چاودێرێك
راستە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دواكەوت، بۆیەش پێویستە هاووڵاتییانی كوردستان بەشێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی حكوومەت بزانن بۆ ئەوەی بە ئاسانی بە پڕوپاگەندەی هەندێك بەناو سیاسەتوانۆكەی تووتی ئاسا بڕوا نەكەن، كە بە ئارەزووی خۆیان و دوور لە ئەتەكێتی سیاسی، بە دڵی ئاغاكانیان قسە لەسەر پرسگەلێكی گرنگیی كوردستان دەكەن، بەتایبەتی ئەو سیاسەتوانۆكانەی لەم قۆناغەدا لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت قسە دەكەن، بەشی زۆریان هێندەی بەدوای دروستكردنی ئاژاوە و فیتنەگەری دەگەڕێن، بەڵكوو چارەگی ئەوە هەوڵی ئاشتەوایی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان نادەن و بەپێچەوانەوە بە نەرێنی كار لەسەر سایكۆلۆژییەتی كۆمەڵگە دەكەن.
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، یەكێك لەوانەی ناو گرووپە قسەكەرەكانی یەكێتی، ئەو گرووپەی خۆیان لە لێدوانی لۆژیكی و راستگۆیانە بە دوور دەگرن و پەنا بۆ قسەگەلێكی ئەوتۆ دەبەن كە نەك هەر هاووڵاتییان تەنانەت خۆشیان باوەڕیان بە قسەی خۆیان نییە، بەتایبەتی لە پرسی پێكهێنانی حكوومەت و رەخنەگرتن لە پارتی. كاك ئارێز لە تازەترین لێدوانیدا دەڵێت: ئەگەر كێشەی ناوخۆیی پارتی نەبووایە دەمێك بوو حكوومەت پێكهاتبوو. ئەم قسەیە رێك پێچەوانەكەی راستە، ئەگەر گرووپەكەی ناو حزبەكەی ناوبراو نەبووایە، دەمێك بوو حكوومەت پێكهاتبوو، نەك خەتای پارتی بێت، خەڵكی كوردستان و خودی كاك ئارێزیش دەزانن كە پارتی لە پرسی پێكهێنانی حكوومەتدا زۆر جدییە، ئەوە ئەو گرووپەی ناو حزبەكەی ناوبراون، كێشە دروستدەكەن و هەر كاتێكیش گفتوگۆكان بە ئاڕاستەی ئەرێنیدا بچێت، ئەو گرووپەی كاك ئارێزەكان، قسەی نەرێنی دەكەن بە مەبەستی تێكدانی رەوتی دانوستانەكان. هەڵبەت لێرەدا باسی گرووپێكی ناو یەكێتی دەكەین، نەك یەكێتی وەك حزب. چونكە ئاشكرایە یەكێتی دووچاری چ باڵباڵێنێكك بووەتەوە و هەموو باڵەكانیشی دژی یەكتری كار دەكەن و ئەوەش كاریگەری لەسەر رەوتی گفتوگۆكانیش دروستكردووە.
ئارێز عەبدوڵڵا وەك ئەوەی لە شوێنێكی تر هاتبێت و ئاگاداری ژمارەی كورسی حزبەكانی كوردستان نەبێت، دەڵێت: پێویستە پارتی رێگە بدات یەكێتی حكوومەت پێكهێنێت. ئەم قسەیەی رێك كۆمێدیایە، بەوەی تەنانەت هەرزەكارێكی ناو حزبێكی سیاسی، پەنا بۆ ئەو جۆرە قسە نالۆژیكییە نابێت، چ جای ئەندامێكی سەركردایەتی حزبێك بیكات! ئاخر هێندە بازاڕییە، كە پێویست بوو دوای بڵاوبوونەوەی تەنانەت داوای لێبووردنیش بكات نەك شانازی بەو كۆمێدیایەوە بكات. پارتی 45 كورسی هەیە و یەكێتیش 21 كورسی، واتە تەنیا كورسییە زیادەكانی پارتی، ژمارەیان لەو كورسییانەی كە یەكێتی هەیەتی، هێشتا زیاترن، واتە پارتی نەك هەر لەگەڵ یەكێتی یەكسان نییە، بەڵكوو 24 كورسیشی زیاترە. كەوایە بە چ مافێكی یاسایی ئارێز عەبدوڵڵا داوا دەكات یەكێتی حكوومەت پێكبهێنێت! بەڵام دیارە ئامانجی ئەو قسەیەی هەم خۆدزینەوەیە لە واقیعە سیاسییەكە، هەمیش خەتای گرووپەكەیان دەخاتە ئەستۆی پارتی گوایە حكوومەت پێكناهێنێت.
ئاشكرایە ئەو گرووپەی یەكێتی دەیەوێت نێوانی پارتی و گۆڕان بەهۆی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم تێكبدات، بەوپێیەی ئەو پۆستە دراوەتە گۆڕان، كەچی یەكێتی داوای دەكات، بەڵام ئامادە نییە جێگری سەرۆكی حكوومەت، یان سەرۆكی پەرلەمان بداتە گۆڕان كە مافی گۆڕانە لەو سێ پۆستە یەكێكیان وەربگرێت، چونكە حزبی سێیەمە. كەوایە پێداگری ئەو گرووپەی یەكێتی بۆ ئەوەیە كێشە دروستبكەن بە فیتی ئەجێندای دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
ئارێز عەبدوڵڵا تۆمەتی ئەوەش دەداتە پاڵ پارتی، گوایە كێشەی ناوخۆیی لەناو پارتیدا هەیە، بۆیە پێكهێنانی حكوومەت دواكەوتووە. دیقەت بدەن، ناوبراو لە چاو ئەو لێشاوە زۆرەی كێشە و ململانێ و باڵباڵێنەی ناو حزبەكەی خۆیەوە، هاتووە سەیری پارتی دەكات! ئەمەش كۆمێدیایەكی تری قسەی بازاڕیانەی ئەو پیاوەیە و مایەی پێكەنینە. ئاخر ئەو دەزانێت لەناو پارتی كێشەی ناوخۆیی نەبووە و ئەوە تەنیا خەون و خەیاڵی كاك ئارێزەكانە. ئاشكرایە كە پارتی لە ماوەی تەنیا یەك كاتژمێردا توانی دوو كاندیدی خۆی بۆ دوو پۆستی گرنگی كوردستان، واتە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت یەكلا بكاتەوە و هەموو كادیر و ئەندامانی پارتیش بە خودی كاندیدەكانەوە پێشوازیان لەو بڕیارەی سەركردایەتیی پارتی كرد. بەپێچەوانەوە ئەوە حزبەكەی كاك ئارێزە زیاتر لە سێ مانگە ناتوانن تەنیا كاندیدێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان دیاری بكەن بەهۆی ئەوەی سەرجەم باڵەكانی ناو حزبەكەی، داوای ئەو پۆستە دەكەن، ئێ خۆ ناكرێت پەرلەمان چەندان سەرۆكی هەبێت، لەبەر ئەوەی هەموو باڵەكانی یەكێتی داوای ئەو پۆستە دەكەن!









