزنامەی چەندین وڵاتی رۆژئاوا و ئەورووپان، پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێتەوەو چارەسەرێكیان بۆ بدۆزرێتەوە، چونكە ئەو منداڵانە لە بارودۆخێكی ناهەموار و پڕ لە توندوتیژی و كوشتن و خوێن ژیاون، پێویستیان بە چارەسەری دەروونی و مەعنەوی هەیە.
ژمارەیەك لە میدیاكار و رۆژنامەنووسانی ئاژانسە هەواڵییەكانی جیهان، كە سەردانی كەمپی ئەو ژن و منداڵانەیان كردووە، باس لەوە دەكەن كە ژنانی بەجێماوی داعش هێشتا خاوەنی بیری توندڕەوین و تەنانەت بینیوویانە چۆن پەلاماری ئەو كارمەندانەی رێكخراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتیانە دەدەن، كە بۆ هاوكاری ئەوان سەردانی ئەو كەمپانە دەكەن. یەكێك لەو ئافرەتە چالاكوانە سوریاییانەی كە لە رێكخراوێكی پاراستنی ژن و منداڵە بێ سەرپەرشتەكان كار دەكات، دەڵێت: ئێمە بۆ سەردانی ئەو كەمپانە چووین تا هاوكارییان بكەین، بەڵام ئەوان پەلاماریان داین و ئێمەیان بە كافر دادەنا، چونكە سەرپۆشمان لەسەر نەبوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رێكخراوە مرۆییە نێو دەوڵەتییەكان لە راپۆرتەكانیاندا ئاماژەیان پێكردووە، بەشێكی ئەو منداڵانەی لەدوای كەوتنی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش بەجێماون، هیچ ناسنامەیەكیان نییە، نازاندرێت ئەو منداڵانە بە رەچەڵەك سوریایین یان عیراقی، چونكە باوكەكانیان نادیارن و هیچ بنەمایەكیش نییە بۆ تۆماركردنیان بەناوی كەسێكی دیاریكراو، تەنانەت بەشێكی ئەو منداڵانە خۆیشیان باوكی خۆیان نەبینیووە و نازانن منداڵی كێن و لە چاوەڕوانی ئاییندەیەكی نادیاردا دەژین.
سهرهتا بهدواداچوون ژن و منداڵانی داعش… بۆمبی تەوقیتكراون یان قوربانیی دەستی دڕندەكان..؟!









