ئاسۆ جمیل شێخ وەسانی
ڕەنگە لە داهاتوودا عیراق وەكو ئەو عێڕاقەی ئێستا نەبێت، گرووپەكانی (سوننە و سوننە)وە(شیعە و شیعە) یان هەردوو لا پێكەوە ڕووبەڕووی یەكتر ببنەوە و دواتر حكومەتەكەی ئەوان، كە هەتاكو ئێستا، كابینە تەواو نەكراوە بەرەو ئینشیقاق بچێت، لەم سەروبەندەدا ئەگەری كودەتای سەربازیش هەیە. جا ئەگەر كورد لە نێوخۆیاندا یەكگرتوو بن و بتوانن لەگەڵ یەكتری تەبابن و ڕاو ڕاوێژ لە نێوانیان هەبێت، ئەوا دەتوانن دۆخەكە لە بەرژەوەندیی خۆیان تەواو بكەن. هەروەها ئەگەر توركیا بەردەوام بێت و بیەوێت ڕێگری یان كێشە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە دروست بكات، بەتایبەت لە پرسی بەرزاییەكانی (گوڵان) كە لەم ماوەیەدا لە لایەن دۆناڵد تڕامپی سەرۆكی ئەمەریكا سەروەر و بوونی (ئیسڕائیلی)بەسەر ئەوخاكەدا سەپاند كە ڕووبەرەكەی 1800 كلیۆمەترە، ئەوا لەم چوار چێوەیەدا توركیا ڕووبەڕووی شەپۆڵێكی دیكەی گەمارۆی (سیاسی و ئابووری )دەبێتەوە لە لایەن وڵاتی ئەمەریكاوە بە ڕابەرایەتی دۆناڵد تڕامپ. لە ئایندەشدا دوورنییە؟ هێرشی سەربازی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران ئەگەرێكی كراوە دەبێت. پێدەچێت یەكەم هێرشی ئەمەریكا بۆسەر ئێران لە ڕێگای دەریاییەوە بێت لە ڕێگای كەشتییەوە و ئێران بەرەو دۆخێكی ناهەمواری ئابووری و سیاسی وسەربازی ئاراستە ببێت. لەلایەكی دیكەشەوە، دوای هاتنی بەهاری عەرەبی و تێكچوونی بارودۆخی سوریا و خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە،لە ئەنجامدا دوو هێزی تیرۆریستی لەسوریا سەریان هەڵدا (بەرەی نوسرە و خەلافەتی داعش)، لەئاكامدا سوریا بەتەواوەتی وێران بوو. وەك شارەزایان دەڵێن سوریا پێویستی بە دەیان ساڵە بۆ ئەوەی وەك خۆی لێبێتەوە ، كورد لەم وڵاتە، یاخود دروست تر بڵێم ڕۆژئاوای كوردستان (ئەگەر پەكەكە بهێڵێت) بە یەكدەنگی و تەبایی و كاری هاوبەش دەتوانن بوون و مافی خۆیان لەسوریا بسەلمێنن. ئەگەر دۆخەكان لەبار بن و پەكەكە و یەپەگە نەچێتە نێو گەمەی سیاسی بەرەی (ئێران و بەریتانیا و ڕوسیا) ڕەنگە هەرێمێكی سەربەخۆ دروست بێت.









